بارزانی بۆ وەڵام نەداتەوە ؟!

هۆشیار عەبدولآ

وەک ئەندامێکی لیژنەی کەوتنی موسڵ و وەک نوێنەرێکی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان لە لیژنەی کەوتنی موسڵ پێم وایە وەڵامنەدانەوەی بارزانی بۆ پرسیارەکانی ئەو لیژنەیە کارێکی دروست نیە.

بەندە لام رون نیە ئەوە بریاری خودی بارزانیە یان راوێژکار و دەروبەرەکەی کە وەڵام نەداتەوە، بەڵام لەبەر زیاد لە هۆکارێک و بەتایبەت دوای ئەوەی نوجەیفی و مالکی وەڵامەکانیان بۆ لیژنەکە ناردوە پێم وایە دروست وایە بارزانیش وەلامی هەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە کە ئاراستەی کراون .

راشکاوانە رایدەگەیەنم کە پاساوی رەتکردنەوەی وەڵامدانەوە بۆ ئەو پرسیارانە کە گوایە پرسیارەکان بە نیەتی باش و بە شیوازی هێرشکردنە سەر و تۆمەتبارکردن نوسراون پاساوێکی لۆژیکی نیە و سەرۆکایەتی هەرێم و هەموو لایەکمان دەزانین کە ئەو لیژنەیە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسیەکانی تێدایە و بە هەمان نەفەسیش پرسیار ئاراستەی مالکی و نوجەیفی کراوە .

لە حاڵەتی وەڵامنەدانەوەی بارزانیدا، ئەو دەبێتە تاکە سەرکردە و بەرپرسی عێراق کە بەو شیوەیە مامەڵە لەگەڵ مەلەفی موسڵ و لیژنەیەکی گەورە و بەرفراوانی پەرلەمانی دەکات بۆ کەوتنی موسڵ، کە بێگومان ئەرکی نوێنەرانی کورد هەر پێنج لایەنە سیاسیەکە بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە قورس دەبێت بۆ داکۆکی کردن لەو هەڵوێستەی بارزانی.

دور لە هەموو حەساسیەتێکی حیزبی و بە گیانێکی تەواو نەتەوەییەوە پێم وایە بارزانی وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە باشترە لەسەر ئەوەی سور بێت لەسەر هەڵوێستی رەتکردنەوەی وەڵامەکان .

بێگومان ئیفادە و وەڵام و دانپیانان و بەڵگەکان کاریگەریان دەبێت لەسەر ناوەرۆکی راپۆرتی کۆتایی لیژنەکە و خۆ ئەگەر هیچ ئیجرائاتێکیش بە هۆیەوە ئەنجام نەدرێت کە جارێ رون نیە دوای راپۆرتی لیژنەکە سەرۆکایەتی پەرلەمان و لە گفتۆگۆکانی ناو ئەنجەمەنی نوێنەران بە چ جۆرە بریار و راسپاردەیەک دەردەچین بەڵام دواجار وەک دۆکۆمێنتێکی مێژویی دەمێنێتەوە.

لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەییەوە بە گونجاوم زانی ئەو پەیامە ئاراستەی بارزانی بکەم، و پێم وایە دەکرێ بە شیوەی گشتیش بێت بۆچون و زانیاریەکانی خۆی ئاراستەی لیژنەی پەرلەمانی بۆ لێکوڵینەوە لە کەوتنی موسڵ بکات کە پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیەکەیەتی و پارتی زۆرترین نوێنەری لەولیژنەیدا هەیە.  
 
پەرلەمانتار
هۆشیار عەبدوڵا
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و
ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە کەوتنی موسڵ
٢٦/٦/٢٠١٥


26/06/2015




وتارەکانی تری نوسەر