كۆتایی مرۆڤ(دەربارەی كۆڕۆناو مرۆڤ)

هەندرێن شێخ راغب

كۆڕۆنا لێدانێكی توندبوو لە غروریەتی مرۆڤ، بە مرۆڤی گوت چەندە نمایشی هێزو تواناو زانستەكانی خۆت بكەی، هێشتا نەگەیشتووی بە هێزی باڵاو كتوپڕ لەبەردەم هێرشێكی چاوەڕوان نەكراودا دەكەویت.

هەر بەستنی دەمامك، خۆی مانایەكی سمبولی زۆر گرنگی ئەم تیۆرەیە یان ئەم جەنگەیە لەگەڵ مرۆڤ. چونكە كۆڕۆنا لەرێگای دەمامكەوە بەمرۆڤ دەڵێ: دەمت داخە. چی دیكە باسی دەستكەوت‌و قازانج‌و هێزو دەسەڵاتەكەت بەسەر ژیان‌و گەردوندا نەكەیت، چی دیكە زۆر بڵێی و نمایشی دروشم‌و گوتارو پەیامە جیاوازەكانی خۆت نەكەی. دەمامك دەمی هەموان دادەخات، بەڵام چاوەكان دەكاتەوە. دەمی  مرۆڤی ئایدۆلۆژی و مرۆڤی سیاسی‌و مرۆڤی پڕۆڤیشنال‌و مرۆڤی كولتوری و ...هتد، دەمامك هیچ یەك لەم گوتارانە بە ركابەری خۆی نازانێت و قسەی هیچ یەك لەمانە بە دەرمانی خۆی نازانێت(تاكە ركابەری كۆڕۆنا مرۆڤی زانستیە)؟؟. بەڵام وەك گوتمان چاوی مرۆڤ دەكاتەوە، بە مرۆڤ دەڵێ زمانت ببەستەو بە چاوەكانتەوە سەیر بكە‌و تەنها ببینە. ئەوە ببینە كە ئەوەی كۆتایی نزیكە ئەم هەسارەیەو گەردوون‌و ژیان نیە، ئەوە خودی تۆیەو تۆ كۆتایت دێت‌و دەمریت. مردنەكەشت بەرهەمی ئەم غرورەیە كە گرتووتەو هاوسەنگی سروشت‌و ژینگە‌و ئەم هەسارەیەت تێك داوە.

ماناكانی بەستنی دەمامك خۆی كەرەستەی نوسینی كتێبێكە بەتەنیا، كە تەنها لەسەر مانا سمبولیەكانی دەم داخستنی مرۆڤ و دووركەوتنەوە لە مرۆڤی بەرامبەر دەكرێ دنیایەك شت بڵێین.

كۆڕۆنا كۆتایی تیۆرەكان بوو، تیۆری كۆتایی مێژوو كە فۆكۆیاما بانگەشەی بۆ كرد بوو بە مێژوو. كۆتایی تیۆری پێكدادانی شارستانیەتیەكان بوو كە هانتیگتۆن بانگەشەی بۆ دەكرد، هەموو شارستانیەتییەكان پێكەوە چونە بەردەم تابوتی مەرگ‌و كۆڕۆنا لەناو هەموو شارستانیەتەكانی ئەم هەسارەیە گۆڕستانی دروست كرد. كەواتە گونجاوە بڵێین ڤایرۆسی كۆڕۆنا كۆی تیۆرو بڕیارو بۆچونەكانی ناو مرۆڤایەتی ‌و دەوڵەتانی كۆتایی پێهێنا‌و دەبێت قسە لە مرۆڤایەتیەك بكەین لەدوای كۆڕۆنا؟

كۆڕۆنا گوتی ئەی مەغرور بە سنورە قایمەكان‌و جبەخانە‌و چەكە ئەتۆمیەكانت مەنازە، بەهێزی ئابوری‌و فەرهەنگی و بازرگانیەكەت مەنازە، بە سیستەمی سیاسی‌و حكومەت‌و دەوڵەتەكەت مەنازە، چونكە هێزی باڵای دیكە هەن، دێت‌و سنورەكەت ئاسان دەبڕێ‌و چەكە ئەتۆمی‌و سەربازەكانت دەبێت لەبەری ڕا بكەن. كۆڕۆنا سنورەكانی بڕی‌و مانایەكی بۆ هیچ سنورو دەروازەیەك نەهێشتەوە، بەڵام رێك پێچەوانەكەشی كرد، واتە هەموانی ناچار كرد بگەڕێنەوە بۆ سنور دانان‌و داخستنی سنورو دەروازەكان لەبەرامبەر ئەوانی دیكەو خۆ خستنەوە ماڵ. كۆڕۆنا سنورەكانی تێكشكاند، كۆڕۆنا سنورەكانی قایم كرد؟. سنوری گڵۆباڵی تێكشكاند‌و بەهەموو هەسارەی زەوی‌و مرۆڤایەتیدا بڵاوبویەوە، بەڵام سنورە لۆكاڵیەكان وناوچەیەكانی پتەو قایم كرد‌و مرۆڤی بێ سنوركردەوە بە لۆكاڵی كە لەمێژودا بەمجۆرە مرۆڤ نەبۆتەوە لۆكاڵی.

بۆچی جەخت لەوە دەكەمەوە كە بڵێم(كۆتایی مرۆڤ؟)، چونكە كۆڕۆنا نەهات پەلاماری شارستانیەتێك، ناوچەیەك، یان شوێنێكی دیاریكراو بدات..كۆڕۆنا راستەوخۆ پەلاماری مرۆڤیدا. تەنانەت ناڕاستەوخۆش نیە، رێك‌و راست و بە ئاشكرا پەلاماری مرۆڤی داو كوشتی. كۆڕۆنا نایەت ئازارێكی راگوزەری مرۆڤ بدات، بەڵكوشەڕی مەرگی لەگەڵ دەكات. ئەمەش ئەم دیدە لای ئێمە تۆختر دەكاتەوە كە تیۆری كۆتایی مرۆڤ بڵێین. بەڵام ئایا مرۆڤ كۆتایی دێت؟ ئایا مرۆڤ هێندە زوو تەسلیم دەبێت؟ هەر ئەم مرۆڤە توانی تاعون‌و سیل تێك بشكێنێت. دەیان جەنگ‌و دیاردەی توندی سروشتی تێپەڕێنێت. مرۆڤ تا ئەم ساتەوەختە بەرگەی مانەوەی گرتووە. لە ململانێی توندیش دایە لەگەڵ كۆڕۆنا‌و گومانم نیە سەریشدەكەوێت، وەك چۆن مرۆڤ ئێستا لەدژی شێرپەنجەش لە جەنگێكی سەخت دایە. مرۆڤ بێ دەردو بێ نەخۆشی‌و بێ كەموكورتی نابێت، ئەمە بنەڕەتی ژیانی هەر مرۆڤێكە، بەڵام قسەكردن لەسەر كۆڕۆنا پانتایەكی فراوانترو قوڵترو جدی ترە. هەڕەشەی كۆڕۆنا بەرامبەر ژیان‌و مانەوەی مرۆڤ هێجگار جددیە. 

كۆڕۆنا پەلاماری روەك‌و ئاژەڵ و گیان لەبەری دیكەی نەدا، رێك‌و راست دەیەوێت مرۆڤ كۆتایی پێ بهێنێت. مرۆڤیش نەك هەر دەمێنێتەوە بەڵكو دوای سەركەوتن بەسەر كۆڕۆنادا دەگەڕێتەوە بۆ هەمان غروریەتی پێشووی. بەڵام ئەمەش ئەم تیۆرە بەتاڵ ناكاتەوە كە هەمیشە مەترسی كۆتایی مرۆڤ هەیە. وەك چۆن دین گەورەترین كار لەسەر تیۆری كۆتایی ژیان‌و مرۆڤ دەكات، بەڵام دین جیاوازیەكەی ئەوەیە لەدوای كۆتایی ژیان‌و مرۆڤ لە ئێستادا، ژیان‌و مانەوەیەكی دیكەی ئەبەدی دەبەخشێتە مرۆڤ. كۆڕۆناو هاوئاوازەكانی هەرگیز مژدەو بەڵێنی لەمجۆرە بە مرۆڤ نادەن.

21/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر