كۆیلایەتی و تەكەتول لە حزبی سیاسیدا

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
كۆیلایەتی و تەكەتول لەحزبەكانی ھەرێمی كورستاندا بوونەتە  دوو دیاردەی زەق  و لە ھەموو كات زیاتر هەست بە بوونیان دەکرێت.  پەیدابوونی ئەم دوو دیاردەیە دەرەنجامی پێچەوانەبوونی  ڕۆڵی حزبە لە بواری  پەروەردەكردنی كادرو ئەندامەكانیدا. لە ئاکامی  پێشخستن و سەرخستنی كەسانی لاواز بۆ پلە و پۆستە باڵاكانی حزبی، لەسەر حسابی كادرو ئەندامە دڵسۆزەکان ئەمەش بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی کەسانی سەرووتر لەخۆیان،  سەرئەنجام ئەو شێوازە  دەبێتە هۆی درووستکردنی كۆیلەی حیزبی و بڵاوبوونەوەی ڕق و كینە لە نێوا سەركردەو كادرو ئەندامەكاندا  و شكاندنی شكوی کاری حیزبی و شێواندنی ژیانی حزبایەتی.

هاوکات وادەکات كادری حزبی نەبێتە خاوەن بووچوون و تێڕوانیینی خۆی و دەستگەری زیاتر دروست دە بێت و ھێچ بەھایەك نامێنی بۆ ھەڵسەنگاندن و جیاوازی نێوان ئەندامی چالاك و ئەندامی سست و لاواز و نامەبدەئی . ئەم دوو دیاردەییە پەیرەوی حزب و پرنسێبەكانی ژیانی ناوخۆیی حزب ویران دەكات و بنكوڵی دەكات ،تا ئەو ئاستەی بنەماكانی مانەوەی ئەو حزبە نەھێڵی و وابکات کە زۆرێک لەكادرو ئەندامە دڵسۆزەکانی  بپرسن  و بڵیین، گەر ئەم حزبەی ئێمە كە لە ھیچ ڕوویەكەوە كاریگەری لە سەر گوڕەپانی سیاسی نەماوە و ناتوانی داكۆكی لە خەڵك بكات ، كەواتە مانەوەی بەم چەشنە چ مانایەکی هەیە؟ 

ڕاكێشانی ئەم جۆرە كادرو ئەندامانە بۆ كۆنفرانس و كونگرەی حزبەكان، بە دڵنییایەوە كاریگەری خراپی دەبێت و ئاراستەی كۆیلایەتی لە حزبدا بەھێز دەكات و حزب لە داڕووخان نزیك دەكاتەوە. ئەم دوو دیاردەیە دەبێتە ھۆی  لاوازبوونی دیموكراتی لە نێوخۆی حزبدا و چیتر ناتوانرێ بەپرنسیبەكانی ژیانی ناوخۆیی حزب بەشێوازێکی سەغڵەم كار بكریت، كە ڕێز لە ڕای جیاواز دەگرێت و بەدەنگدان  بووچونەکان یەكلادەكاتەوە. هەر دەنگدانێک  لە پێگەکانی حیزبدا ئەنجامدەدرێن گرنگە لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوندییەكانی چینی كریكار و زوحمەتكیش ڕووبدەن  و تێیدا بەرەوپێشچوونی حیزب بەئامانج بگیرێت.

بەڵام كۆیلەكانی ناو حزب  بۆ ڕازیکردنی  سەرۆك و سەردارەكان ،بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ،ئەو پێوەرانە ژێرپێدەخەن. لەم جورە حزبایەتیەدا سەركردەی لاواز و تەكەتول بەرهەمدێت،ئۆرگانەکانی حزب و  داراییەكەی بۆ خزمەتی ئەو تەکەتولانە بەكار دەھێنرێت، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو شوێنەی کە كادری بەناو پێشكەوتووی حزب(کۆیلەکراو) بزیقێنی و ھاوار بكات و بڵێ(ئەوەی وەكو ئێمە بیر نەكاتەوە ئەوا دەیخەینە دەرەوەی سەركردایەتی حزبەوە).

بۆیە پێویستە و کاری بەپەلەیە کەكادرو ئەندامە دڵسۆزەکانی حزب دژی ئەو جورە بیركردنەوانە بوەستنەوە ، نابێت ڕێگە بەو چەشنە  كادرو سەركردانە بدەن كە دەیانەوێ چەمكی كۆیلایەتی و تەكەتولات بەھیزبكەن ، پێویستە  ڕێگەی پەێرەویی لە بەرامبەریان بەکار بهێنرێت تا دەگاتە سزدانییان . چونکە تەشەنەکردنی ئەم دیاردانە حیزب وێران دەکەن.

07/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر