چوار ساڵ بەر لەئێستا ، نووسینێکم بڵاوکردەوە بە ناونیشانی (ئەمە حوکمڕانییە یان خان جغان)؟
پێناسەو ھۆکاری ناولێنانی (خان جغان) م لەچەند دێریکدا خستە ڕوو، لێرەدا دەمەوێ لەبری حکومڕانی(خان جغان) بیکەمە (حزبایەتی خان جغان) جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەم کە لەو خانەدا ،واتە [خان جغان ](ھاتوو چوۆکردن و مانەوەو دەرچوون بەبێ پرسیار و لێپرسینەوە بوو، دوور لە هەموو بنەما و یاساوو ڕێسایەک ژیان بەڕێوە دەچووە ).
جەوھەری نوو سینەکەم بەکورتی لەسەر حزبی سیاسییە ،کە پەیرەو و پرەنسیبەکانی خۆی پێشیل دەکات و سەرکردەکانیان بە ئارەزووی خۆیان ئەسپێ خۆیان تاو دەدەن، تاکتیک و ستراتیج تێکەڵ دەکەن و ئەولەویاتی قۆناغەکانی تێکۆشانییان فەرامۆش دەکەن. ئەڵقەی ناوندی لە سیاسەت و کاری ڕۆژانەیاندا ناڕوونەو هەموویان داوەتە دەست مەزاج و قەدەر .
بە ئاراستەی {ساڵ وەی وەی }یەو ھەر کەس بۆ خۆی و بە پێی بەرژەوەندی خودی خۆی حیزب دەبزوێنێت.بەردەوام پرنسیپی ئەندامێتی و ماف و ئەرکەکان وێران دەکەن ، سزاو پاداش بەئارەزووی سەرکردەکان جێبەجێ دەکرێن و بکوژوو ببڕ خۆیانن ،زۆر جار وەکو حاکمی ویلایەت کاردەکەن، کتلەو حاشییە دروست دەکەن و کۆبونەوەی تایبەت ئەنجام دەدەن.لە نێو ئەم فەزای بێسەرووبەریەدا کە ناوی حیزبایەتیە ،دەبینین ھەر سەرکردەیەک لە ئاوازێک دەخۆێنی و تێکۆشان و تێکۆشەر فەرامووش دەکەن ، کەسانی لاواز و نا مەبدەئی سەرئەخەن، ئەوەی ھیچ نییە بازاڕی بۆ گەرم دەکەن.
ئەرێ جێی خۆی نییە بپرسم ،لە وەها دۆخێکی حیزبایەتیدا وادا، ئایا بنەماکانی حزبی سیاسی تەندروست ماوە؟ ئایا ئەم شێوازە لە ژیانی حیزبایەتی جیادەکرێتەوە لە خان جغان؟ وەڵامەکەی جێدەهێڵم بۆ سەرکردە و کادر و ئەوانەی چاودێری ڕەوشی حزبەکان دەکەن .
ئەوەی روودەدات قەیرانی ژیانی حزبی و ئیشكالیەتی بەرێوەبردنی ناوەخۆیی حزبی یە، هەر ئەوەش وایكردووە لە ئاستی كۆمەڵگا بە نائومێدییەوە تەماشای تەحزب و رۆڵی حزب بكرێت لە كۆمەڵگا .