پەیکەرتاشەکانی ستەمکار

کاوه‌ محه‌مه‌د

لە رۆمای کۆن-دا ئیمپراتۆر ژمارەیەک پەیکەرتاشی هەبووە کە پەیکەری جیا جیایان بۆی داتاشیوە تا وێنەیەکی جوان و پێگەیەکی سەروو مرۆڤی پێ بدەن و ستەم بە نرخی دادگەری بە خەلک بفرۆشنەوە.. بێگومان دەسەڵاتدارە ستەمکارەکان بۆ ڕەواجدان بە دەسەڵاتە ناشیرین و بەدەکانیان، پێویستییان بە دەستەبژێرێکی (خوێندەوار) هەیە تا دزی و گەندەڵییەکانیان، بێ دادی و سەرکوتکاری و یاساشکێنییەکانییان بکەن بە (زەروورەتێکی نیشتیمانی) و وای نیشان بدەن کە ئەگەر ئەو دەسەڵات و دەسەڵاتدارە نەبێت، نیشتیمان لەناودەچێت و بنمیچەکەی بە سەر هەموواندا دەڕووخێت. 
لە مێژووی تازەدا (پەیکەرتاشەکانی ئیمپراتۆر) هاوشێوەی ستەمکارەکان دەرس و پەند لە ئەزموونی دەسەڵاتدارە شکستخواردوو و رووخاوەکانی مێژوو وەرناگرن و بەقەدەر ئەوان و بگرە زیاتریش بەرپرسیاارێتیی داڕمانییەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ.
(جولیان بیندا- Julian Beda) دە ساڵ پێش هاتنە کایەی دەسەڵاتە سامناکەکەی ستالین و شەش ساڵیش پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی هیتلەر، مەترسیی ئەوەی هەبوو کە ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی بوونەتە  ئامرازی پیاهەڵدان بە هەندێ لە سیاسییەکان و کار و بڕیاروکانیان، هەندێ لە شارستانێتییەکان بەرەو کارەسات و هەڵدێر دەبەن..
ئەوەتا ئێمەی خەڵکی هەرێمیش لەسایەی دەسەڵاتدارە شکستخواردووەکان و ئەو دەستەبژێرە لە نووسەر و رۆژنامەنووس و مامۆستایانی زانکۆ و ئاینی و چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی کە بوونەتە پەیکەرتاشی ستەمکاران، لە دۆخێکدا دەژین کە ڕۆژ بە ڕۆژ لە داڕمان و داڕووخانی هەرێم نزیک و نزیکترمان دەخەنەوە، کەچی سەرەڕای ئەوە و دوای ئەو هەموو ئاماژە ناوخۆیی و دەرەکییانەی شکستەکە، ئامادەنین دان بە هەڵەکانیان دابنێن و بە درەنگیشەوە بێت هەوڵی رزگارکردنی هەرێمەکە بدەن..


27/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر