هەرێمی کوردستان لەهەمو ڕویەکەوە لەژێر هەژموونی ئێران و تورکیادایە، خۆی هەر دەسەڵاتی هەرێم درێژکراوەی ئەم دو وڵاتەیە و هەر ئەمانیش لە بەرانبەر بێزاری و توڕەیی جەماوەری کوردستان دەیانپارێزن و هۆکاری سەرەکی مانەوەیین.
لە خزمەت دەسەڵاتی تورکیا و فاشیزمی ئەردۆگان و داگیرکردنی کلتوری و سەربازی و ئابوری ڕۆبەڕۆژ لە پەرەسەندندایە، بەگشتی هونەر و مۆسیقا و هەتا شێوەی ژەنین و خواردن وەک شێوازی تورکی نمونەی باڵای لاساییکردنەوە و کاری بەشێکی زۆری میدیای بینراوی کوردستانە.
دوای دەستپێکی کارەکانی پێنجەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لەسلێمانی بڕیاربوو فیلمی (ژ بۆ ئازادی) نمایشبکرێت،فیلمی ژ بۆ ئازادی باسی بەرخودانی سوری ئامەد و کاولکاری ڕژێمی ئەردۆگان دەکات. بڕیاربو ڕۆژی شەممە کات ۱۱ شەو پیشانبدرێت، بەڵام لەبەرنامەی ڤیستیڤاڵ دەرهێنرا و پیشاننەدرا!!
هەڵبەتە پێشتریش هەر لە سلێمانی فیلمی (۱٤ی تەموز)،کە دیمەنەکانی زیندانی ئامەدە، ڕێگەنەدرا پیشانبدرێت.
ئەم ڕێگری و سانسۆرانە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە تورکیا تاچ ئەندازەیەک هەژمونی هەیە و ئەم هەرێمە بەڕێوەدەبات و هەولێری مسۆگەرکردوە ئێستا نۆبەی سلێمانییە، هاوکات دوبارەبونەوەی هەمان شێواز و سانسۆری سەردەمی بەعسە، کە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان پێش نمایش و بڵاوبونەوە دەزگای ئەمنی بەعس پشکنینی بۆ دەکردن و بڕیاری لەسەردەدان ئایا بۆ بڵاوبونەوە گونجاون یان نا؟
ئێستا و لەسەردەمی دەسەڵاتی کوردی و لەپایتەختی ڕۆشنبیری فیلمی تزاژیدیا و نەهامەتی و شۆڕشگێڕی و بەرخودان و واقیعی ژیانی باکوری کوردستان ڕێگەنادرێت پیشانبدرێت!!
ئێستا جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتدارانی هەولێر و سلێمانی نییە و وەک ڕۆژ ڕونە ڕازیکردنی تورکیا و پاراستنی بەرژوەندییە ئابورییەکانی بنەماڵەکان کاری لە پێشینە و ستراتیژیانە.
ڤیستیڤاڵی فیلمیش لەپەیامەکانی بەتاڵکرایەوە و بوە ڕۆتین و شوێنی نمایشی چەند بەرپرسێک، کە شەیدای وتاردانن.