تفی خۆت بکە و بڕۆ..

د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر

من ئەزانم بەشێک لەکاری پەرلەمانتار قسەکردنە، هەر خودی زاراوەی ( parliament ) لە بنەڕەتدا بۆ کرداری (Parler)ی فەڕەنسی دەگەڕێتەوە، بەواتای قسەکردن دێت، بەڵام پەرلەمانتار چەکێکی تریشی بەدەستەوەیە، کە دەبێت بەکاریبێنێت ئەگەر دژی حیزبەکەی خۆشیبێت، ئەویش ئەرکی چاودێری حکومەت و لێسەندنەوەی متمانەیە.

ئەو قسانەی پەرلەمانتارەکانی پارتی، یەکێتی و گۆڕان لەکۆبونەوەی ڕۆژی دووشەممە ۲٠۲۱/٦/۲۸ کردیان و پێشتریش بەڕێژەی کەم پارتی و بەزۆریش گۆڕان و یەکێتی کردویانە، تەنیا ئەوانەی ئەمڕۆ بەسە بۆئەوەی متمانە لەم حکومەتە شکستخواردوە وەربگرنەوە و کابینەیەکی تر پێکبێنن یان هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.

چونکە ئەو سێ لایەنە پێکهێنەری حکومەتن و دوو لەسەر سێی پەرلەمانن ئەو ژمارەیەش بەپێی پەیڕەو دەتوانێت متمانە لەحکومەت وەربگرێتەوە. کە نایکەن لەبەرانبەر خوا و خەڵک بەرپرسیارن چونکە ئەوان سوێندیان خواردوە کە بەرژەوەندی باڵای خەڵکی کوردستان و یەکپارچەیی خاکەکەی بپارێزن.

ئایا بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان لەمانەوەی ئەم دەسەڵاتە چەتەیی و حکومەتە شکستخواردوە ئازادیکوژەدایە یان گۆڕینی ؟ بێگومان گۆڕینی بەحوکمی ڕەشید لەبەرژەوەندی خاک و خەڵکدایە.

ئەگەر ئەمە نەکەن، هەر قسەیە لەپێناوی قسەدا، واتە ئەوەیە (تفی خۆت بکە و بڕۆ ).


30/06/2021



وتارەکانی تری نوسەر