هەرەسی دەسەڵات لە عێراق و هەرێمی کوردستان

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر
یەکێک،لە پێوەرەکانی سەرکەوتن یان ھەرەس و شکستی ھەر دەسەڵات و حوکمڕانییەک سیستمی پەروەردە و خوێندنێتی، باشە یان خراپ، سەرکەوتوە یان شکستی خواردوە؟

وردبونەوە، لە دۆخی خوێندن لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و دواین زانیاریش ، بەپێی ئاماژەکانی داڤۆس، بۆ پرسی خوێندن، لە عێراق و ھەرێمی کورستانیش، وەک بەشێک لە عێراق خوێندن نییە، واتە لە ریزبەندی جیھان، بۆ خوێندن و فێرکردن  کرانەدەرەوە، چونکە ھیچ پێوەرێکی جیھانی تێدانییە، لەکاتێکدا،  ڕیزبەندی جیھانی ساڵی۲۱ ۲٠ بەمجۆرەیە، سەنگافورە یەکەم، سویسرا دوەم، فیلندا سێیەم، قەتەر چوارەم پێش ئەمەریکاش کەوتوە.

دوای کەوتنی سەدام ساڵی ۲٠٠۳ سەرانی پارتی و یەکێتی دەیانوت، ئەزمونی سەرکەوتوی ھەرێم ،بۆ بەغدا دەگوازینەوە.
بەڕاستی ئەزمونی شکستخواردوی ھەرێم، لە ڕوی تاڵانی، حوکمی بنەماڵە، حیزبی عایلە، پشکپشکێنە ( موحاسەسە)لە ھەموو بوارەکاندا، ھێزی چەکداری ناڕێکخراوی حیزبی و کەسی ، .... جوانتان گواستەوە.

ئاخر خوێندن، لەم عێراق و ھەرێمە چۆن بمێنێت و بەپێی پێوەر و ستاندارد بێت، لە کاتێکدا:

۱-ھیچ ساڵێک رۆژمێری ساڵی خوێندنی ستاندارد نەبوە، بەلای کەم دەبێت ۲٠٠ رۆژ دەوام بکرێت، لەکاتێکدا،لە ۲٠۱٦ لە پاشەکەوتی نایاسایی موچەوە ئەم ستانداردە نەماوە.

۲- نەبونی فەلسەفەی پەروەردە و خوێندن و ئامانج و دنیابینی و یاسا و  سیستمی باش و سەردەمییانە.

۳- نەبونی ژێرخانی باش، لە بیناو پێداویستی و ژینگەیەکی گونجاو، بۆ پەروردە و خوێندن.

٤- دابین نەکردنی ژیانی مامۆستا و نائامادەیی دەرونی مامۆستا و بونی دەیان کێشە و گرفت.

٥- نەبونی خولی پەروەردەیی و شیاندنی بەردەوام و ڕێنەکردن،لەگەڵ پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان.

٦- دەستێوەردانی حیزب، لە پەروەردە و خوێندنی باڵا، لە سەردەمی ڕژێمی پێشو خراپترە. داھێنانی چەمکی بەرکەوتی حیزبی، لە بەڕێوەبەری قوتابخانە و خوێندگا و بڕیاردەری بەش و سەرۆکی زانکۆ و بەڕێوەبەری گشتی تادەگاتە وەزیر،کە بەشی حیزبە و لیژنەکانی ناوچە و کۆمیتە و ھاوشێوەکانیان و سەروتر، دەبێت ئەم پۆستانە پڕبکەنەوە و ئەوان دیاری بکەن،شیاوی و تواناو پێوەری زانستی و سیڤی و ئیعلانکردن، ھەر بۆ میدیایە،  ئەوەی یەکلایی دەکاتە و حیزب و سیڤی حیزبی و کەسییە.

۷-  دەستوەردان، لە پێدانی بڕوانامە و کردنەوە و زیادکردنی کورسی خوێندن، لەبەرژەوەندی کەسانی حیزبی.

ئەمانە و دەیان خاڵی تر سیماو تایبەتی خوێندن و خوێندنی باڵان، ئیتر چۆن لە ڕیزبەندی جیھانی ناکرێنە دەرەوە؟

تەنیا ئەم ھۆکارە بەسە، بۆ ئیعلانی ھەرەسی دەسەڵاتی پڕ گەندەڵی عێراق و ھەرێمی کورستان، بەتایبەتی کابینەی شکستخواردوی نۆیەمی ھەرێم، کە سەرباری دۆخی ھەرەسی خوێندن، سەرەڕای چەندین بەڵێنی ناڕاست نەیتوانیوە، کۆتایی بە لێبڕینی نایاسایی موچەش بھێنێت.

30/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر