‌دوو وێنەی مردن، وێنەك لە نیفاقی ناو كۆمەڵگە بەكر عەلی و قادری حاجی عەلی بەنمونە

هونەر تۆفیق

ساڵی ١٩٩١ داوەتی كۆڕێك بووین لای كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی چەمچەماڵ. ئەو پاسەی بۆمان گیرابوو، شوێنی زیادەی مابوویەوە، منیش سەربەخۆ بە بەكر عەلیم گوت: جێگە هەیە، تۆش وەرە پێكەوە دەڕۆین. تا رۆشتین و شەوێك ماینەوە و رۆژی دواتر گەڕاینەوە، نیوەیان ناڕازی بوون بەو هێنانەی بەكر، مۆڕەی بێزاریان لێدەكردم .

 

لەلاوە پێیان دەگوتم : ئەم كابرایە چیە هێناوتە لەگەڵ خۆتدا ؟!

لەڕوسیا بووم كە بەكر كوژرا بوو. لەو سەروبەرەدا كۆمەڵێك گۆڤار و بڵاوكراوەم لە كوردستان و ئەورپاوە بۆ هاتبوو . ئەوانەی سەرزەنشتی منیان دەكرد بۆچی ئەو بەكرە نەخوێندەوارەت لەگەڵ خۆتدا هێناوە، ئەو قەڵەمانە بوون كە لە كوشتنەكەی بەكردا ، گوتار وشیعر و شانامەیان بۆ نووسیبوو و بڵاویان كردبوویەوە !!

ئەمڕۆ نوسین و گوتار و پرسەنامەی زۆرمان بینی بۆ كۆچی دوایی قادری حاجی عەلی . ئەوەی زۆر عەزیەتی دام ، نووسین و پیاهەڵدانی ئەو برادەرانەیە كە زۆر نییە، هەمووی چەند مانگێك لەمەوپێش بوو ، بە گوێی خۆم لێم بیستوون كە شتی سەیروسەمەرەیان سەبارەت بە قادری حاجی عەلی دەگوت . كەچی ئەمڕۆ شانامەی بۆ دەهۆننەوە !!

نیفاقی كۆمەڵگەی كوردی لە شەرمیش تێپەڕی كردووە بەتایبەتی لەناو خەشەڵی پۆست سیاسیەكاندا (پۆست سیاسی، ئەوانەی سیاسەت بە حیزبایەتی تێگەیشتوون و حیزبایەتیش لەپێناو دەستكەوتنی پۆستدا دەكەن).


11/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر