سەردەمی حوكمی میربافڵ ‏‎

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
سەردەمی حوكمڕانی میربافڵ، میری میرنشینی تاڵەبان، سیمایەكی دیاری بریتییە لە سەركوتكردن و ڕێگری لەیادكردنەوەی ئەنفال. ئەمڕۆ ژمارەیەك ڕێكخراو و چالاكوان بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی ۳٤ ساڵەی تاوانی نەتەوەیی ئەنفال لە سەكۆی ئازادی ناو پاركی ئازادی ئامادەبووین، بەڵام ژمارەیەك كارمەندی ئاسایشی سلێمانی و وەك دەڵێن: بەفەرمانی سەروخۆیان و بەبیانوی نەبونی مۆڵەت، ڕێگەیان نەدا یادی ئەنفال بكرێتەوە.

‏‎میرنشینی بارزان و تاڵەبان لە هەموو شتێكدا لەیەك دەچن و یەكتر تەواودەكەن، كەچی بۆخۆڵكردنە چاوی خەڵك گوایە ناكۆكن.
‏‎
هەردولایان بۆ داگیركەر لەسەر چۆكن بۆ ناوخۆش دەست بەچەكن و بۆ قۆرخكردنی بازاڕ و پۆست و پارە وەك یەكن، ڕێگری لەیادی ئەنفال دەكەن كەچی شین بۆ حاجی قاسم دەگێڕن.

‏‎سەیریش نییە ڕێگری لەیادی ئەنفال بكەن! تۆ سەیركە جاش و مستەشارو پێشمەرگەی دێرین وەك یەك لەیەك لیستدا خانەشینن، وەك ئەوەی لەبەردەم بنكەیەكی دابەشكردنی موچەدا لەسلێمانی پێشمەرگەیەكی دێرین وتی: "تێكەڵەین هەموو جۆرێكمان تێدایە!!”
‏‎
لەلیستی شەهیدانیشدا هەر وایە و لە فیستیڤاڵی خێڵیشدا پێكەوە لە یەك ڕیز دانیشتن و لەتەنیشت یەك بوون!!
‏‎ئەم دوو میرنشینە لەسەردەمی بارزانی باوكدا، سەردەشت عوسمان، لەسەر خەون تیرۆردەكرێت لەسەردەمی میر مەسروری كوڕدا لەسەرنیەت و كۆمێنت لەزیندان دەكرێیت!
‏‎
لەسەردەمی تاڵەبانی باوكدا ئەنفالی زانكۆ كرا، وەك خوێندكارەكان ناویانا، كەچی لەسەردەمی میربافڵی كوڕدا لەسەكۆی ئازادی ڕێگری لەیادی ئەنفال دەكرێت!
‏‎
بەندەش بەكارمەندەكانی ئاسایشم وت: "دەزانم ئێوە فەرمان جێبەجێ دەكەن، بەڵام دڵنیابن پارتی و یەكێتی بۆیە هەن بۆئەوەی كورد نەبێت، هەر بۆیەش ڕێگە لەیادی ئەنفال دەگرن، چونكە خۆیان ئەنفالی ڕۆحی ئینسانی كوردیان كرد و كوردبوونیان لەبەرچاوی خەڵك خست. بە (میر)ش بڵێن: ئەم حوكمی تۆقاندن و ئازادی كوشتنەش هەر كۆتایی دێت.”

‏‎ئەو داستانی (كۆڕێ)یەی چەند ڕۆژە هەریەكەی بۆخۆی ڕادەكێشێت، بەرهەمەكەی حوكمی جەردەسالاری و تیرۆری ڕۆژنامەوان و زیندانی سیاسی و ڕێگری لەیادی ئەنفالە.
‏‎رۆحی قوربانیانی ئەنفال شادبێت.


13/04/2022



وتارەکانی تری نوسەر