بە یادی كوڕە قشتەكەی كەركوك

لەتیف فاتیح

من كە ترس و نیگەرانی قوڵم هەبوو، لە ژیانی زۆربەی ئەوانەی كە نیشتمانیان زۆر لەو حزبی و دەسەڵاتدارانە خۆشتر دەویست كە لە سەری دەلەوەڕان ، وتم سۆران ماوەیەك بڕۆ ، تەنانەت وتم بڕۆ بۆ توركیا دۆست و ئاشنا زۆرن لە ئەوروپا وا دەكەین دەربچیت ، ئەو ڕۆی بە قسەی كردم ، بەڵام بۆ توركیا نا بۆ ئێران ، دوای ماوەیەكی كەمیش گەڕایەوە بۆ ئەوە ی لە چون و هاتنەكەی توڕە نەبم دیوانی تەواوی شیعریی فەروغی فەروغزادی بۆ هێنابوم ، ئێستا كە سەیری دەكەم نوسراوە بۆ كاك لەتیف ف ، ف ی بەڕێز دیاریە مێژوی ٢٥ی ٦ ی ٢٠٠٨ی لە سەرە ، من لە هاتنەوەی سۆران نەگەیشتم ، لێی نیگەران بووم ، ئاخر ماوەیەك پێش ئەوە،  هەڕەشەی زۆر توند لە منیش كرا ، تەنانەت هەزاران جنێویان بە خۆم و باوكە پێشمەرگە كۆچكردوەكەم و دایكم كە دایكی شەهید بوو دا ، قسەی زۆر ناشرین ، هەڕەشەكەش بێ‌ جنێوەكان  وەك هەڕەشەی كوشتن بوون ، جاری تریش ئەوەم لە گەڵكراو قسە نەما پێمنەڵێن هەواڵەكەش بە كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو كرایەوەو تەنانەت میدیایەكی عەرەبی نوسیبوی كادیری پێشكەوتوی یەكێتی ، ئەو كاتە یەكێتی كە گوایە من كادیری بووم ناهەقی زۆری دەرهەق دەكردم .

سۆران بۆ مردن هاتەوە ، هاتەوە بۆ ئەوەی دەستیان بچێتە خوێنەكەی و بە دەستی خۆكردانە لە شاری كەركوك تیرۆری بكەن ، تیرۆریان كردو بۆ هەتایە منیان لە خوێندنەوەی شیعرەكانی بێبەشكرد كە شەوانە درەنگ بە دەنگی خۆی بۆی دەخوێندمەوە ، هەر شیعرێكی تازەی نووسیبا من لە ئازادی و ئەو لە شۆڕیجە تەلەفونی دەكردو دەیخوێندەوە ، تازەش ئۆتۆمبیلێكی جوانی كڕیبوو، كەمێك زوو تربا لە نیوە شەو، خۆی دەهات بۆ ئازادی و بۆی دەخوێندمەوە ، ساڵێك پێش شەهیدكردنی لە تەقینەوەیەكی گەورەدا كە مستافا گەرمیانی تیا شەهید بوو، من بریندار بووم، تا ئێستاش گوێی چەپم لە دەستداوە بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی كە ئەو دەم مامۆستا جەلال جەوهەر بوو لە ئازادی سەردانی كردم من ماڵەكەم لە كەلاوەیەكی پەنجاكاندا بوو كە هی ماڵی پورم بوو، كرێمدەدا ، خەفەتی بۆ دۆخەكەخواردبوو وەك بۆیان گێڕامەوە ، بەڵام دەیتوانی  لەبری خەفەت خواردن شتی تربکات و هیچی نەكرد ، ئیتر نازانم بۆ من كادیری پێشكەوتوی یەكێتی بووم ، سۆران هاتەوەو نزیكەی مانگێك پاش هاتنەوەكەی شەهیدكرا ، پێش شەهید بونی زۆرهەوڵمدا تێیگەیەنم كە هەمیشە مانەوە گرنگترە لە نەمان ، بەڵام ئەو عاشقی گەیاندنی هەقیقەت بوو لە نێو دڕك و داڵی ستەمكاریدا ، كە بە تەلەفون هەواڵی مەرگیان پێدام نازانم كێ‌ بوو نایەتە بیرم ، بەڵام توڕەیی و گریان و جنێوم تێكەڵ بوون ، پێمگوت بڕۆ بۆ دور، بڕۆ بۆ شوێنێك ئەو دەستە خوێناویانەت پێنەگات ، نیشتمان بۆ من و تۆ لە دڵدایە نەك ئەوەی ئەو ستەمكارانە دەیدۆشن و بە درۆش باسی ئەوە دەكەن خۆشیان دەوێت .

دەبوو تا ئەمڕۆش سۆرانی مامە حەمە لە ناوماندا بوایە ، دەبوو دوای شەهیدكردنی سەردەشت و سۆران و كاوەو وەدات و عەبدولستاریش بەو هەموو تەمەنەیەوە دەسەڵاتی كوردی لانی كەم بۆ ڕوسوری خۆی بكوژە داڵدە دراوەكانی ئەو تاوانانەی ئاشكرا كردبا ، چەند ناشرینە دەسەڵاتێك بەو هەموو چەك و چۆڵ و جەبەروتەیەوە لە قەڵەم بترسێت.

25/07/2026




وتارەکانی تری نوسەر