ئەو سەردانانەی مایەی شەرمن نەک شانازی

کاوه‌ محه‌مه‌د

لە دنیای دیپلۆماسی-دا هەمیشە وا باوە کە پایتەختێک ببێتە شوێنی پێشوازیی گەرمی سەرۆک و  وەزیرانی وڵاتان، ئەوە خاڵی بەهێزی ئەو پایتەخت و ئەو دەسەڵاتەیە کە تیایدا حوکم دەکات، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان و لەم ماوەیەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی وڵاتان لەدوای بەغدا ڕوو لە هەولێر دەکەن، نەک هەر بەدەرە لەو رێسایە، بەڵکو بەڵگەی لاوازی و کەمبوونەوەی پرەستیجی نێودەوڵەتیی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەردەخات.

لەلایەکەوە ئەو سەردانە یەک بەدوای یەکانە، ئەو پەیامە ئەرێنییە لەخۆ دەگرن کە هێشتا هەرێم جێی بایەخی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە، بەڵام هاوکات پەیامێکی بەهێزی نەرێنیش لەخۆدەگرن کە دەسەڵاتدارانی هەرێمەکەمان کەوتوونەتە ژێر پرسیاری زۆر جدیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی بڕیاربەدەستی دنیا بۆ دروستکردنی گوشار و گەیاندنی پەیامی ئاگادارکردنەوە هاتوون بۆ هەولێر، چونکە لەسەر زۆر کەیس و بوار تێبینی و ناڕەزاییان لەلا دروستبووە و گەیشتۆتە تینیان، ئاخر سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانییە سیاسی و دیپلۆماسی و داراییەی لەهەرێمی کوردستانیان کردووە و لە زۆر بواردا رێنمایی و ئامۆژگارییان کردوون، کەچی هێشتا هێزی پێشمەرگە یەکنەخراوە و بە دامەزراوەیی نەکراوە، هێشتا هەولێر لەگەڵ بەغدا رێکنەکەوتووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا نەکرا و دیاریش نیە کەی دەکرێت، نێوانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر و لێکترازاوتر دەبێت، پانتایی ئازادییەکان هەروا بەرتەسکتر دەکرێنەوە، کێرڤی گەندەڵی و بێ دادی لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە و چەندین تێبینی و وردەکاریی تریش کە دەیسەلمێنن دەسەڵاتدارنی هەرێم وەک چۆن لە ئاستی چاوەڕوانیی خەڵکی هەرێم-دا نەبوون، بە هەمان شێوەش لە ئاستی چاوەڕوانیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی-دا نەبوون و بەشێکیان هەست دەکەن پشتیوانی و هاوکارییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان بە هەدەر چووە..

بۆیە با بەرپرسانی هەرێم لەجیاتی ئەوەی شانازی بە سەردانی ئەو بەرپرسە نێودەوڵەتییانەوە بکەن، با کەمێک شەرم بیانگرێت و کار بە ئاراستەی نەهێشتنی رەخنە و تووڕەیی خەڵکەکەی خۆیان و تێبینی و بێ تاقەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەن.


08/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر