دیواری رووخاوی بەرلین و دیواری هەڵچنراوی هەرێم

کاوه‌ محه‌مه‌د


(١٠/٣)ی ئەمساڵ، ئەڵمانەکان یادی  (٣٠) ساڵەی رووخانی دیواری بەرلین و یەککرتنەوەی هەردوو ئەڵمانیای خۆرهەڵات و خۆرئاوایان کردەوە.. لەماوەی ئەو ( ٣٠) ساڵەدا و تا ئێستاش نەیانتوانیوە بە تەواوی لێکەوتە و ئاسەوارەکانی (٤٥) ساڵی دابەشبوونی وڵاتەکەیان بسڕنەوە کە ئەو دیوارە نەگریسە ببوو بە سیمبولی پارچەکردنێکی تاسەر ئێسقانی ئەڵمانیا و ئەڵمانەکان..بەڵام لانیکەم هاونیشتیمانیانی ئەو وڵاتە لەهەردوو قۆناغی دابڕان و یەکگرتنەوەدا، ئەو پەندەیان وەرگرتووە کە ئەوەی ئەڵمانیای دابەشکرد؛ هاژ و هوژی نەتەوەپەرستی و نازیزمی هیتلەر بوو کە دەیویست تەواوی دنیا بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئەوەیش کە وایکرد هەردوو ئەڵمانیا یەکبگرنەوە؛ گەڕانەوە بوو بۆ دیموکراسی و حوکمی دامەزراوەکان و سەروەریی یاسا و بەرقەرارکردنی عەدالەت لەچوارچێوەی دەوڵەتی هاونیشتیمانیدا..


لەم هەرێمەی ئێمەدا؛ کە میژووی راپەڕینمان نزیک بە مێژووی رووخانی دیواری بەرلینە، کەچی (٣٠) ساڵە و هەرچی پردە دەڕووخێنرێن و هەرچی دیوار و تەلبەندە بەرز و ئەستوورتر دەکرێن، بەتایبەتیش لەدوای (ریفراندۆم)ە بێ حیکمەت و بێ پلانەکەی ( ٢٠١٧/٩/٢٥)  کە جگە لەوەی نیوەی خاکی کوردستانی لەدەست دەرهێناین، هەرێمیشی دووچاری دابڕان و پارچە پارچەکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی قووڵترکرد..


پرسیاری جدی لێرەدا ئەوەیە؛ کە ئاخۆ دەبێ کات بەدەستەوە مابێت ئێمەش کراسێک لەبەری ئەڵمانەکان دادڕین یان تەواو کار لەکارەترازاوە ؟..


04/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر