توركیاو جەنگی رۆژاڤا! راكردنی پشیلە تا كایەنەكەیە

ئاسۆ عەبدولەتیف



داگیرگردنی بەشێكی گرنگ لە رۆژئاوای كوردستان و دابڕكردنی ئەو ناوچە ستراتیجیە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی كانی ئاشتی و سوپای موحمد و بە پشتبەستن بە تیۆرەكانی غەزاكردن و جیهادو كوشتوبڕی كوردان لەلایەن ئەردوغان و فاشیزمی توركیەوە، هیچ دەركەوتێكی نوێ نەبوو لە هەمبەر سوپای توركیاو لەشكركێشی و پاكتاوكردنی نەژادی و سڕینەوەی مۆرك و شوناسی كوردیی، چونكە فەرهەنگی توركی لە قەتڵوعامی ئەرمەنەوە تا رەشەكوژی كوردان لە دێرسیم و كۆبانێ و عەفرین تا دەگات بە سەرێ كانی پڕیەتی لەم جەورو ستەمكاریانە.

 
 بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە لە ئێستادا كۆمەڵێك دەركەوت و پێشهاتی گرنگی بۆ دۆزی كورد نوماكردو كوردیش پێویستە باشتر لە جاران پیشەسازی فیكریی و سیاسی پێوە بكات، خاڵی ستراتیجی گرنگ بۆ كورد لەم پرۆسەیەدا، ئەوەبوو كە دیكتاتۆریەت و سیستمی فاشی و دڵرەقی توركیای بەم مۆدێلە ئاینیەوە نیشانی رای گشتی و كۆمەڵگای رۆژئاوایی دا، كوردی جارێكی تر وەك قوربانیەك خستەوە ناو مەحفەلی دەولی و ناوەندو بڕیارگە جیهانیەكانی وەك كۆشكی سپی و كرملن و ئەلیزێ و شەقامی میدیایی جیهانیی، ئەم دیوە تراژیدییە و ئەم هاوسۆزو پشتیوانییە مەعنەویی و كۆدەنگییە بە چەندین ساڵ خەبات و قوربانیدان و هێزیی میدیایی ئاسان نەبوو بێتەدیی، پاشان كورد سەرباری ئەو دۆخەنالەبارو گوشارە عەسكەریی و رەشەكوژیەی لەسەریی بوو، نەك خۆی تەسلیم نەكردو ئیرادەی نەشكا، دژیی تاریكترین و ناشیرینترین رێكخراوی وەكو داعش و فاشیترین سوپای زەبەلاحی ناوچەكەو جیهان، بەڵكو جەنگەكە سەرەرای نابەرابەیی، مۆتیڤی ئەوەی پێ بەخشی كە لە رێگەی دەزگا هەواڵگریەكانیەوە شوێنپێی ئەبوبەكر بەغدادی هەڵگرێت و بیكاتە ئامانج و بە سزای بگەیەنێت و توركیا توشی ئیحراجیەكی گەورە بكات كە بەتەواوی وەك بەڵگەی تێوەگلان و تاوان لەگەڵ داعش هاوتایان بكاتەوە لە داهاتووی نزیك لە دادگا نێو دەوڵەتیەكان، ئەمە وەك هێزو ئیرادەو ستراتیجی گەورە تەماشا كرا كە لەناو قەڵەمرەوی توركیادا ترسناكترین تیرۆریستی جیهانی دەستنیشان بكەن و بكوژن و توركیاش بخەنەبەردەم مەحەكی لێپرسینەوە، كە هەم لەلایەن ئەمریكاو هەم لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە وەك دەستكەوت بۆ كورد هەژماركرا.

 
مۆدێلی ئاكەپە ئێستا ئیدی لە دوای ئەم روداوانە بەرەو داخزان و شكستی تەواوەتی دەروات،  ئەم مۆدێلە واتە سوڵتانیزمێك كە خەریكی فراوانخوازی و بڵاوكردنەوەی باڵەكانیەتی بەرووی جیهانی ئیسلامی و دەستبەسەراگرتنی ئایدۆلۆژیای دینی و بەكارهێنانی دین و ئاین و شەعیرەكانی  بۆ پاراستنی شكۆو تۆكمەكردنی پایەكانی خەلافەت، بەڵام دیارە ئەم خەلافەتە دەبێت بروخێت بەدەستی كورد و بە پشتیوانی ستراتیجی هێزی كوردیی و دیارە ئەمریكاش باش لەوە گەشتووە ناخوازێت خۆی راستەوخۆ بێتە ناو ئەم جەنگەوە، بۆیە تا ئەم ساتەوەختە ناوەناوە هێزی خۆی دەنێرێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان بۆ تەواوكردنی گەمەكە!


 لە رابردوو ئەتاتورك هەمان خەون و كەڵكەڵەی هەبوو، كۆمارەكەی بەرەو كۆمارێكی عەلمانی و لائیك بردو بەتەواوی ئاینی خستە دەرەوەی مێژوو، رەنگە ئێستا ئەردوغان بیەوێت ئەو ئەركە وەئەستۆبگرێت و بە مەبەستی قایمكردنی دەسەڵاتەكەی، ئاینی بەتەواوی كردۆتە پەیژە ،  توركیای بەتەواوی خستۆتە ناو مۆدێلی سوننەگەرای رۆژهەڵاتەوە بە سپۆنسەریی ئیخوان موسلیمین و قەتەرو فەتح و بزوتنەوەی حەماس و چەندین رێكخراوی سوننەگەرای جیهانیی، بەڵام نە كورد بەم شاڵاوە رازی دەبێت و نە هاوكاریش دەبێت و نە تەسلیمی ئەو فاكت و واقیعە دژوارە ش دەبێت، لەلایەكی ترەوە ئەردوغان كە خاوەنی مۆدێلێكی جیاوازە لە رۆژهەڵات و جیهانی ئیسلامی، خەریكی فراوانخوازی و مۆنۆپۆڵكردنی فیكری دینی سوننی و راكێشانی هەست و سۆزی دەوڵەتە دینیە لاوازەكانی ناوچەكەشە دژی عەرەبستانی سعودیی و هەندێ دەوڵەتی دیكە، ئەمەش بە پشتیوانی مەرجەعە شیعیەكانی ناوچەكە، ئەوانیش خوازیارن گوتاری سوننی پەرت و بێهێزبكەن و مەرجەعیەتی سوننە، لەدەستی عەرەب دەربهێنن و بیدەنە دەستی سوڵتانێكی لاوازو ئیمپراتۆریەتێكی تورك، كوردیش بەو حوكمەی لەناو ئەم مەنزومە دینیەدایەو كێشەی ناسنامەی دینی نیە كێشەكەی تەنها كێشەی نەتەوەیی و نەژادییە دەبێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و رێگربێت لەوەی ئەردوغان یاری بەم كارتەشەوە بكات.


سەرێ كانی و گرێ سپی!


دەبێ ئەوە بزانین ئەمریکاو ئیدارەی ترەمپ، تا ئەم ساتەوەختە بەشوێن بۆنی باروتەوە نین، ئەوەندەی بەشوێن سەرچاوەی داھات و دەستیشانکردن و رەنگکردنی جێ پێی بازرگانی و سیاسەتی ھەژمونگەرای خۆیانن بۆ جیھان و بەربەرەکانێی بلۆکی چین، ئەوەی لە باکوری سوریاو رۆژاڤا ڕوو ئەدات تازە نییەو سیاسەت و شرۆڤەی ئەو رەوشە بە تویت و لێدوانی سادەو ئایدۆلۆژی ناپێورێت، شتێک ھەیە پێی دەوترێت لۆژیکی ھێز، کورد ئەو لۆژیکەی ھێشتا بەدەستەوەیە ئیدی بۆ کامپی روسیا بێت یان ئەمریکاو دۆستەکانی، ئەم پێشھاتە تەکمیلەی ھاوکێشەیەکی کۆنی ئەمریکاو تورکیاو روسیایە، ئەمریکا شەڕ بۆ تورکیا ناکات، بۆ کوردیشی ناکات بەڵکو پیشەسازی بەشەرەوە دەکات، شەڕ دەخاتە بەردەرگای تورکیا، دوای ئەوەی کە دۆستەکانی پرچەک کرد"ھەسەدە_ یەپەگە" ئێ خۆ بۆ پۆزو گەشت و سەفا نییە، دروست بۆ پیشاسازی شەرە، بۆیە دەوڵەتانی میحوەریی " ئێران تورکیا" بە سەرگەرمبونیان بە جەنگەوە لاواز دەکات، تورکیا بەتایبەت دێنێتە بەردەرگای جەنگێکی سەخت و دەشزانێ جەنگی یەکلاکەرەوەی پێ ناکرێت، بێلایەنی ئەمریکا بۆ شەڕی رۆژاڤاو دروستکردنی ناوچەی ئارام، مانای جێھێشتن و پاشەکشە نییە لەو قوڵاییە ستراتیجییە کوردییە روسیی ئەمریکییە، دەیەوێت سەرەتا تورکیا وەک پۆلیس رام بکات، تەرە نەبێت، رۆڵی باشتر‌ ببینێت و خزمه‌ت به‌ ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا بکات و ھیچ نەبێت لە ئێستادا سەرئێشە نەبێت بۆ کۆشکی سپی.


فەرھەنگی تورکی پڕە لە چیرۆکی رەشەکوژی و تۆماری رەشی فاشیزم و دژە ئینسانی، ئەمریکا دەزانێت تورکیا فایلی لەمە رەشتر نابێ بەھۆی باری لاسەنگی ئابوریی و لیرەکەیەوە، ھەنگاوی گەورەشی پێ ناھاوێژرێت دژی رۆژاڤا، تارادەیەک دەستکراوەی کردوە بۆ دوسێ ئامانج نەک زیاتر، بینیمان رەشەکوژیی لە کۆبانێ و عەفرین و ڕۆبۆسکێ کە پشتگیری و سەپۆرتی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتریش بوو ئەمریکا ھەر بێدەنگ بوو، ئێستاش بێدەنگی لێ دەکات بۆ کاتی خۆی، فرۆشتن لە ئارادا نییە وەک ھەندێ چاودێر باسی دەکەن، جەنگێک گەر روو بدات ھیچ لە سودی ئەنکەرە نابێت، ئەمریکا دەزانێت ئەردوغان وەک جاران سوڵتانی رەھا نییەو ئۆپۆزسیۆن و رای گشتی و ئابوریش رێگەی پێنادات جەنگی گەورە ئیدارە بدات.


تورکیای سەردەمی ئەردوغان، دەرکەت مۆدێلی توندرەویی ئاینی بێفکرە، ئەمریکا ویستی بیخاتە ریزی بەرەی نوسرەو شام و داعش و کردیشی، بەس ھێشتا ماویەتی، ئێستا لە بەشێکی زۆری سوریا داعش و بەرەی شام لەبەرگی تورک و تورک لەبەرگی داعشدا ھەردوکیشیان لەناو مەنزومەیەکی ئاینی میتۆد فاشیدا کار دەکەن ئەمریکا ئەوەی دەوێت تا ھێڵەکان بە باشی بناسێتەوە، پێشتر دیدی خورافەو زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننی لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردوغان قەڵغان بوو، ئێستا ئیتر ئەو قەڵغانە لاواز بوە دوای کێشەکانی سعودیەو ئێران و یەمەن و تورکیاش ترسی گۆڕینی لێ نیشتوە، ئەم ترسە تاکە شتێک بیرەوێنێتەوەو شەقامی پێ رازی بکات مەسەلەی لەشکرکێشی دەرەکییەو تورکیا زۆر شانازی پێوە دەکات بەڵام رۆژاواش خاوەنی چەک و دسپلینەو پاروەکە ئاسان نابێت و دەستکراوەیی ئەردوغان لە کۆشکی سپیەوە بۆ لەشکرکێشی نوێ پلانی ئەمریکایە بۆ جەنگی دیکە، نەک بەدەستەوەدانی کانتۆنەکان!


تورکیا ھێشتا بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا گرنگەو ئەمریکا نایەوێ بەتۆپزی تورکیا بتۆرێنێ، بەڵکو دەیەوێ تورکیا بێنێتە سەرلێواری برسێتی بە جەنگی سوریاو رۆژاڤا، ماوەیەک خەریکی بکات، ئینجا کوردیش لە ئەجێندای ئەمریکا ئەوەندە فشار نییەو کۆنتراکتی نوسراوی نییە وابزانین ئەمریکا باوکە گەورەکەیە چیتر ئەم عاتیفەسازییە دەبێ کۆتایی بێت، کاتی ئەوەیە کورد چیتر چاوەڕوان نەمێنێتەوەو ئەوەندەش بە سۆزو موغازەلەوە سیاسەت نەکات بێئومێدی بچنێتەوە کاتێک زانی دەوڵەتێکی گەورە لە ھەڵوێستی پشتگیریکارانەوە دەگۆرێت بۆ ھەڵوێستی بێلایەنی، سیاسەت وایە خۆ ئەمە نوێ نییە بۆ کورد، چیرۆکی بێمروەتی لە دێرسیمەوە درێژبۆتەوە بۆ ئازاری حەفتاوچوارو داگیرکاری عەفرین و کەرکوک و شانزەی ئۆکتۆبەر، حەسەن نەسروڵا وتەنی ئەمریکاش جێگای متمانە نییەو دەبێ کوردیش چیتر وەک خۆی سیاسەت بکات و نمایشی بازوی خۆی بکات


بە دیوی توركیادا!
توركیا لە ئێستادا وەك سوڵتانێكی نوێ و سیستمێكی كۆماریی تاكەكەسی، دەزانێت سەختە بەرگەی ئەم دۆخە بگرێت ئەردوغان هەرگیز وەك كەمال ئەتاتوركی پێ ناكرێت لە رووی سەربازیەوە، تەنانەت قۆناغی ئەتاتورك بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئەوكات شتێكی تربوو، كورد بەتەواوی دابەشكراوبوو، وەك كۆمۆنە وابوو، بەتەواوی لەمەنگەنەی ئیمپریالیزم و دەوڵەتانی تورك و فارس و عەرەب درابوو، ئێستا وانیە،
 "مستەفا كەمال ئەتاتورك" كاتی خۆی زیاتر لەناو قەیرانی سەخت و جەنگ و ئاژاوەدا هات و خۆی كردە سیمبولی توركەكان و تا ئێستاش تارماییەكانی ئەم كاریزمایە ماون بەسەر زیهنیەت و بیركردنەوەی تاكی توركیەوە، ئەردوغانیش دەیەوێت هەمان رێگاو سەختی تاقی بكاتەوە، بەڵام چانسی رەشی ئەردوغان ئەوەیە قۆناغەكەی كەوتۆتە ناو هۆشیاریەكی گەورەی سیاسی و فەرهەنگی و بەرخودان و زیندوبونەوەیەكی گەورەی رۆحی كوردیەوە بە سەپۆرتی گەورەی رێكخراوە گەورە كانی جیهان و دەوڵەتانی دیموكراسیەوە، ترەمپ راستە بریاری كشانەوە ئەدات، وەلێ هەزاران رەخنەو رێگریی و رەنگە ئاستەنگی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ دروست بێت لە داهاتوو.


ئەردوغان وەك سەركردەیەكی خۆرهەڵاتی دەیەوێت سوود لەم دەرفەت و ئاژاوەیە وەربگرێت و نمایشی كەسایەتیەكی موجاهیدو رزگاركەرو پاڵەوان بۆ خۆی بكات و بەتەواوی وەك ئەڵتەرناتیڤی ئەتاتورك دەربكەوێت و وێنای ئەمریكاو ئیسرائیل وەك دوژمنی ئیسلام و تورك بكێشێت و خۆشی وەك پاڵەوانی بەرگری ئەم شانۆیە بناسێنێت، بەشێكی رۆژاڤا داگیر بكات تاوەكو شكستی هەڵبژاردنەكانی رابردووی ئەنكەرەو ئەستەنبوڵی پێ كاڵ بكاتەوە، بەڵام وێنەكە بە جۆرێكی ترە، راستیەكەی هەرگیز نێوانی ئەمریكاو توركیا خراپ نەبوە، لەهەندێ جێگاشدا كاتی خۆی لە سوریا وەك "منبج" ئۆپەراسیۆن و مانۆری هاوبەشی سوپای ئەمریكی و توركی  هەبوو، بۆیە هەر بە جدیی ئەمریكا دەزانێت توركیا تا چ رادەیەك توانستی هەیەو دەشزانێت راكردنی پشیلە تا كایەنەكەیەو بەس.



04/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر