عەلی زەیدی و مەسرور بارزانی

لەتیف فاتیح
عەلی زەیدی زۆر دیبلۆماسیانەو لە سەر خۆ وەڵامی ترەمپی دایەوەو شكۆی خۆیشی پاراست، ڕاستە هەندێك شیعەی عێراقی توڕەكرد، بەڵام هەنگاوەكانی، شێوازی قسە كردنی، بە جۆرێكن كە شیعە ناتوانن درزو كەلێنی زۆر لە قسەكانیدا بدۆزنەوە، ئەو هەر لە واشنتۆنەوە بڕیاری كۆتای مانگی نۆی بۆ نەهێشتنی میلیشیا دا، بەرلە چونیبۆ ئەمەریكاش لە ڕێگەی خستنە داوی عەدنان جومەیلیەوە ڕاوێكی گەورەی گەندەڵی كردو هێشتاش بەردەوامە، شەوی لێدانی هەولێریش ڕون و ڕەوان قسەی خۆی كرد، عەلی زەیدی لای من پاڵەوان نیە وەك چۆن هیچ یەك لەوانەی عێراقیان بەڕێوە بردوە لە 2003ەوە لای من پاڵەوان نەبونە، ئەمە بۆ هەرێمیش ڕاستە، لێ‌ زەیدی لانی كەم تا ئێستا دەیەوێت خۆی لەوانی تر جیاوازتر نیشانبدات، ئەوەندەی بزانم موچەی كەسی خۆیشی ڕەتكردوەتەوە، ئەگەر نەیكوژن و نەیفریوێنن كاری زیاتریش دەكات .

مەسرور بارزانی 7 ساڵە سەرۆكی حكومەتە، حەوت كەس لە سەر گەندەڵی سزا نەدراوە، پارەی دزراوی میلەت لە حەوت كەس نەسەنراوەتەوە، دەوروبەرەكەی خۆی زۆر دەوڵەمەند تر بوونە لە پێش ئەو حەوت ساڵە، لە سەردەمی ئەودا بە هیچ جۆرێك چاودێری دارای نەما، لەسەردەمی ئەودا پارلەمان چوبە قوڕا، لە سەردەمی ئەودا دۆخی كۆمەڵایەتی ئەوەندە شێواوە هەموو گومانیان لە یەكتر هەیە، زانكۆو مزگەوت و بازاڕو مۆڵ و تیڤی بووە بە شوێنگەی ناوزڕاندن و شكۆ شكاندن، لە سەردەمی ئەودا مرۆڤ لە سەر ڕەخنەش پەلامار دەدرێت، سوكایەتی نەك هەر بە خۆی بە دایك و باوك و خوشك و براشی دەكرێت، لە ڕاستیدا پێچەوانەی ژماردنی دەسكەوت لە ڕوی كۆمەڵایەتیەوە سەردەمی ئەو تاریكترین سەردەمی مێژوی كوردە.

عەلی زەیدی ڕون و ڕەوان دەڵێت دەبێت وڵات یەك سوپای هەبێت و میلیشیای نەبێت، دەڵێت دەبێت چەك لە دەستی سوپادا بێت و كەسی تر نا، دەڵێت نابێت  میلیشیای ئەم و ئەو هەبێت، هەڵبەت مۆڵەتی مەودا داریش دەدات بە میلیشیاو ملهوڕەكان تا خۆیان چارەسەر بكەن، دڵنیام هەر ئەوەندەی پاڵپشتی هەبێت دەتوانێ‌ هەموو ئەوانە بكات كە دەیڵێت، عەلی زەیدی پاڵەوان نیە بەڵام،  دەیەوێت  عێراقێكی جیاواز تر نیشانبدات، عێراق 23ساڵە لەبەردەم دزی و تاڵان و ڕاوە ڕوتایە، عەلی زەیدی ناتوانێ‌ هەموو ئەو برینانە ساڕێژ بكات، بەڵام دەتوانێت بەر بە لەمەودوا بگرێت و هەندێك شكۆش بۆ حوكمداری بگێڕێتەوە .

مەسرور بارزانی تا ئێستا نەیتوانیوە وەك چۆن سەیری دهۆك دەكات سەیری هەڵەبجە بكات، حكومەتەكەی و كابینەكەی بە جیاواز سەیری فەرمانبەرێكی سلێمانی و یەكی هەولێر دەكەن، مەرجیش بۆ هەر كارێك لە ژێر دەسەڵاتی ئەودا بەو جۆرەیە كە لە گەڵ ویستی ئەودا بێتەوە، بارزانی نەیتوانی پێشمەرگە یەك بخات، 35 ساڵە پێشمەرگەی كوردستان پێشمەرگەی حزب و لە ناو حزبا كەسە، سیمای چەكداری لە كوردستان سیمایەكی میلیشیایی هەیە، زۆربەی هێزەكان یەكتر ناخوێننەوە، كێیان بوێت مار هەنجنی دەكەن، كردوشیانە، سوكایەتی یە شەهیدو كەس و كاری شەهیدیش دەكەن كردوشیانە، ئەمەریكاو ئەوروپا دەیانەوێت هێزێكی یەكگرتوی كوردی دروستبكەن، نایكەن و لە بەر خاتری ئێران و توركیا هەر بەو جۆرەی دەهێڵنەوە كە هەیە.

لە ڕاستیدا مەسرور بارزانی دەبێت گوێ‌ لە ڕەخنەگران بگرێت و ماستاو چیان دور بخاتەوە، ماستاوچی و پیاهەڵدەر لە لایەكەوە ماڵی میلەت كاولدەكەن و لەلایەكی تریشەوە وڵات بەڕێوەبەر لەخشتە دەبەن، لەم ڕۆژانە گوێم لە قسەو باسی زۆر ماستاو چی بوو، لە كاتێكا ئەوان سور دەزانن وڵات بەو جۆرە نیە كە ئەوان وێنەكەی نیشاندەدەن، بارزانی با لاسای زەیدی نەكاتەوە، بە بە شوێن پێی ئەودا نەڕوات، با دوو هەنگاوی جیاواز بنێت تا ئێمەش بڵێین لە هەرێمیش كەسێك هەیە جیاوازە .

16/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر