‌سوڵتان و سلێمانی

هونەر تۆفیق
لەوەتەی ئەو هۆزە شوانکارانەی ئاسیای ناوەڕاست لە ئەنادۆڵا جێگیربوون ، لەسەردەمی بەسەڵتەنەت بوونی عوسمانیەوە تا ئەمڕۆی دەوڵەتی تورکی ( سەڵتەنەتی ئیخوانی ئەردۆغانی ) دوژمنی سەرسەختی هاوسێ کوردەکانیانن ، بەتایبەتیش دژ بە سلێمانین. 

سلێمانی لەبەر ئەوەی بەئاسانی دەستەمۆی نە سەفەوی و نە عوسمانی نەبووە ، لەزۆربەی ڕێکەوتنەکانی نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا خاڵی جیاوازییان بووە . لە پەیمانی ئەرزڕۆمی دووەمدا ، عوسمانیەکان لەپێناو بەدەستهێنانی سلێمانیدا ، بەشێک لە ولایەتی بەسرە بەشەت عەرەب و میناکانی و محەمەرە دەبەخشن بە قاجاریەکان ، ئینجا هێشتا سلێمانی ملکەچی عوسمانیەکان نابێت. 

سەدام حسەین لەوکاتانەدا کە مجلیسی تعاونی عەرەبی ( عێراق ، میسر ، یەمەن ، ئوردنی) دامەزراندبوو ، لەهەڕەتی هێزی خۆیدا دەیگووت : هەموو پارێزگاکان ئاسمانی ساماڵە ، تەنیا سلێمانی نەبێت ئاسمانەکەی هەور و غوبارە . چونکە تەسلیم بە ئیرادەی سەدام نەبوون. 

تورکیای ئیخوانی سوڵتانی لەزاری چاویش ئۆغڵۆوە بە تۆنەکەی سەدام حسەین دەڵێت : سلێمانی لەلایەن پەکەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە . لەگەڵ ئەوەدا کە پەکەکە هێزێکی سیاسی کوردیە و وەک تورک سوپاکەی بەشێک لە کوردستان و سوریا و عێراق و لیبیا و قوبرسی داگیرنەکردووە ، شانازیە بۆ سلێمانی ئەگەر داڵدەدەر و پشتیوانی هێزێکی کوردی - کوردستانی بێت ، نەک سوپایەکی داگیرکاری وەک تورکیا .

10/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر