کابینەی فاشیل و پرۆسەی خوێندن

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر

کابینەی سێ قۆڵی شکستخواردو تائێستا و ئەوەی دیارە پرۆسەی خوێندن لایان پرسێک نیە،کە شیاوی ئەوەبێت کاتی زێڕینی خۆیانی بۆ تەرخانبکەن!!

 

کۆی  قسەکانیان چاوەڕێی ڕاپۆرتی لیژنەی باڵای کۆرۆنا و کەمکردنەوەی پشوەکانن،کە هەموی دو هەفتەیەک دەکات،ئەگەر ماوەی خوێندن درێژنەکەنەوە،من دەزانم،لە بەشێک لە پەروەردەکانەوە پێشنیاز و پلانی جێگرەوە هەبوە،بەڵام وەزارەتی پەروەردە و ئەنجومەنی وەزیران،وەک زۆر پرسی تر ئەوەی دەبینرێت،لە ئاستی مەترسییەکانی دواکەوتن و شکستی پرۆسەی پەروەردەدانیین.

 

ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت،نایانەوێت،ژیانی بکەرانی پرۆسەی پەروەردە دابینبکەن،کە هۆکاری بنەڕەتی بەردەوامی پرۆسەکەیە.

 

لەڕاستیدا و ئەگەر خۆمان نەبان نەکەین،لە ساڵی ۲٠۱٦  و دوای سیاسەتی نایاسایی پاشەکەوتی موچە هیچ ساڵێکی خوێندنی نیمچە ستانداردیشمان نەبوە.

 

هەر ساڵەو بەناوێک خوێندن بەڕێکراوە،وەک با پرۆسەی خوێندن،لەفەوتان ڕزگارکەین یان فریای پرۆسەی خوێندن بکەوین و هەر ناوێکی تر...

 

راستە کۆرۆنا هۆکاری سەرەکی وەستانی ژیان و پرۆسەی خوێندن بو،لە تەواوی جیهاندا،بەڵام هیچ حکومەتێک هێندەی ئەم حکومەتەی هەرێم بێباک و بێپلان سەیری پرۆسەی پەروەردەی نەکردوەو ناکات،ڕەنگە بڵێن ئێمە،لە ڕێگەی خوێندنی ئەلکترۆنی و تەلەفزێۆنی پەروەردەییەوە تاڕادەیەک لەگەڵ قوتابی و خوێندکاران بەردەوام بوین،بەڵام ئەوەی دەبینرێت و خۆشم چاودێریم کردوە،هەر دو ڕێگاکەیان،لە ئاستی نەبوندان  و پڕ کێشەن.

 

ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە چەتەییەی هەرێم،کە حکومەت بوتە پەرژینی پاراستنی بەرژوەندی دەسەڵاتەکە،هیچ لەخەمی ئێستا و ئایندەی نەوەکانی ئەم کوردستانەدا نیە،ئەوان خۆیان،لە هەسارەیەکی ترن و لە ژیانێکی سوڵتانیدان،کە هۆکارێکی مانەوەیان،لە درێژەکێشانی ئەم دۆخەدا دەبیننەوە.

 

وەک ئاشکرایە،لەم نزیکانە کۆدەبنەوەو بڕیار،لە پرۆسەی خوێندن دەدەن،هاوشانی ڕێگا و شێوازەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن،زۆر گرنگ و مەرجی بنەماییە،موچە و ژیانی مامۆستایان و بکەرانی پرۆسەی پەروەردە چارەسەرو دابینبکرێت،کە دەتوانرێت و ئەرکی حکومەتە ژیانی تەواوی خەڵک دابینبکات و دەشکرێت،ئەگەر لەبری خەمی بەرژوەندی بنەماڵە و خێزانە سیاسییەکان،وەک حکومەتەکانی دنیا،لەخەمی هاونیشتمانیاندابن.

 

راستە ژیان و سەلامەتی مامۆستا و فەرمانبەر و قوتابی و خوێندکار گرنگە و پێویستە پارێزراوبێت،بەڵام زیانەکانی وەستانی پرۆسەی خوێندنیش هەروا ئاسان نین و نەوەکان باجەکەی دەدەن،وک ئێستا دەبینرێت  و لە سایەی ئەم دەسەڵاتەدا و کۆی ژیان پایماڵکراوە. 


10/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر