هوهاکەی سلێمانی

هانا عەلی


فیکە و هوها کردن لە جل و بەرگی ژنان لە کوردستان شتێکی تازە نیە. زۆربەمان ساڵی ١٩٩٩، لە هەولیر و ساڵی ٢٠٠٠، لە سلێمانی، لە یاد و هۆشماندا ماوە، کە چۆن هیج ژنێک جورئەتی نەبوو بە تەنوورەی کورتەوە بڕواتە بازڕەکانی هەولێر، نەک تەنیا تەنوورەی کورت، بەڵکو پانتۆڵ و سترێج لە بەر، تیزاب ئەکرا بە قاچیاندا بە سەرەنچ. لە سلێمانیش بۆ ماوەیەکی کورت، هەمان سیاسەتیان بەکار هێنا.


هێزە ئیسلامیەکان، ئەوکاتە دەسەڵاتێکی ملهوڕانەو پەڕگیری کۆمەڵایەتی ئەوتوویان هەبوو، کە بواریان بە هیج جۆرە پێشکەوتنێکی کۆمەڵایەتی نەدەدا، بێ ئەوەی پڕ خوێن و مەرگی نەکەن، هەموو کەسێکی هۆشیاریش، ئەوە بە باشی ئەزانێت، کە هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری نیشتمان، یەکێتی و پارتی، خۆیان هۆکاری ئەو دەست ئاوەڵا بوونەی ئیسلامیەکان بوون. لە هەولێر پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە کاری ئەهێنان و لە سلێمانی و گەرمیان یەکێتی بۆ خۆی. 

ئەم هێزە دینیە داخراوانە، لە خورماڵ و هەڵەبجە، ئەفغانستانێکی بچووکیان درووست کردبوو. بەهەرحاڵ ئەمانە هیچی شتی شاراواو نەزانراو نین، بەڵام من ئەمەوێ بڵێم، کە هەر بە لۆژیکی ئەوەی حیزب و تاقمی ئیسلامی هەموو کات، بە پێی بەرژەوەندی سیاسی خۆیان مامەڵەی دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان ئەکەن، لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەک بە قازانجیان نیە، دەست بدەنە کارێکی گەمژانەی تری لەوانەی لە پێشوو کردوویانە.

هوها کردنی ئەمجارەی شاری سلێمانی، لە کچێک بە هۆی جلەکانیەوە، دوور و نزیک پەیوەندی بە سیاسەتی حیزب و گرووپە ئیسلامیەکان نیە بە ڕای من. 

هەر کە ڤیدۆیەکەم بینی، یەکسەر خەیاڵم گەرایەوە پێش ١٥ ساڵ و فیکە لێدانی نزیک هەزار پیاوی نزیک مزگەوتی گەورەی سلێمانیم هاتەوە یاد، کە بە پەلە تاکسیەکم گرت و هەڵهاتم لە دەستی ئەو هەموو چاوو دەست و سەرە نەخۆشە، بەڵام هەردوو مێژووەکە دوو ڕەهەندی سیاسی و دوو جۆر مینتاڵیەتی سیاسی جیاواز، پڕاکتیکی ئەکات.

ئەمە دووم جارە ئەم کردەوە ناشیرینە لە سلێمانی ئەنجام ئەدرێت و هی ١٥ ساڵ لەمەوبەر، لە بەرامبەر خودی خۆم کراوە، خراپیەکەی ئەوەیە ئێستاش کۆمەڵێک خەڵکی سلێمانی، کە زۆر ماندوون لە گەڵ شارچێتیدا، ئەڵێن "ئەوە خەڵکی سلێمانی نین". لە ڕاستیدا من پێم وایە، خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی، سلێمانیان ناشیرین کردووە. ناشیرینیان کردووە بەو مانایەیی، زۆر توند و نابینایانە، خەڵکی سلێمانی لە تەواوی شار و ناوچەکانی تری کوردستان جیا ئەکەنەوە. پێیان وایە خەڵکی ڕەسەنی سلێمانی، هەموو مەعسومن و هی ناوچەکانی تر، هەموو خەتابار، بە خراپ کردنی ناوو مێژوی سلێمانی!

بە بۆچوونی من، عەیبەکە لەوێدایە بە جێی ڕەخنە گرتن لە فەرهەنگ و کلتووریک، کە هەموومانی هیلاک کردووە، ژنانی هەمیشە قوربانی کردووە، ژیانی ئاسایی ناخۆش و ئاڵۆز کردووە، بێین و باسی ئەوە بکەین، ئەمە دەستی دەرەکیە و هی خەڵکی شارەکە نیە!
ئەم خەڵکی دەرەکیە کێین و لە کوێی دونیاوە هاتوون لە ساڵی ٢٠٠٠ و جارێکی تریش لە ٢٠١٥دا، بە کۆ فیکە بۆ ژنان لێ ئەدەن و هاواری ئەڵاهو ئەکبەر ئەکەن؟

ئایە بەڕاست خەڵکی سلێمانی بێ بەرین لە هەموو کلتوورە خراپەکانی کۆمەڵگای کوردستان؟ ئایە خەڵکی سلێمانی، وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان، تاوانبار نیە، بە ژن کوژی و جاشایەتی کردن و ملی کورد بڕین؟

ئایە شەرم نیە، من کە گەرمیانیم، پیم ناخۆش بێت، باسی کڕین و فرۆشتنی کچان و خەتەنە کردنیان بکرێت لە ناوچەی گەرمیان و بلێم جا ئەوە خەڵکی ناوچەکانی تری عیراق هاتوون ئەوانەیان کرددوە؟!

ئەو عەیبانەو دەیان عەیبی تری جۆری بیر کردنەوە، بە هۆی شارچێی و ناوچەگرێتیەوە، کوێری کردووین لە بینینی حەقیقەتێک ئەویش ئەوەیە، هەموو کۆمەڵگای کوردستان، لە هەناوی خۆیدا، خراپ ترین و توندوتیزترین جۆری نمایشی فکری لە سکی خۆیدا حەشارداوە.
کۆمەڵگای کوردستان، تا ئەوپەڕی توندو تیژی، توندوتیژە، هەر لە سیاسیەکانەوە، تا مامۆستای زانکۆ و شاعیرو ئەدیبەکانی. هەمووان پیکەوە دەستمان هەیە لە بەرهەم هێنانی زهنیەتێکی ئەتنی خۆمان، کە هەموومان ئەخاتە گۆشەی ڕوو بەڕوو بوونەوە لە گەڵ ئەویتر.
پرسیار ئەوەیە ئەگەر هێزو تەیارە دینیەکان ئەمەیان نەکردبێ، کێ کردوویەتی؟
بە ڕای من، فەزای سیاسی کوردستان بە جۆرێک خراپە، دوو گەنجی بێزار لە نیشتمان، بۆ ئەوەی کەیسێک درووست بکەن و پێی هەڵبێن، لە نیشتمان، ئەکرێت، هەرایەکی گەورەی کۆمەڵایەتی بنێتەوە. زۆر بە ڕوونی پێم وایە، کۆمەڵێک گەنجی شاری سلێمانی، کە شارەزان و ئاگاهیان بە هەموو پاشهات و ئەگەرەکانی، دوای کردوەیەکی لەو شێوەیە هەیە، ئەم کارەی ئەمجارەیان ئەنجامدا. بۆ نموونە باش ئەزانن، کە ژنان و ئازادیخوازن ئەوپەری تووڕە بوون و بێزاری ئەنوێنن لەم جۆرە دەست دڕێژیانە. باش زانیویانە کە هاواری ئەڵاهو ئەکبەر، لە شوێنیکی واهیدا، چی دەلالەتێکی سیاسی و بوعدێکی مێژووی خراپی هەیە. ئەو گەنجانەی سلێمانی، زۆر باش زانیویانە، کە دەیان نووسەری داماوی دەستی سلێمانیچیتی، شاری سلێمانی و خەڵکی سلێمانی بە بەری ئەکەن و فۆکسی کێشەکە ئەچێتە سەر شار و شارچێتی. 

من بە تەواوی قەناعەتەوە پێموایە، ئەوانەی لەوێدا هاواری ئەڵاهو ئەکبەر ئەکەن، سەریان بەر بەرماڵ ناکەوێت و شارەزایی تەواوی جۆری بیر کردنەوەی خەڵکی سلێمانیان هەیە و ئەیانەوێت بە درووست کردنی ئاڵۆزیەکی لەم شێوە، نیشانی بدەن، کە ئەو وڵاتە ژیانی تێدا نیە.

هاوکات، هەر کردارێکی هاوشێوەی واهی لە دژی کۆمەڵگا و بەکار هێنانی ئاسان ترین ڕێگە بۆی، کە جەستەی ژنە، ئاکامی خراپی بۆ دۆزی ژن و مەدەنیەتی کۆمەڵگا هەیە، بۆیە هەموومان پێکەوە، خەڵکی شاری سلێمانی و گەرمیان و هەولێر و هەموو شوێنەکانی تر، باشتر وایە چاو کراوە بین و هەوڵی خراپی لەم شێوەیە، بخەینەوە جێگەی خۆی، نەک ئەوەی خەڵکی خودی شار کردوویەتی یان دەستی دەرەکی!!!

لە ئێستادا باشترین وەڵام، هەڵمەتی ئازادی جل و بەرگ پۆشیە. زۆر بە ڕوونی و ئازایانە ئەبێت بەرگری لە ئازادیەکانی ژنان بکەین و ڕێگە نەدەین، هیج کەس و گرووپێک، لە ژێر هیچ پاساوێکدا، جورئەتی دەست بردنی هەبێت بۆ سەر ئازادیەکانی تاک بە گشتی و ژنان بە تایبەتی.


19/07/2015



وتارەکانی تری نوسەر