پەكەوتنی حوكمڕانی ئەو كاتە بوو كە پەرلەمان بێچاوڕوو تەمەنی خۆی درێژكردەوە

سەرتپ جەوهەر

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەپێی فەرمانێك لە 28/6/2026 بەنایاسایی و لەجیاتی پەرلەمان، سەرۆكێك یان سەرپەرشتیارێك بۆ چاودێریی دارایی دادەنێت كە پلەی وەزیرە، لەكاتێكدا چاودێریی دارایی دەسەڵاتێكی سەربەخۆی چاودێری سەر بەپەرلەمانەو دامەزراندنی سەرۆكی ئەو دەزگایە بەتەنها لەڕێی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دەبێت و حكومەت ناتوانێت لەوبارەیەوە بڕیاربدات.

لەیاسای ژمارە 2 ساڵی 2008 دەستەی چاودێری داریی بەڕوونی پەیكەربەندیی و دەسەڵات و دانانی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی خراوەتەڕوو. لەماددەی دووەمی یاساكەدا بەڕوونی دەڵێت دەسەڵاتێكی سەربەخۆی دارایی و كارگێڕیی هەیە، لەماددەی سێیەمدا دەڵێت چاودێریی دارایی بەپەرلەمانی كوردستان بەستراوەتەوە. لەماددەی پێنجەمیشدا هاتووە كە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بەزۆرینەی دەنگ لەلایەن پەرلەمان، بەمەرسومێكی هەرێمیی دادەمەزرێت. ئەم دەسەڵاتە بۆخۆی چاودێرە بەسەر حكومەت چۆن دەكرێت سەرۆك یان سەرپەرشتیارەكەی حكومەت دایبنێت.

ئەوەی جێی سەرنجە لەكۆتایی فەرمانەكەی حكومەتدا بەڕوونی ئیعتیراف دەكات كە دانانی سەرۆكی دیوان لەدەسەڵاتی پەرلەمانە نەك حكومەت! ئەمە لەكاتێكدا لەهیچ دەقێكی یاساییشدا باسی سەرپەرشتیار نەكراوەو نییە.

چاودێریی دارایی بۆخۆی دەسەڵاتێكی چاودێرە بەسەر كاروباری دارایی و كارگێڕیی حكومەت و دامودەزگاكانی حوكمڕانیی، نەنگییەكی زۆر گەورەو بەرپەرسیارێتیكی گەورەیان دەكەوێتە ئەستۆ بازبدەن بەسەر یاسا لەكاتێكدا خۆیان وردبینی و پشكنین بۆ كەموكوڕیی و گەندەڵیی دارایی و كارگێڕیی دەكەن و بەفەرمانێكی نایاسایی كاربكەن!

لەكوردستان هەموو دەسەڵاتە چاودێرەكان پەكیان كەوتووە یان لەدەرەوەی یاسا كاردەكەن. پەرلەمان پەكیكەوتووە، دەستەی دەستپاكیی، سەرۆكەكەی زیاتر لە 10 ساڵە ماوەكەی بەسەرچووە. دیوانی چاودێریی دارایی سەر بەپەرلەمانەو سەرۆكی نییەو پەكیكەوتووە. داواكاریی گشتیی لەوانی دیكە باشتر نییەو هەموومان دەزانین لەچ دۆخێكدایە..تد.

ماوەی 4 ساڵە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم بەهۆی خانەنشینبوونی سەرۆكەكەی نیمچە پەككەوتووە، پەرلەمانی كوردستانیش پەكیكەوتووە بۆیە ناتوانرێت سەرۆكێكی نوێ‌ دابنێت. ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بازدانە بەسەر یاساو دەسەڵاتی خۆی، لەباتی پەرلەمانی كوردستان ناتوانێت نە سەرۆك و نە سەرپەرشتیار بۆ راییكردنی كارەكانی چاودێریی دارایی دابنێت.

لەهەرێمی كوردستان دەسەڵاتە سەرەكیەكانی حوكمڕانی ماوەیان بەسەرچووە یان پەكیان كەوتووە. پەككەوتنی حوكمڕانی لەم چەند ساڵە لەورۆژەوە دەستیپێكرد كە خولی رابردووی پەرلەمان بێچاووڕوو ساڵێك ماوەی خۆی درێژكردەوە، بەڵام دادگای دەستوریی عیراق هەڵیوەشاندەوە، ئەمەش عەیبەیەكی گەورەبوو بۆ ئەو خولە.


23/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر