کوردو تراژیدیای شەراکەت

ئاسۆ عەبدولەتیف



لە دەستورو قانونی بنەڕەتی سەردەمی پادشایەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢٥ واتە دوای دابەشکردنی کوردستان و پەیماننامەکانی سیڤەرو لۆزان. بە تۆپزیی ستەم و نادادیی سیستماتیک لە ڕووی زمان و فەرهەنگ و ئابوریی و جیۆپۆلەتیک، لە کورد کراو مافی بە ئاشکرا پێشێلکرا و شەراکەتیان خستە ژێر پرسیارەوە بەبێ ئەوەی شۆڕشی پێ ڕەواببینن و مافی قسەکرن و ئاخاوتن و ژیانی پێبدەن.


دواتر لەدەستوری قەومیەکان و عێراقی سەردەمی کۆمارییدا لە ساڵی ١٩٥٨ دیسان ئەو سازان و شەراکەت و کەرامەتە نەتەوەییەی کورد، بە قورسی و بەرنامەڕێزیی خرایە ژێرپێ و ستەم دوای ستەم لە کوردی باشور کراو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و کۆمەڵەی گەلانیش ئەوکات نەیانتوانی بەربگرن بەم بەربەریەت و ڕەگەزپەرستیەی عەرەب و کوردیش وەک خاوەن کێشەو دۆزگەرییەکی ڕەوا جگە لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، پەنای بردەوە بۆ دانوستان و دیبلۆماسیەتی نەرم و یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانی ئەو هانگاوانەش جێکردنەوەی هەندێک بڕگەو مادە بوو لە دەستوری ئەوکات، وتەزای دەستوریی كورد-اکراد،  هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات بێت له‌ عێراقی نوێدا كه‌ له‌ ماده‌ی 3ی ده‌ستوری ئه‌وكاتی عه‌بدولكه‌ریم قاسمدا دەڵێت؛

 
ـ ـ يقوما لكيان العراقي على أساس من التعاون بين المواطنين كافة باحترام حقوقهم وصيانة حرياتهم ويعتبر العرب والأكراد شركاء في هذا الوطن ويقر هذا الدستور حقوقهم القومية ضمن الوحدة العراقية-1958". واتە چەمک و پرەنسیپی شەراکەت و هاوبەشی کوردو عەرەب بۆ بەڕێوەبەریی و بنیادنانەوەو حوکمڕانی دەبێت وەک مافێک بچەسپێت، کەچی نەک ئەمە نەکرا بەڵکو، حەرەس قەومیەکان و سەفاحڕەنگ و لیواو فەیلەقە عەسکەریەکانی ئەوکات زەعیم سدیق بە نمونە کوردستانیان کردە ناوچەی خوێن و ڕۆژی ڕەشیان لە فەرهەنگ و بیبلۆگرافیای ئێمە تۆمارکرد بە هاڕین و سڕینەوەو ئیبادەی جەماعی و کوشتن و لەناوبردنی هاونیشتیمانیان لەبری چەسپاندنی هاوبەشی و شەراکەتی حوکمڕانی، ئەو عەقڵیەت و مێنتاڵێتی زەعیمگەرییە شۆڤێنییە بەدڵنیاییەوە وەک سێبەرێک کارایی تا ئێستاش ماوە لای شیعەکان.



دیسان حیزبی بەعسی شۆڤێنی دوای دەیان کۆدێتای سەربازی کە دەسەڵاتیان گرتە دەست لەساڵی ١٩٦٨و لە دەورەی ئەحمەد حەسەن بەکر، دەستورێکیان بۆخۆیان دوریی و بە ڕوکەش شەراکەت و ئۆتۆنۆمیان بۆ گەلی کورد تەسبیت کردو بەیاننامەی ١١ ئازاری ساڵی ١٩٧٠ ی شۆڕشی ئەیلولی لێ کەوتەوەو هاتە پەسەند کردن، ئەو پرەنسیپ و شەراکەتەش کە بە خوێن و قوربانی پێشمەرگەو کارەسات نوسرایەوە ژێرپێی بەعسیەکان خراو بەرهەمەکەی تراژیدیای ئەنفال و کیمیاباران و وێرانسازییەکی کوشندەو سڕینەوەی مۆرک و شوناسی میللی بوو.


له‌ ساته‌وه‌ختی كۆتایی مۆدێلی بەعسیزم-سه‌ددامیشەوه،‌ له‌ 9/4/2003 وامان زانی عێراق ئیدی رزگاریی بوە لەو عەقڵیەت و روانگە تائیفەگەریی و مەزهەبگەریی و دیکتاتۆریەتەو جه‌سته‌كه‌ له‌نگه‌ری ئارام ده‌گرێت و تێزی شەراکەت و تۆلێرانس و مرۆڤدۆستی و دیموکراسی ئیدی دێتە ئاراو نیەتی مێژویی فاشیزم و قوسوەت و دڵڕەقی ده‌گۆرێت و لە دەستوری نوێی دەوڵەتی تازەی فیدراڵدا جێگایەکی شیاوی بۆ دەکرێتەوە، وەلێ لەو میساق و دەستورەی ساڵی ٢٠٠٥  یشدا، کە بە راپرسی دەستوور ناسرا، نەک شەراکەت وەک زاراوەو کۆنسێپتێک ژێرپێ خراو سەرمایەگوزاریی پێوە کرا لەلایەن شیعەکانەوە، بەڵکو بینیمان لەو مێژوە تازەوە چی ڕویداو چۆن سوکایەتیان بە گەلی کورد کرد لە پێشێلی مادەی ٥٨ و  ٥٣ و ١٤٠ ی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و زەویە کشتوکاڵیەکانەوە بیگرە، بۆ دەستبردن بۆ هەمواریی دەستوور و گۆڕین و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم کە بە دەستور چەسپێنراوە، تا لێدان لە خواستە نەتەوەییەکان و بڕینی بودجەو کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە بودجەو میزانیەی عێراق  بۆ ٪١٣ و جوڵاندنی هێزو جەبەروتی ترسناک دژی هەرێمی کوردستان، تا گەشت بە وێستگەی  ١٢-١١-٢٠٢٠ ناو پەرلەمانی عێراق کە لەژێر پەردەی دەنگدان بۆ یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنان و قەرزی دەرەکی، لە بەرەبەیانێکی زووداو بە پاڵپشتی کوتلە گەورەکان و بە کۆی دەنگ قوتی خەڵکی کوردستانیان بڕی و بەتۆپزیی یاساکەیان تێپەراندو ئیرادەی زۆرینەیان فەرزکرد بەسەر ئیرادەی کەمینەداو کوردیان کردە دەرەوەی پرۆسەکە.

 


 بۆیە تابلۆی شەراکەت تا بێت قێزەونتر دەبێت لە دیدو ڕوانگەی ئەم تایپە حوکمڕانە شیعی سوننیەدا، تابێت چەمکەکە‌ ناشیرینتر  دەبێت و پێسته‌كه‌ش گه‌ڕتر‌ دەبێت. ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ عێراق رووده‌دات خه‌یاڵدانی فاشیه‌ت و مۆدێلی تاكره‌وییەکی ناسیۆنال مەزهەبی کوشندەیە له‌ سیستمی حوكمرانیداو هەمان خەونی حەرەس قەومی و زەعیمیستەکانی سەدەی پێشوە بۆ کورد،  ئه‌م كه‌ڵكه‌ڵه‌یه‌ له‌ مێشكی نوخبەی حوکمڕانی هه‌موو عێراقیه‌كدا هه‌یه‌و  قه‌ده‌ری سۆسیۆلۆجیای تاكی عێراقییه. گەر هەموو بیرە نەوتەکانیشیان رادەست بکەین بە داهاتە ناوخۆییەکانیشەوە وەک چۆن چەندساڵێکە بیرە نەوتەکانی کەرکوکیان موستەعمەرە کردوەو لەژێردەستە، ئەوان هەر چەمکی شەراکەتیان قبوڵ نییە‌، حەشدی شەعبی و دەیان گروپگەلی شیعی و سوننی سەدانبار نەوت و کانزا دەفرۆشن و داهاتی ناوخۆیی دەبەن بەبێ هیچ پرسینەوەیەک و داهاتەکەشیان لەو پەرلەمانە نەک نایبڕن بەڵکو کراوەتە یاساو قسەشی لەبارەوە ناکرێت، ئەمە بۆتە كه‌لتورو چیرۆکێکی سیاسی و فه‌زایه‌كی سامناك و ناشیرین‌، هه‌مان كه‌لتوری سیاسی و فه‌زای رابردووی دوای مه‌له‌كیه‌ته‌ بۆ قه‌ومیه‌كان و عارفه‌كان و سه‌لامه‌كان و به‌كره‌كان و به‌عسیه‌كان تا عه‌بادی و مالیكی و عامیریی و حەلبوسیەکان کە بە نەهجی بەعسیەکان قسەدەکەن.


ئەگەرنا عێراق ئەگەر ئەقتابە گەورەو گروپگەلەکانی دەرەوەی یاسا داهاتەکەی نابەنە دەرەوەی وڵات بۆچی دەبێت قەرزار بێت و قەرزی دەرەکی بکات، چ لۆژیکێکە عێراق کە خاوەنی ئەو هەناردە گەورەیەی نەوت بێت و کەچی قەرزار بێت، یان عێراق بۆتە کۆڵەگە بۆ راستکردنەوەی باری لاری ئابوریی هەندێک دەوڵەتی ناوچەیی و هیلالی شیعی و کورد دەبێت باجەکەی بدات!


بۆیە بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بەو تۆپزییە شەڕی شۆڤێنیزمی تازەی مەزهەبگەراکانی عێراقە و شەڕی شکاندنی ئیرادەی تاک و ستاتۆی کوردیی و شەڕی سڕینەوەی مۆرک و شوناسی نەتەوایەتییە بە هەموو پێوەرێک، ئەم دۆخە ئەگەر تێپەرێ و بێتە کەلتوری زۆرینەو کەمینە کورد زۆر دەرفەتی مێژوویی لەدەست دەدات بە دورخستنەوەی لە بودجەو موازەنەی ٢٠٢١ یشەوە، بۆیە ئەمە سەرەتایەکی مەترسیدارە بۆ لێدان لە گوتارو ئیجماعی کوردیی و ڕەنگە ئەم زۆرینەیە ئیتر بێتە مۆدێل بۆ سەپاندنی تاکڕەویەکانی زۆرینە.


16/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر