هەولێری بەرپرسان و هەولێری خەڵک، لە سایەی ئەندازیارانی بێ دادیدا

کاوه‌ محه‌مه‌د
جێی خۆیەتی ئێستا لەو بەرپرس و میدیا حزبی و کەسانە بپرسین کە هەمیشە باسی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەولێر دەکەن، ئاخۆ ئێستا لەبەردەم ئەو کارەساتە دووبارەبووانەی لافاو و ئەو بێ باکی و بێ پلانیەی حکومەتی هەرێم چی دەڵێن ؟..بۆچی لەماوەی (٣٠ ساڵ)ی حوکمڕانیاندا تەنانەت نەیانتوانیوە بنەڕەتیترین و لەپێشترین پرۆژە بۆ پایتەختی هەرێم جێبەجێ بکەن کە ئەویش دروستکردنی تۆڕێکی ئاوەڕۆیە کە رێگە لەوە بگرێت لەگەڵ هەر چەند سەعاتێک باران بارین-دا شار ئاو بیبات، لەکاتێکدا جگە لەو هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتیەی ناوخۆ، نزیکەی (١٠٠ ملیار) دۆلار لەبەغداوە بۆ هەرێم هاتووە، ئەمە جگە لەپارەی پەرەپێدانی هەرێمەکان کە دەبوو تەنها بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاریی تەرخانبکرێت..

هۆکار زۆرن کە بۆ ئەوە نەکراوە و بۆچی هەرگیز دەسەڵات ئەمەی بە خەم و ئەرکی خۆی نەزانیوە، بەڵام یەکێک لەهۆکارە هەرە سەرەکییەکان ئەوەیە کە دەسەڵاتاران کاریان لەسەر ئەوە کردووە شارەکە بکەنە تەختەیەکی نمایشی موزەیەف و کۆمەڵێ پرۆژەی شەقام و باڵەخانەی بەرز و جێ سەرنج بنیاتبنێن کە زۆر بە ئاسانی چاوەکان بۆ خۆیان کەمەندکێش بکەن و ئاماژەی ئەوە بدەن کە گوایە ئەوان خزمەتی شارەکەیان کردووە، واتە تەنها کاریان لەسەر چاو کردووە، نەک شارەکە و خەڵکەکەی چیان پێویستە بۆیان بکرێت. جگە لەوەش زۆربەی ئەو پرۆژانەیش کە کراون، لەو بەشانەی شاردان کە ماڵ و ئۆفیس و بارەگا و رێگای هاتوچۆ و شوێنی رابواردنی بەرپرسان خۆیانی لێیە، هەر بۆیەشە هەولێر لەسەر دەستی ئەوان بۆتە دوو هەولێر، هەولێرێک کە تەنها هی خۆیانە و ئەویتریشیان بە پشتگوێخراوی بۆ خەڵکە داماوەکەی بەجێهێشتووە کە لەگەڕەکی زۆر بێ خزمەت و فەرامۆشکراو ژیانێکی کولەمەرگی تیایاندا دەبەنەسەر، لەهاوینان بێ ئاوی و زستانانیش لافاو هەراسانیان دەکات. هاوشانی ئەمەش، ئەو هەموو بێ دادی و سیاسەتی پۆلیسیی بێدەنگکردنی خەڵک، وایکردووە هەولێرییەکان هەمیشە دەروونیان هیلاک و ماندووبێت و هەندێکیان یان سەری خۆیان بۆ دەرەوە هەڵگرن و هەندێکیشیان هەوڵی خۆکوشتن بدەن و ئەوانی تریش هەمیشە و بێ دەرەتان پیش بخۆنەوە. ئاخر ئەو بێدەنگیەی لەهەولێر هەیە، بێدەنگیەکە لەهی قەبرستان دەچێت، نەک بێدەنگیەک کە ئاماژەبێت بۆ ئارامی و بێ کێشەیی خەڵک.

بۆیە ئەوەی تا ئێستا لەهەولێر کراوە و هەندێک ناوی لێ دەنێن (پێشکەوتن !)، لەراستیدا (پێشکەوتن)ێکی هەڵخەڵەتێنەر و بێ رۆحە و نادادی لەنێوان گەڕەکەکانی بەرپرسان (کە زۆربەیان هەولێری نین) لەگەڵ گەڕەکەکانی خەڵک زیاتر و قووڵتر کردۆتەوە و لەم کاتانەی وەک ئێستای لافاودا، بەروونی بە ماڵ و حاڵ و گەڕەک و دەروون و دەربڕینی خەڵکی شارەکەوە دیارە، چونکە لەراستیدا بەرپرسانی شارەکە و هەرێمەکە، ئەندازیاری بێ دادین نەک ئەندازیاری ئاوەدانی. 

17/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر