ژینگە لە ئەدەبیاتی كوردیدا( گۆران و ژینگە)

هەندرێن شێخ راغب
لەوەتەی كورد ئەزمونی نوسینی كردووە، گرنگی داوە بە ژینگە‌و دەشێ توێژینەوەیەكی تایبەت لەسەر ژینگە لە ئەزمونی نوسینی كوردی بكرێ. بەتایبەت لە ئەدەبیات‌و شاعیرە كلاسیك‌و نوێخوازەكاندا. ژینگە لە هیچ یەكێك لە قۆناغەكانی ئەدەبیاتی كوردیدا دابڕاو نەبووە.

بەقوڵی وێنە‌و هێما‌و وەسف‌و ستایشكردن‌و جوانی‌و پاكی‌و گرنگی ژینگە لە شیعرو ئەدەبیاتی كوردیدا رەنگی داوەتەوە. 

كورد شتە هەرە جوانەكانی خۆی لە وێنەی سروشتدا بەرجەستە كردووە، بۆ نمونە كاتێك وەسفی مەعشوق‌و دڵداری خۆی كردووە، بە گوڵەباخ، كەو، كۆتر، نێرگز، ئاسك، مەل، باڵندە، .....هتد شوبهاندووە. واتە دڵدارەكەی خۆی بە یەكێك لە دیاردە سروشتیەكان‌و گیانلەبەرو باڵندەكانی ناو ژینگەی سروشتی وێناكردووە. 

لەم پێشەكیە كورتەدا چەند راستیەكمان بۆ دەردەكەوێت وەك:

1-كورد‌و ژینگەپارێزی هی ئەمڕۆ نیە‌و پەیوەندی دێرینی ژینگە‌و كورد لە ئەدەبیات‌و شیعری كوردیدا موتوربە بووە. 

2-كورد‌و ژینگە دۆستێكی جوانی یەكتربوون‌و كورد وێنای جوانی سروشتی كردووەو هەمیشە هەوڵی داوە دیوە جوانەكانی سروشت بخاتەروو.

3-كورد تا رادەی لوتكەی شارستانیەت لەگرنگی‌و بایەخی سروشت‌و ژینگە تێگەیشتووە. واتە تەنها نیگاكردن نەبووە، بەڵكو تیۆریزەكردنیش بووە. ئەمەش دەرخەری مەیلی كوردە بە شارستانیەت. چونكە ئەوانەی گرنگی بە سروشت‌و دروستكراوەكانی ناو سروشت دەدەن، هێمای شارستانیەتی ئەو گەلە دەگەیەنێ.

4-لەگەڵ ئەوەی كورد خۆراك‌و جلوبەرگ‌و كاروپیشەی بۆ مانەوەی خۆی هەر لەسەر ئەم ژینگەیە بووە، راوی كردوە، درەختی سوتاندوە، بەڵام هیچ كات سەرچاوەكانی سروشتی كوێرنەكردۆتەوەو خراپ كردن‌و وێرانكردنی سروشت لای كورد دیاردەیەكی رەتكراوەبووە. بۆ نمونە كاتێك راوی ئاسكیان كردووە نەهاتون بنەبڕی ئەم گیانلەبەرە بكەن‌و هەندێ جار لەلایەن پیاوانی كاربەدەستی ناو كوردەواری لێپێچینەوەو رێنمایی خۆی هەبووە. 

لەم نوسینەدا بەروبەرێكی فراوان لەسەر پەیوەندی ئەدەبیاتی كوردی‌و ژینگە قسە ناكەم، بەڵكو مەبەستی من لەم نوسینەدا باسكردنە لە ژینگەدۆستی لەلایەن (گۆران)، كە هەوڵ دەدەم سروشت‌و ژینگە لەلای گۆران قسەیەكی لەسەر بكەم، وەك دەزانرێ دوای شێخ نوری شێخ صاڵح، گۆران بە (عەمیدی) راگری شیعری نوێ‌و هاوچەرخی كوردی دەژمێردرێ. بۆیە قسەكردن لەسەر گۆران‌و شەنوكەوكردنی شیعرەكانی لەسەر سروشت‌و ژینگە، دەروازەیەكی گرنگمان بۆ دەكاتەوە تاوەكو باشتر‌و زیاتر پەیوەندی كورد‌و ئەدەبیاتی كورد بەژینگەدۆستیەوە بناسین. 

گۆران لەوەسفی جوانی ئافرەتدا كۆمەكی خۆی لەسروشت وەردەگرێ:

بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە
لەباخچەی بەهار گوڵم چنیوە
شەونمی درەخت لەڕووم پژاوە 
لەزەردەی زۆر كەل سەرنجم داوە
پەلكە زێڕینەی پاش بارانی زۆر
چەماوەتەوە بەرامبەر بە خۆر
هەتاوی نەورۆز، مانگی جۆدرەو
زۆر هاتوون‌و چوون بە رۆژو بەشەو
خوڕەی قەڵبەزی كەفزیوینی چەم
لەهەزار چەشنە پڕشنگی ناو تەم
میوەی گەیشتووی زەرد‌و سووری باخ
جریوەو جووكەی دارستانی شاخ 
گۆران لەم وێنانەدا بەردەوام دەبێت و ئینجا دێتەوە سەر دڵدارەكەی دەڵێ:
ئەمانە هەموو جوانن، شیرینن
رۆشنكەرەوەی شەقامی ژینن
بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز 
 بێ رووناكیە بێ بزەی ئازیز 

ئەگەر دیقەت بدەین، گۆران تەنها لەجوانی‌و گوڵزاری ماڵی خۆی ناسرەوێ، جوانیەكانی گەردوونی داگرتوەو بە بۆن‌و بەرامەی گوڵەباخەكانی بەهاری كوردەواری تێكەڵ كردوەو بەهاری رەنگین‌و ئاسمانی پڕ ئەستێرەی كردووە بەیەك تابلۆی سروشتی‌و ژینگەیی: 
بەئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە...لەباخچەی بەهار گوڵم چنیوە.

تێكەڵ بوونی رۆحی گۆران بە ژینگە‌و جوانیەكانی سروشت هێندە قوڵ و وردە، كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانرێت كەلێنیان لەنێواندا دروست بكرێ. گۆران مەل‌و باڵندە‌و پەلەوەرەكان، دەكاتە كۆرسی جوانی‌و هێمای سروشتی‌و هاوسەنگی ژیان، هێمای تێڕوانینی بۆ هونەرەجوانەكان، گۆران هارمۆنیەتی شیعری خۆی تێكەڵ بە هارمۆنیەتی سروشت‌و ژینگە كردووە كاتێك ئەڵێ:

لەژێر زەردەی خۆرەتاوا 
بەناو چیمەنی گوێ ئاوا
چەن بە ئاهەنگ، چەن سیحراوی
ئەگەڕێ قاز، یان مراوی
یا كەو لەسەر بەفری نزار
بۆ لووتكەی هەزار بەهەزار
چەن ئێسكسووك، چەن گورج‌و گۆڵ
ئەكشێ: پشت لەتۆی تەختی دۆڵ
یا كەروێشكی تێرو قەڵەو
لەبەر تریفەی مانگەشەو
چەن جوان ئەڕوا بەقونەقون
سرك‌و گورج‌و سپی‌و خرپن
یا پۆڕ لە گوێ رێگای دەشتا 
لەگەڵ سایەقەی پاش وەشتا
چەن وردوجوان، بەلەنجەولار
ئەشێلێ سەوزەگیای بەهار
یاكۆتری حەوشی مزگەوت
چەن خنجیلانەی لێ دێ رەوت

دیقەت بدە لە وشەكانی: قاز، مراوی، كەو، كەروێشك، پۆڕ، كۆتر....گۆران چ تابلۆیەكی جوانی ئەدەبی‌و سروشتی‌و هاوسەنگی ژینگەیی دروست كردووە، ئەمە وردەكاری ناسین‌و گرنگی ئەم باڵندە‌و پەلەوەرانەیە لای گۆران كە دەزانێت گیانداران‌و باڵندە‌و پەلەوەرەكان هاوسەنگی ژینگەیان راگرتووە.

لەشیعری پایزدا گۆران بەجۆرێك لەژینگە دۆستی‌و جوانی سروشتدا تواوەتەوە، مرۆڤ سەرسام دەكات، سەرسامیەك لەدوای ئاشنابونی كورد بە تەكنەلۆژیا‌و پیشەسازی‌و مۆدێرنە، غەمگینیەكی زۆر لای مرۆڤی ژینگەدۆست جێ دەهێڵێ. ئاخر تاوەكو مۆدێرنە‌و ئامێرەكانی نەهاتنە ناو دنیای كورد،ژینگە‌و سروشت‌و كورد رۆحانیەتی ژیانی یەكتربوون وەك لەشیعری پاییزی گۆران دەردەكەوێ:

پاییز! پاییز
بووكی پرچ زەرد،
من مات، تۆ زیز: 
هەردوو هاودەرد!
من فرمێسكم، تۆ بارانت،
من هەناسەم، تۆ بای ساردت
من خەم، تۆ هەوری گریانت
دوایی نایە: دادم، دادت
هەرگیز، هەرگیز
پاییز، پاییز

پاییز! پاییز!
شان و مل رووت 
من مات، تۆ زیز
هەردووكمان جووت
هەرچەند گوڵ سیس ئەبێ بگریین
ئاڵتوونی دار ئەڕژێ بگریین
پۆلی باڵدار ئەفڕێ بگریین
بگریین...بگریین..چاومان نەسڕین 
هەرگیز، هەرگیز
پاییز، پاییز

ئێستا ئێمە نەك هەر بۆ سروشت‌و ژینگە ناگرین، بەڵكو لەدوای مامەڵەمان لەگەڵ ئۆتۆمبێل‌و بازرگانی‌و تەكنەلۆژیا، سروشت‌و دارستانمان وێران كردووە، خەریكە مەترسی بە بیابان بون دەبێتە بابەتێكی جددی. رۆژانە لەبری فرمێسكی گۆرانی شاعیر، پاشماوە‌و پلاستیك‌و ئاگرو مشار دەخەینە ژێر درەختەكان. 

ئەگەر بەوردی بن دێڕی تەواوی شیعرەكانی گۆران بخوێنینەوە، خۆشەویستی كورد‌و ژیانی كوردەواری بۆ ژینگە بێ سنوورە، هەموو ئەم هەستەش لە ئەدەبیاتی گۆراندا بەڕوونی دیارە، چونكە گۆرانی شاعیر لە كاریگەری ژینگەی خێزانی‌و كۆمەڵایەتی‌و فەرهەنگی‌و سروشتی ژیانی كوردەواری بەدەرنەبووە‌و كوڕی نەتەوەو كۆمەڵگای خۆیەتی. ئەم جوانی‌و سەرسامكەریەی بۆ سروشتیش ئەنجامی ژیانی‌و بیركردنەوەی خۆیەتی لە ژینگەكەی. تەنانەت لە شیعرە سیاسی‌و نەتەوەیەكانیشی بێ وەسفی سروشت‌و ژینگەی كوردستان، ناتوانێت شیعر بهۆنێتەوە، وەك لەشیعری (كوردستان) دا دەنوسێ:

كوردستان جێگامی، جێی هەزار ساڵەم
پەروەردەی ئەم دۆڵ‌و سەر لووتكە‌و یاڵەم 
هەناسەم تێربۆنی بای كوێستانتە
دوو لێوەم پاراوی بەفراوانتە
سرنجم راهاتووی زیوی زەڕكەفتە
بە زەردەی سەربەفری ئێوارە وەختە
گوێم فێرە بیستنی خوڕەی قەڵبەزە
لەو عاستەی ژوور بەفرە، داوێن گیای سەوزە
زمانم پشكوتوی قسەی جوانتە
قسەی ناو گۆرانی شاخەكانتە

بەمجۆرە كاتێك سەیری دنیای ئەدەبیات‌و هەستی شاعیرانی مەزن دەبینین، دەبێت هەڵوەستەیەكی قوڵمان پێ بكات، كە ئێمە ئەوەندە دۆستی ژینگە‌و عاشقی سروشتین، چۆن دەبێت ئێستا رێگا بەخۆمان بدەین ژینگەپیس‌و وێران بكەین.

گۆران بە شیعرەكانی، ئەدەبیاتێكی دەوڵەمەندی لە جوانی سروشت‌و ژینگە بۆ بەجێ هێشتووین، ئەو ژینگەدۆستێكی دڵسۆزبوو لەبەرگی شاعیرێكی جواندا.

سەرچاوە: دیوانی گۆران..

23/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر