لە بارەی سەركردەوە

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)

#بەشی یەكەم 

لەقۆناغ و هەڵومەرجی ئەمڕۆی کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا ڕۆڵی سەرکردە و ڕابەرێتیکردنی دەوڵەت و حزب و ڕێکخراوەییدا، چەمک و بابەتێکی گرنگ و هەنۆکەیە و هەریەك بەپێی پاشخانی ڕۆشنبیریی‌و دیدوتێڕوانینی خۆی لێكدانەوەو هەڵسەنگاندنی بۆدەکات و پەیوەستە بەڕادەی بەرجەستەکردنی بنەوانەکانی ئەو خەسڵەتانەوە کە لە واتای چەمكی سەركردەدا بەدی دەکرێ ، چونکە بەپێی بیروبۆچونی زۆر لە بیرمەندان‌و شارەزایانی کۆمەڵناسی ئەم بابەتە زیاتر لەوەدا كۆدەبێتەوە كە  سەركردایەتی تێگەیشتنێکی کاریگەرە لە کۆمەڵگادا و دەبێ كاریگەری لەسەر ئەوانی تر دانێت و بتوانێ کۆمەڵگا  ئاڕاستەکات بەمەبەستی هێنانەدی ئامانجێكی دیاریكراوەکە.

چەمکی سەرکردە و ڕێبەراێتیی وەک دیاردەیەکی مێژووی کە هاوتایە لەگەڵ سەرهەڵدانی کەینوونەی مرۆڤدا بە زۆر جۆر و شێواز پێناسە کراوە،  بەڵام بە شێوەیەکی گشتیی سەکردایەتیی پڕۆسەیەکی ستراتیژیی گشتگیری فرەلایەنە و دەکرێ بڵێین  یٔامانج لەم ڕۆڵگێڕانە  هاندان و یٔاڕاستەکردنی تاكە لە دۆخێکەوە بۆ دۆخێکی باشتر و گرێدراوە بە توانای فکریی و ڕۆ‌حیی و ڕەوشت و هەڵسوکەوت و داهێنانەوە لە سەر ئاستی گشتی .

ئەمەش لە پێناو دەستەبەرکردنی  پێکهاتەکانی یٔامانجە بنەڕەتیەکە کە سەرکردە دەبێتە داینەمۆی، چونکە وەک ووتم سەركردە ڕۆڵی تایبەتی خۆی ھەیە و کاریگەرە لە ڕێكخستن و بەرەو پێشچوونی ئەو دەزگاو دەوڵەت و حزب و ڕێكخراو و دامەزراوەیەی كە كاری تێدا دەكات ،  پێچەوانەیش هەرکەسێک خەسڵەتەکانی سەركردایەتی تێدا نەبوو لە هەرپلە و مەقام و هەرەمێکی دەسەڵاتدابێت و کاریگەری لەسەر ئەوانی تر جێنەهێڵا و نەیتوانی ئاڕاستەیان بكات بۆ هێنانەدی ئامانجێكی دیاریكراو، ئەوا سیفەت‌و خەسڵەتی سەركردایەتی تێدا نیە و سەرکردەیەکی فاشیلە و دواجار بەر پرسیاریش دەبێت لە دواخستن و وێرانكاری ئەو ڕێكخراوو و دامەزراوانەی کاریتێدا دەکات ، بەم تێگەشتنەش دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە هەر سەرکردەیەک نەیتوانی کەسایەتیەکی لێهاتوو بێت لە بەدەست هێنانی ئامانجێكی دیاری كراوو توانای داهێنان و پێشخستنی دامەزراوەو ڕێکخراوەکەی نەبوو لە چوارچێوەیەكی دیاریکراوی سیاسی و رێکخراوەی و ئیداریدا ئەوە سەرکردە نیە و ناتوانرێ پشتی پێببەسترێ. 

لەم بوارەشدا گەرکەمێک بە مێژووی ڕابەرایەتی و پرۆسەی کاریزمابوونی سەرکردە و کەسایەتی کاریگەردا بچینەوە ، دەبینین کە فلادیمیر لینین چ کاریگەریەکی هەبووە لە پێداگیری و سەرکەوتنی شوڕشی ئۆكتوبەری ساڵی ١٩١٧ ی ڕوسیاو وەک دەوترێ گەر لینین نەبوایە ئەوا شوڕش  بەو بنەما تۆکمەو بەهێزە سەرکەوتنی بەدەستنەدەهێنا ، بۆیە سەرەڕای باوەڕبوونی تەواوم بەسەركردایەتی بەكۆمەڵ و پێكەوە كاركردن لەھەر حیزب و ڕێكخراوێکدا كە زامنی سەركەوتنە،  بەڵام پێموایە كەڕۆڵی تاك و كەسایەتی كاریگەری ھەیە لەسەر سەركەوتنی ئەو ڕێكخراو و حزب و دەسەڵاتەی کە کاری تێدادەکات و   پێچەوانەش بەرپرسیارە لە دواكەوتن و فاشیلبوونی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکەی.
مەبەستم لەم نووسینانە و خستنە ڕووی کۆڵێک حەقیقەت دەمانگەیەنێتە ئەوەی کە پێویستە مرۆڤ لە پرۆسەی بەشداری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری خۆیدا وشیارانە و بەدیقەتەوە بڕیار لە دیاریکردنی سەرکردەی باش و لێھاتوو بدات کە توانای ڕۆڵگێڕانێکی کاریگەری هەبێ و لە بەرانبەریشدا  كەسانی سەرنەكەوتوو پەراوێزبخرێ و ئەرک و بەرپرسیارێتی نەخرێتە ئەستۆ ، چونکە سەركردە ئەو مرۆڤەیە كە لە بەڕێوەبردن و سەركرادیەتیكردنی ئەركەكانی دا و لە ڕێگای دانانی بەرنامەو پلانی تۆكمە و ستراتیجی بەئاستی گوڕانكاری  لەكۆمەڵگاو دروستبوونی ھیواو گەیشتن بەئامانجەكان داھێنان دەكات و كارەكانی بەرەو پێش دەبات و دەبێتە ڕەمزێکی کاریگەر ، گەر لەو ئاستەشدا نەبوون ئەوا دەبێ پاشەكشە بكەن،  چونكە خزمەتی خەڵك و ڕێنماییان بۆ داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییەكانیان ئسلوبی سەركردەی سەركەوتووە ، توانای سەركردایەتی ئاستی كاریگەری مرۆڤ دیاری دەكات ، ئەگەر چی بڕوام وایە سەركەوتن لەتوانای ھەموو مرۆڤیك دایە بەڵام  سەركەوتنی كەسی بەبێ توانای سەركردایەتیكردن تەنھا كاریگەری سنووردار بەدەست دەھێنێت.

كاتێك دەتەوێ گۆڕانكاری لە دامەزراو ڕێكخراوەكەتدا بکەیت ، پێویستە سەرەتا گۆڕانكاری لەسەركردە و بەرپرسیارێتیە باڵاکە بكەیت كە سەركەوتوو نەبووە ، بۆیە دەڵێم توانای سەركردایەتی ھەمیشە سەقفی كاریگەری كەسی و دامەزراوەییەبۆ ئەوەی سەركردەیەكی سەركەوتووبیت  پێویستە شارەزایەت ھەبێت لە زۆر بواری كار كردن و بەڕێوەبردنت و سەقفی زەمەنی دابنێیت بۆ كارەكانت و تەنھا  بەشێك یان لایەنێكی نەبینیت و ئەوانی تر فەرامووش بكەیت و ئەولەویت دا بنێی بۆ كارەكانت و لە گرنگ و گرنگتر جیاوازی بكەیت.
توانای سەركردایەتی ئاستی كاریگەری تاك دیاری دەكات ، بۆیە وادەخوازی بەرپرسی ڕێكخراوەكە یان دامەزراوەكە یان كۆمپانیاكە ڕۆڵی تایبەتی خۆی ببینی لە پاراستنی یەكڕیزی و ئینسیجام و پێكەوە كاركردن لە نێوان ئەو شوێنی كاركردندا و بەپێچەوانەیشەو سەركەوتن بەدی نایەت گەر سەركردەی بەتواناو بەھێزت ھەبێت ، ئەوا دامەزراوەكەت یان ڕێكخراوەكەت بەھێز دەبێت و گەر بەپێی پێویست نەبوو ئەوا لاواز دەبێت ، ھەر بۆیە لە كاتی بوونی كێشەی چارەسەرنەكراو یان لە ڕۆژگاری سەخت و دژوار دەگەڕێن بەدوای سەركردەی تازەو سەركەوتوو تەنانەت لە وەرزشیشدا گەر تیپەكەت تووشی دوڕان ھات ئەوا لەگەل ڕاھێنەری نوێ گرێبەست دەكەیت چونكە دوور نییە یاریزانەكان بەتوانابن بەڵام كاتێك ڕاھێنەر  سەركەوتوونەبوو تێپەكە دەدوڕێنی كەواتە گرنگ پرسی سەركەوتنی تیپەكە گرنگە نەك ڕاھێنەرەكە بۆیە دەبێ گوڕانكاری بكەیت.

لەكۆتایی ئەم بەشەدا دەمەوێ بڵێم پێویستە سەركردە ھەڵسەنگاندن بكات بۆ كاری سەركرایەتییەكەی  لەڕێگای چەند پرسیارێكەوە لە دەورو بەری ، لەوانەی شارەزای ئەو جۆرەكاركردنەن گەر كاری دامەزراوەیی بێت یان كۆمپانیا یان سیاسەت و حزبایەتی :-

ئایا لێھاتووە لە مامەڵەكردن لەگەل ئەو مرۆڤانەی لە گەلی كاردەكەن؟
ئایا لە پلان دانان و بیركردنەوەی ستراتیجی سەركەوتووبووە؟
ئایا تێڕوانین و دیدگای بۆ واقع و شوێنی كاركردنی سەركەوتووبووە؟
ئایا دەرئەنجامی كاركردنی لە دامەزراوەكە یان ڕێكخراوەكە بەرەو پێش چووە ؟
(ماویەتی)

23/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر