وتاری هەینی مامۆستایان و چەند سەرنجێك

مەعروف مەجید
بەو پێیەی سوپاس بۆخوا زۆرینەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان خەڵكانی دیندار و موسوڵمانن ، لە زۆرترین مەراسیمە تایبەتەكانی ئیسلامدا بەشدار دەبن ، ئەمەش دەرفەتێكی باشە كە سەرجەم كاروباری رۆژانەی ئەو خەڵكە موسوڵمانە بتوانرێت بە شێوەیەی باش و تەندروست  بەرێوە بچێت ، دەكریـتَ لەلایەن زانایان و مامۆستایانی ئاینییەوە زۆرترین رۆڵیان هەبێت لە چاكسازی نێو كۆمەڵگادا ، هەر ئەم رۆڵە بەرزەی مزگەوت و مامۆستایانی ئیسلامییە كە وای  كردووە مزگەوت لەلای بەرپرسان و فەرمانرەواكانیش رۆڵی بەرچاوی بگێریت لەزۆر پرسی نەتەوەی و نیشتمانی دا، زۆر كات بینیومانە ئاگادار كردنەوە یان داواكاری ئەگەر لەلای بەرپرسانی حكومەت هەبوبێت پەنایان بۆ مامۆستایانی سەر مینبەر بردووە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە بتوانرێت خەڵكی گوێبیستی ببن و لێیانی وەربگرن، كاربەدەستان دەزانن ئەگەر كەسانی باش و شارەزا هەبن لە سەر مینبەرەكان ئەوا دەتوانرێت گۆرانكاری ریشەیی لە نێوكۆمەڵگەدا دروست ببێت و شۆرش و بەرخودان دژی نادادگەری و خراپەكاری بەرپا ببێت ، هەر ئەمەشە بە داخەوە لە رابردودا بینیمان بەشێكی زۆری زانایانی ئیسلامی لە وتاردان دوور خرانەوە كەسانێك خرانە شوێنەكەیان كە بەداخەوە نەیانتوانی مافی ئەو شوێنە پیرۆزە بدەن ، زۆر جار كەمترین قسەی هەقیان وتووە لەبەر ئەوەی زیانی بۆ پەزەكان هەبووە .بە داخەوە لە بەشێكی زۆری مزگەوتەكان كەمترین جار گرنگی بەر رووداوەكانی رۆژ دراوە زیاتر باسكردن بووە لە رابردوو، كە ئەمەش وای كردووە زۆربەی وتارەكان بە شێوەی زنجیرە دێن و دەرۆن، ناكرێت كاتیكی باشت لەبەر دەست بێت و نەتوانرێت موسوڵمانان لەو پیلان و تەڵانەی رۆژانە دوژمنانی دین و میللەت دایدەرێژن ئاگادار بكرێنەوە بێت و باسی روداوێك بكەی كە بە سەدان ساڵ پێش ئێستا روی داوە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ روداوی ئەمرۆدا یەك نەگرنەوە .
ئەوەی من دەمەوی بە كورتی ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە ، وتاری هەینی دەبێت وەكو رۆژنامەیەكی هەفتانە بێت . مانشێتی هەبێت هەوال و راپۆرت و دیمانە و بابەتی هەمەرەنگیشی تێدا بێت .مەبەستم ئەوەیە دەبێت رووداوەكانی ئەو هەفتەیە لە خۆ بگرێت نەك بابەتێك بە سەدان جاری تر گوێبیستی بوبێتین .
بە داخەوە ئێستا كاتێك دەچیت بۆ مزگەوت بۆ نوێژی هەینی گوێبیستی ئەم قسەیەی مامۆستا بەرێزەكە دەبیت ، موسوڵمانان وەكو لە وتاری رابردوودا باسمان كردو ئەمرۆش تەواوكەری وتاری پێشوو دەبێت .
وەختە وتاری هەینیش رێزم هەیە بۆ هەندێ‌ مامۆستای بەرێز ببێتە زنجیرە فلمە دۆبلاژكراوەكان ئەگەر وتارێك لەوێ نەبیت ، ئیتر تەواو ئەوانەی تریشت لە دەست دەچێت . كەواتە وتاری هەینی دەبێت تایبەت بێـت بەو هەفتەیە نەك ببێتە زنجیرەیەك وبە درێژایی ساڵ بێـت و بروات، ناكرێـت لەم سەردەمەدا كە زۆرترین نەهامەتی و وێرانكاری بەسەر موسوڵمانان دا هاتووە لەبەشێكی زۆری جیهانی ئیسلامی و ناوچەكەو كوردستانی خۆشمان بێ‌ بەش نەبووە لەو كارەساتانە مامۆستایەكی بەرێز بێـت و باسی روداوێكمان بۆ بكات كە سەدان جاری تر گوێبیستی بوبێتین یان كام مامۆستا هاتووە باس لە زوڵم و زۆری رابردوو بكات و لەگەڵ ئێستادا بیشوبهێنێت یان كام مامۆستا گرنگی بەوە داوە باس لە دادگەری ئیسلام بكات لە و كاتانەی كە دەسەڵات بە دەست موسوڵمانانەوە بووە و بیكاتە وانەیەك بۆ ئەوەی لە ئێستا دا باسی بكات ، كەواتە بە داخەوە مامۆستایەك نەتوانێ‌ لە ماوەی یەك هەفتەدا وتارێكی 20 خولەكی ئامادە بكات و لەگەڵ واقیعدا بیگونجێنێت ، دەبێت  خەڵكی چاوەریی چی لێبكەن ، بەتایبەتی لەم سەردەمەدا كە زۆرترین هۆكاری وەرگرتنی زانیاری لەبەردەستی مامۆستا بەرێزەكاندا بونی هەیە هەر لە دەزگاكانی راگەیاندنی یستراو بینرا و خوێندراو، ئایا ئەو بەرێزە دەتوانێ‌ گۆرانكاری ریشەیی بكات یان تەنها كاتەكە بەرێبكات ، لەبەر ئەوەی خۆشیان باش دەزانن كاری ئەوان زۆر قورسترە لە كاری موسوڵمانێكی ئاسایی لەبەر ئەوەی ئەوان رێنیشاندەری خەڵكن ئەگەر وەكو پێویست بەو كارەیان هەڵنەستن ئەوا توشی لێپرسینەوە دەبن لە پاشەرۆژدا. .


01/11/2014



وتارەکانی تری نوسەر