بۆچی ژن سەرەڕای گەیشتنی بەزۆربەی ماف‌و ئازادییەكانی هێشتا ناسنامەی خۆی بەدەست نەهێناوە؟

رووبار مەجید

ئەم پرسیارە جەوهەری ئەو ڕاستیەیە كە ژن سەرەڕای ئەوەی كە زۆربەی ماف و ئازادییەكانی بەدەست هێناوە،  بەڵام تا ئێستا وێڵ  و ونە بە دوای ناسنامە و بوونی خۆیدا، ئەمەش دژایەتییەك دەخوڵقێنێت لە نێوان مافە یاسایی و فەرمییەكانی ژن و هێنانە دیی بونی سەربەخۆی ژن، چونكە لە بار و دۆخێكدا ئەگەر یاساكان وەك پێویست وەڵامدەرەوەی مافەكانی ژن نەبوون، ئەكرێت هەموار بكرێنەوە یان هەڵبوەشێنرێنەوە، بەڵام بۆ بوونی سەربەخۆی ژن و ناسنامە و كەسایەتییەكەی  پێویستە گۆڕانكاریی ڕەگ و ڕیشەیی بێتە دی لە ئاستی هۆشیاریی كۆمەڵگە و پەیوەندییە مرۆڤانەكان و ڕووانینی  ژن بۆ خۆی و بۆ مرۆڤەكانی تر.

لە ڕووی یاساییەوە ژن مافی دەنگدان و كاركردنی بەدەست هێناوە، بەڵام یاساكان لە ناو  ئەو كۆمەڵگەیانەدا بەركارن كە عەقڵییەت و زهنییەتێكی پیاوانە بە درێژایی مێژوو دای مەزراندوون و حوكمیان دەكات، ئەمەش وای كردووە كە سەرەڕای گۆڕانكاری لە یاساكاندا، بەڵام هێشتا كاروانی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی زۆر هێواشترە  لەو هەموار كردن و  گۆڕانكارییانەی كە لە پێناو ژندا لە یاساكاندا دەكرێن، بەمەش وەك بەخشش و ئاسانكاری مامەڵە لەگەڵ مافەكانی ژناندا دەكرێت، نەك وەك ئەوەی بە سروشتی و لە بنەماوە ئەو مافانە بۆ ژن وەك مرۆڤ دەبێت دابین بكرێن و هەبن وەك بەشێكی گرنگ لە بوون و ناسنامەی.

ڕەهەندێكی تری ئەم بابەتە بریتییە لە كێشەی جیاوازیی پێناسەی ژن لە بەرامبەر پیاو دا  كە فەلسەفەی وجودییەت بە درێژایی مێژوو وەك پێوەرێكی ستاندارد و گریمانەیی پیاو دەناسێنێت، لە كاتێكدا ژن دەگەڕێنێتەوە بۆ پیا و و پێناسەیەكی سەربەخۆی ناداتێ، وەك هاوسەر و دایك و كچ و خوشكی پیاو ناویان دەهێنێت، ئەمەش بوونی سەربەخۆ ی ژن دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونكە بوونی ڕاستەقینە واتە بۆ خۆت و لە بەر خۆت هەبیت  نەك پێناسە و ناسنامەت بەهۆی ئەوانی تر و لە چوارچێوەی ڕۆڵ و ئەركەكانت بەرامبەریان دیاری بكرێت. كاتێكیش ژن چووە ناو بازاڕی كار و بواری گشتییەوە بە گوێرەی ڕێسا و بنەما و مەرجەكانی پێوەرە كۆن و سواوەكان بوو، بۆیە پێویست بوو لەسەری كە لە ناو سیستمێكدا لێهاتوویی خۆی بسەلمێنێت كە لە بنەمادا ئەزموونە مرۆڤانە تایبەتییەكانی ژنی تێدا ڕەچاو ناكرێت.

هۆكارێكی تریش بریتییە لەوەی كە ژن بەدەست هێنانی مافەكانی وەك ڕۆتینێك تەماشا دەكات و نایانكات بە تونێلێك بۆ گەیشتن بە ئەو پەڕی ڕێگەی بەدەست هێنانی  كەسایەتی و ناسنامەی خۆی، بەڵكو تەنها وەك هاوكار و هاوبەشێكی خێزان ئەرك دەبینێت، بەڵام ناسنامەكەی وەك خۆیەتی و هەر پاشكۆیە، بۆ نموونە مافی سەربەخۆیی دارایی كە دەرئەنجامی ئەرك و ماندوو بوون و شەو نخوونیی خۆیەتی ناتوانێت لەو ڕێگەیەوە ببێت بە خاوەن بڕیار لە ژیانیدا، چونكە نەریت و عورف و بۆچوونی كۆمەڵگە ئیرادەیان لە ژن وەرگرتۆتەوە، بە جۆرێك ئەگەر ژنێك باری دارایی زۆر باشیش بێت لە بەرامبەر كوڕ یان پیاوێكدا لە ڕووی بڕیار دانەوە هێشتا هەر لاواز ترە، چونكە پیاوەكە خاوەن بڕیارە، بۆ نموونە لە بابەتی هاوسەرگیری دا كە داواكاری لە لایەن پیاوەوەیە. یان ئەگەر بێینە سەر مافی خوێندن ئەگەر كچێك بەرزترین بڕوانامەش بهێنێت و زۆریش ڕۆشنبیر و لێهاتوو بێت لە بوارەكەی خۆیدا هێشتا هەر دەسەڵاتی بڕیاردانی لە هەندێك بابەتدا لە لا نیە بە هۆی ئەو وێنەیەی كە لە سەر ژن لە كۆمەڵگەدا دروست كراوە كە ژن  هەر كەسێک بێت هەر چییەك بێت هەر ژنە .


22/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر