نامەردیی سیاسی..

عه‌بدولآ مه‌لا نوری
   هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکی هەرە سەختدایە، ئەوەی باری خەڵک و حکومەتی قورستر کردووە، لە لایەک زیاتربونی خواست و پێدویستیەکانی خەڵکە، لە هەموو ئاستەکاندا، لە ئەنجامی گۆڕانکاری و پێشهات و پێشکەوتنە ئەرێنی و نەرێنیە خێراکان بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو. لە بەرامبەر ئەمەشدا چەقبەستویی و مانەوەی دەمەزراوەکانی دەوڵەتداریی هەرێمی کوردستانە، لە هەمان  فۆرم و ناوەڕۆکی جارانی خۆیدا، کە هێشتا تام و بۆنی ساڵانی نەوەدەکان و، سەردەمی شەڕی ناوخۆی بەرنەداوە.

 واتە لە کاتێکدا دەبوو حکومەتی هەرێم لە ساڵانی رابردودا لە چوارچێوەی پلانی کورت و درێژدا شانبەشانی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکان بۆ پێشەوە بچێت و، خۆی بۆ هەموو ئەگەرو پێشهاتێک ئامادە بکات، بۆ ئەم مەبەستە لە لایەن هاوڵاتیان و خەڵکانی دڵسۆزەوە پێشنیازو هاوارو دادوبێدای زۆر کرا، بەڵام سودی نەبوو. بە پێچەوانەوە پارتی و یەکێتی بە هۆی سەرقاڵبونیان بە بەرژوەندیە تایبەتی و ناشەرعیەکانی خۆیانەوە ئەوەی بیریان لێنەدەکردەوە ئەم رۆژە بوو. ئەوەی خواو خەڵک پێی ناخۆشبوو، لە هەموو جۆرەکانی تاون و، تەنانەت تێرۆریش کردیان.

   لەم دۆخە نالەبارەدا لە بری ئەوەی هەمووان پێکەوە شان بدەینە ژێر باری کێشەکان و هەوڵی ئەوە بدەین کەشتیە شەق و شڕکەی حکومڕانی هەرێمی کوردستان لەو تۆفان و شەپۆلە بە هێزانە رزگار بکەین، کە روی لەم هەرێمە کردووە، لە بری ئەوەی هەوڵی ئەوە بدرێت ئەنجامی ئەو رێکەوتنە نێوەو ناچڵانەی کە لە نێوان لایەنەکاندا کراوە بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە، کە چی بە پێچەوانەی ئەمەوە بەشێک لە پەرلەمانتارە بەڕێزەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بە شێوەیەکی زۆر نا مەنتیقی و، بە ناوی بەرگریکردن لە مافی هاوڵاتیانەوە خەریکی هێرشکردنە سەر وەزیرو پەرلەمانتارانەکانی گۆڕانن.

   خوێنەری بەڕێز: بیرتان بۆ ئەوە نەچێت کە من لەم نوسینەدا مەبستم پیرۆزکردنی وەزیرو پەرلەمانتاران و سەرۆکی پەرلەمان بێت، کە ئێستا لە گۆڕانە. نە خێر، بە پێچەوانەوە وەک بنەمایەکی جێگیرو بەهادار باوەڕی تەواوم بەوەیە لە هەر شوێنێک بەرپرسیارێتی هەبوو، دەبێت لێپرسینەوەی جدیش هەبێت، وە باوەڕی تەواوم بەوەیە هەموو کاتێک هاوڵاتیان لە سەر حەقن و، دەشێت بەرپرسان بە هۆی نەزانینەوە یان کەمتەرخەمیەوە یان خۆپەرستیەوە توشی هەڵە و کەموکورتی ببن، بێگومان نوێنەرەکانی گۆڕانیش چ لە حکومەت و چ لە پەرلەماندا هەر مرۆڤن و دەبێت چاودێری بکرێن.

   بەڵام: ئەوەی بە ئاشکرا لە لێدوان و هەڵوێستی بەشێک لە پەرلەمانتارە بەڕێزکانی یەکێتیدا دەیبینم، لە راستیدا گیانی تۆڵەکرندنەوەو بەرژەوەندی تایبەت و شتی شەخسی تەنانەت دوو پێوانەیی بە سەردا زاڵەو هەوڵدانە بۆ ئەوەی دەستە چەورەکەی خۆیان بە خەڵکانی دیکەدا بسڕن. 

  لێدوان و قسەی ئەو بەڕێزانە وەک ئەوە وایە مێژوی حکومڕانی هەرێمی کوردستان لەو رۆژەوە دەستپێبکات کە گۆڕان بەشدار بووە لە حکومەتدا! یان وا قسە دەکەن وەک ئەوەی مێژوی بەشداری سیاسی حزبەکەی ئەوان (یەکێتی) لە کوردستاندا لەم خولەی پەرلەمانەوە دەستیپێکردبێت! یان لەوە دەچێت کە ئەوان ئێستا ئۆپۆزسیۆن بن و گۆڕان لە حکومەتدابێت! واتە قسەو لێدوانی ئەو بەڕێزانە تەواو جیاوازە لە حەقیقەتی پێگەو بەرپرسیارێتی خۆیان و، خۆیان لێگۆڕاوە، نەک گۆڕابن.

   بۆ نمونە کە قسە لە سەر وەزارەتی دارایی دەکەن، بەرپرسیارێتی 23 ساڵی حکومڕانی خراپی پارتی و یەکێتی لە بواریی دارایدا دەخەنە ئەستۆی وەزیرەکەی ئەم کابینەیە، وەکو ئەوەی وەزیرەکەی پێشتر بەڕێز (کاک شێخ بایز) کە لە یەکێتی بوو کاتێک لە وەزارەتەکەی خوا حافیزی کردبێت (دەیان) ملیار دۆلار پارەی کاشی وەک ئیحتیات و پاشەکەوت لە قاسەی وەزارتەکەیدا بە جێهێشتبێت! وەکو ئەوەی کاتێک وەزیرەکەی یەکێتی وەزارەتەکەی چۆڵ کردبێت، وەزارەتێکی یەکگرتوبوبێت و هەموو سەرچاوەکانی داهات رۆیشتبنە ئەو وەزارەتەوە!

  خوشک و برا بەڕێزەکانم: بیرتان چووە پێش ئەوەی گۆڕان ئەوە وەزارەتە وەربگرێت کاک شێخ بایز بۆ خۆی دەیفەرموو تەنها وەزیری چوار دیواری ژورەکەی خۆی بووە! بیرتان چووە بەشێکی زۆر زۆر بچوک لە پارەی نەوت و گومرک و باج و داهاتەکانی دیکە دەڕۆشتنە ئەو وەزارەتەو باقیەکەی سەرنگوم دەکرا. بیرتان چووە کاتێک ئێمە لە پەرلەماندا باسی مەترسی رۆژێکی وەک ئەمڕۆمان دەکرد ئێوە ریگەی قسەکردنتان لێدەگرتین و ئەنواعی تۆمەتان بۆ هەڵدەواسین، بیرتان چووە کاتێک لە سەرگەندەڵیەکانی ناو پرۆژە یاسای بودجە قسەمان دەکردو داوای ریگریمان لە بەهەدەردان دەکرد، نوێنەرەکانی ئێوە بە یەک پارچە دەستانیان هەڵدەبڕی و بە پێچەوانەی بەڵێن و سویندەکانتانەوە دەنگیان بە بەتاڵانبردنی بودجە دەدا.

   بیرتان چووە کاتێک ئێمە باسی خراپی پرۆسەی نەوتمان دەکرد نوێنەرکەی ئێوە لە حکومەتدا دەیوت: پرۆسەی نەوت سەرکەوتووە و ئاگام لە وردەکاری و دینار بە دیناری داهاتی نەوت هەیە، کاتێک داوای لێپرسینەوەمان لە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکان دەکرد ئێوەو پارتی پەرلەمانتان کردبوو بە قەڵغانێک بۆ پارستنی حکومەت و شاردنەوەی گەندەڵەیەکانی.

   بەڕێزان: لە ئێستادا کە حکومەتی هەرێم ملیارەها دۆلار قەرزارەو، بەشی گەوەری قەرزکان هی سەردەمی وەزیرەکەی ئێوەیەو بەشەکەی تریشی دەرئەنجامی بێ پلانی و گەندەڵیەکانی سەردەمی حکومڕانی ئێوەیە، تو ویژدانتان رۆژێک لە رۆژان لە بەرپرسە دەستڕۆیشتوەکانی خۆتان پرسیوە (چەندەها سەت ملیۆن دۆلاری) پارەی کاشیان لە پرۆسەی نەوت، لە گەڵ شەریکە ستراتیجیەکاتان دابەش کردووە و، چۆنیان خەرجکردووە؟

  رۆژێک لە رۆژان لە بەرپرسە دەستڕۆشتوەکانی خۆتان پرسیەوە کە 23 ساڵە چەندە لە داهاتەکانی ناوخۆو مەرزەکانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ و مەرزەکانی تریان رەوانەی بانکەکانی دەرەوە کردووەو ئێستا چەندە زیادیان کردووە؟

  ئایا رۆژێک لە رۆژان داواتان لە حزبەکەی خۆتان و شەرکیەکە ستراتیجیەکەتان کردووە ئەو هەزاران دۆنم زەویە بۆ حکومەت بگەڕێننەوە، کە لە لایەن حیزبەکانتان و کۆمپانیاکانی حیزبەکەنتان و بەرپرسانی حزبەکەنتانەوە دەگیر کراون؟ بۆ ئەوەی دواتر بفرۆشرێن و بە پارەکەی موچەی فەرمانبەرانی پێبدرێت؟

   ئایا ئێوە دەزانن هەردوو پاڵاوگەی بازیان و خەبات لە ئەسڵدا ماڵی حکومەت بوون و بە رێگای ناشەرعی خرانە سە حسابی کۆمپانیاکانی سەر بە حزبەکانی ئێوە؟ ئایا دەزانن ئەو دوو پاڵاوگەیە ساڵانێکە بۆ پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت (17 دۆلار) لە بودجەی گشتیان پێدەدرێت، واتە ئەگەر رۆژانە تەنها سەد هەزار بەرمیل نەوت بۆ حکومەت بپاڵێون دەبێت بۆ هەر رۆژێک (سەد هەزار 17 دۆلار) یان لە بودجەو قوتی خەڵک پێبدرێت، دیارە سەت هەزار زیاتریشە؟ کە ئەمەشە مانگانە زیاتر لە 50 ملیۆن دۆلارە و بۆ کۆمپانیا حزبیەکانی ئێوە دەڕوات! پرسیوتانە ئا ئەمە چۆن معامەلەیەکە بە ماڵ و ژیانی خەڵکەوە لە لایەن حزبەکانی ئێوە کراوەو، ئەم چ ویژدانێکە قبوڵی دەکات؟

   بیرتان چووە کاتێک ئێمە قسەمان لە سەر مەترسیەکانی پەرتەوازەیی هێزی پێشمەرگەو، داوای زیادکرنی موچەی هێزەکانی پێشەمەرگەو، ناوخۆمان دەکرد ، ئێوە دەتانوت ئەوە موزایەدەیە. ئێوە کە قسە لە سەر دۆخی پێشمەرگە و وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، ئایا بیرتان چووە لە کاتی گفتوگۆکانی بودجەدا پارەتان بۆ رابواردن و دەیان جۆری خەرجی بێکەڵک تەرخان دەکرد، کە ئێمە لەو کاتەدا داوامان دەکرد ئەو بڕە پارانە بخرێنە سەر موچەو بودجەی پێشمەرگەو، لە هەموو رویەکەوە ژیانیان باش بکرێت بۆ رۆژێکی وەکو ئەمڕۆ کە توشی شەڕی داعش هاتوین، بەڵام ئێوە بە چەپڵە رێزان و خوێنساردیەوە تەحدای میللەتتان دەکردو بودجەتان تێدەپەڕان. 

  بەرێزان: من گومان دەکەم خەمی ئێوە خەمی خەڵک بێت، لە راستیدا لێدوان هەڵوێستەکانی ئێوە لە سەر کارو چالاکی نوێنەر و وەزیرەکانی گۆڕان هێندە نا مەنتقین تەنانەت پەندی مەڕو بزنەکەشی لە سەر جێبەجێ نابێ.

  بێگومان ئەوانەی لە سەرەوە باسم کرد، مەشتێکە لە خەرواری گەنده‌ڵیەکانی 23ساڵ حکومڕانی حزبەکانی ئێوە.

   پێم خۆش نەبوو شتێکی وا بڵێم کە بچوکترین کاریگەری نەرێنی لە سەر دۆخی سیاسی هەرێم بە جێبهێڵی، چونکە باوەڕم وایە هێشتا خاڵی هاوبەشی  ئێجگار زۆر لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا هەیە بۆ کار بکەوەیی، بە تایبەت لە نێوان گۆڕان و یەکێتیدا، کە زۆر پرسی گرنگ هەیە دەبێت ئەم دوو هێزە پێکەوە کاری تێدا بکەن.

    بزوتنەوەی گۆڕان لە خولی پێشودا بڕیاری دا وەک ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەماندا کار بکات و بەشداری حکومەت نەبێت، کاتێکیش بڕیاری دا لەم خولەدا بەشداربێت لە حکومەت، بێگومان شەریک و بەشدارە لە چاک و خراپی ئەم کابینەیە. ناکرێت ئێوەش بە ناوی مافی خەڵکەوە خۆتان لە هەڵەکانی رابردوتان داببڕن، نەک هەر ئەوە بەڵکو بیخەنە سەر شانی خەڵکی تر. 

    ئازایەتی و بە هێزی لەوەدایە بە سەربەرزیەوە دان بە شکستەکانی رابردوی خۆتان و پارتیدا بنێن و، داوای لێبوردن لە خەڵک بکەن، پاشان بە نەفەسێکی نوێوە دەست  بەکار بکەن و، پلانی داهاتویەکی باش لە گەڵ لایەنەکانی دیکەدا بۆ ئەم وڵات دابنێن. خۆ ئەگەر ئەمانەش ناکەن لێگەرێن خەڵکانی دیکە شانس و توانای خۆیان تاقی بکەنەوە.

   پەرلەمانتارە بەڕێزەکان: ئایا کێ سودمەند دەبێت لەو لێدوان کارنەی ئێوە؟ کێ سودمەند دەبێت لە ئاڵۆز کرنی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان؟ ئایا کێ سومەند دەبێت لە دروستکردنی دۆخێکی دەرونی نالەبار لە کوردستان بە گشتی و سنوری پارێزگای سلێمانیدا؟ 
   پێم وایە ئەم قۆناغە قۆناغی قسە کردن و خۆبادان تۆمەت هەڵبەستن نیە، بەڵکو قۆناغی دانانی پلان و کارکردن و روبەروبونەوەی قەیرانەکانە.

   بۆ ئەو مەبەستە: بە پێویستی دەزانم هەرچی زووە پەرلەمان داوای پلانێکی واقعی لە حکومەت بکات، کە تێدا شوێن و رێگای چارەسەی کێشەکانی تێدا دیاریکرابێت و لە روی کاتی جێبەجێکردنیەوە قۆناغ بەندی کرابێت، پێویستە پەرلەمان بە پێی خشتەیەکی رێکوپێک هەوڵبدات مانگانە لانی کەم یەک جار سەرۆکی حکومەت بۆ لێپریسنەوەی جدی لە سەر ئاستی چونە پێشەوەی پلانەکەی بانگهێشت بکات، بە هەمان شێوە پێویستە مانگانە لانی کەم پەرلەمان بانگهێشتی چوار وەزیر بکات و، لێپێچینەوە جدیان لە گەڵ بکات، لە سەر پلان و کارو پرۆژەکانیان، لە سەر داهات و خەرجیەکانیان. هەرکات هەست کرا وەزیرێک کۆسپی بۆ دروست دەکرێت دەبێت هاوکاری بکرێت و بە هەموو لایەک کۆسپەکانی بەردەمی نەهێڵرێت، خۆ ئەگەر هەست کرا سەرۆکی حکومەت یان وەزیرێک بێ کەڵکە ئەوا دەبێت متمانەی لێوەر بگیرێتەوە. جا وەزیری گۆڕانە یان پارتی یان یەکێتی. ئەمە کاری پەرلەمان و پەرلەمانتارانە. خۆ ئەگەر ئەمە ناکرێت وا باشترە ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە.

    لەم دۆخە نالەبارەدا ئاسانترین شت دروستکردنی ئاڵۆزیە، ئەگەر بڕیارە پرۆسەی چاکسازی لەم هەرێمە دوا بخرێت، ئەگەر بڕیارە قەیرانەکانی ئەم هەرێمە قوڵتر بکرێنەوە، ئەگەر بڕیارە هەموو لە بەرپرسیارێتی رابکەین و کەس بیر لە چارەسەر نەکاتەوە، ئەوە زۆر ئاسانە، بەڵام ئەمانە کارو خەسڵەتی هێزو کەسانی بەرپرس نین. بە راستی چەواشەکردنی خەڵک و دواخستنی پرۆسەی چاکسازی بە تایبەت لەم دۆخە نالەباردا کاری خەڵکانی سیاسی نا مەردە.



16/01/2015




وتارەکانی تری نوسەر