هەنگاوێكی درەنگ،بەڵام گرنگ بوو..پیرۆز بێ

سەلاحەدین محەمەد بەهادین
پاش نزیكەی حەوت مانگ لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان و پاش چەندین هەوڵ و كۆششی میانجیگەری لەسەر ئاستی كەسایەتی و ئاستی حیزبەكان، سەرئەنجام بەخۆشحاڵییەوە (یەكێتی) و (گۆڕان) گەیشتنە رێكەوتن لەسەر شێوازی ئیدارەی حكومەتی خۆجێیی پارێزگای سلێمانی، وا بینیمان ئەمڕۆ (11/12/2014) بەڕێزان (د.هەڤاڵ ئەبوبەكر) بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو، (د.ئاسۆ فەرەیدون) بۆ پارێزگار هەڵبژێردران و، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی سەرەتا لە جەماوەری قارەمان و خۆڕاگری سلێمانی دەكەم و، هیوام وایە دەستپێكی دەورانی ئیدارەیەكی سەركەوتوو بێ و قەرەبووی ئەو دواكەوتنەیان بكەنەوە.. هەروەها پیرۆزبایی لەهەردوو بەڕێزان پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەن دەكەم و داوای سەركەوتنیان لە ئەركەكانیاندا بۆ دەكەم.

بەو پێیەی كە بەندە زۆر پەرۆشی یەكڕیزی و پێكەوە ژیان و كاری هاوبەشی لایەنەكانم و هەر زوو لە (5/5/2014)دا سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوی گۆڕان و مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیم كردو، خەمی خۆم و دڵەڕاوكێی جەماوەرم پێ راگەیاندن و، داوام لێكردن كە تا ئەنجامی هەڵبژاردن بەفەرمی ئاشكرا دەبێ با شاڵاوی راگەیاندن و ململانێی پاشماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بوەستێ و زەمینە ساز بكرێ بۆ پێكەوە كاركردن و گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ یەكتر.. ئەوەبوو بەسوپاسەوە هەڵمەتی راگەیاندنیان راگرت، بەڵام بەداخەوە لە هەنگاوەكانی تردا دواكەوتن تا گەیشتە ئەم كاتە، بۆیە بە پێویستی ئەزانم چەند تێبینییەك بخەمە روو، وەك پێشنیار و تەواوكاری هەوڵەكانی رابردوومان، بەهیوای سوود لێوەرگرتن، لەگەڵ رێزمدا:

1-وێڕای دواكەوتن، جێگای دەستخۆشی و پێزانینە كە هەردوولای كێشەكە (یەكێتی و گۆڕان) گەڕانەوە بۆ شێوازی گفتوگۆ و رێككەوتن و، پێشوازییان لە داواو ئیرادەی جەماوەری سلێمانی و هێزە سیاسیەكان كرد و پەنایان بۆ شتی تر نەبرد!!

2-دەبێ هەموو لایەك بە رێزو پێزانینەوە بڕوانێتە هەڵوێست و خۆڕاگری (لیستی خزمەت) و هەردوو لایەنی ئیسلامی (كۆمەڵ و یەكگرتوو)، كە لەپێناو ئارامی و سەقامگیری پارێزگاكەو سەرخستنی بەرژەوەندی گشتی، گلەیی دۆستانەو رەخنەی ناحەزانەیان قبوڵكرد.

3-نەدەبوو رێكەوتنی دووقۆڵی (گۆڕان) و (یەكێتی) ببرێتە ئەنجومەن و حەرەج بۆ لیستەكانی تر دروست بكرێ، چونكە گرێ كوێرەی مەسەلەكە تەنیا دوو پۆستی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەن بوو، ئەگین پۆستەكانی تر بە هەماهەنگی و گفتوگۆی گشت لیستەكان دەگاتە ئەنجام و، لە دەرەوەی بازنەی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن و بڕیاری ئیدارەی هاوبەش و بنكە فراوان نییە، بە شێنەیی و لەسەر میكانیزمێكی گونجاو و پەسەندی هەمووان، نەك بەو شێوەیەی وترا كە گشت پۆستەكان بە گوڵبژێری دوو قۆڵی دابەشكراوەو، بێ پرس و ڕا بەشی لایەنەكانی تر دیاریكراوە، بێگومان ئەو حاڵەتە بێمنەتی و سەپاندن و خێرپێكردنی پێوە دیارە و بووە سەرەتای دڵساردی و نیگەرانی هاوكارەكانیان..

4-لكاندنی پرسی هەڵەبجە بەم پرۆسەیەوە ئەگەر لە دڵی خۆیان و ناو ژورەكانی خۆیاندا جائیز بێ، هەرگیز ناكرێ بەم زەقی و ئاشكرایە تێهەڵكێش بكرێ لەگەڵ سلێمانیدا، چونكە هەڵەبجە هێشتا لە دۆخی سەرەتای پێكهێناندایەو، هیچ هەڵبژاردنێكی تایبەتی بۆ نەكراوەو، هەر هەنگاوێك بۆ هەڵەبجە دەبێ بە رێكەوتنی سیاسی و سازان و تەفاهومی لایەنە ئامادەبووەكانی سەر ساحەكە بێ و، رەچاوی پێگەو حەجمیشیان بەگوێرەی هەڵبژاردنەكانی پێشوو بكرێ..

5-ئەزموونی چەند ساڵەی پاش راپەڕین پێمان دەڵێ سیاسیەكان هەركات تەنها لە خەمی حیزبەكانیاندا بن، جگە لە گرێ دروستكردن و ناشیرینكردنی حیزبەكانیان هیچی تریان دەست ناكەوێ، سەرەنجامیش لە وێستگەكاندا وەڵامی نیگەرانی میللەت وەردەگرنەوە! رەوا نییە هێشتا پەند لەم گشت هەوراز و نشێوە وەرنەگرین و بچینەوە سەر هەڵەی نەخوێندنەوەی یەكتر و، سیاسەتكردن بە توڕەیی و، پەرچەكردار و یاریكردن بە ئارەزووی حیزبی لە بوارەكانی ئیدارەی گشتی و بەرژەوەندی باڵای گەل و ووڵاتدا.. هەروەك ئەوەشمان بۆ سەلماوە كە چاوبڕینە ئامانجە مرۆیی و نەتەوەیی و بەرژەوەندییە گشتییەكان و، پێشخستنیان بەسەر بەرژەوەندی شەخسی و حیزبیدا، هەمیشە بەرەو بەرهەم و سەركەوتن و دەستكەوتی بردووین.

جارێكی تر لە جەماوەری كوردستان و خەڵكی سلێمانی پیرۆز بێ..

پیرۆزبێ لە هەموو لایەنەكان و بەتایبەت لیستی خزمەت، كە خاوەنی دەست پێشخەری جوان بوو..

بەئومێدی قۆناغێكی پڕ لە تەبایی و كاری هاوبەش و دەستكەوتی نەوعی بۆ پایتەختی رۆشنبیری و هەموو دەڤەری سلێمانی..

12/12/2014




وتارەکانی تری نوسەر