عیبرەت لەجێبەجێکردنی-دایە

کاوه‌ محه‌مه‌د
دوێنێ شەو دەنگ لەسەر یاسای بودجەی (٢٠٢١) درا، مادەی (١١) ی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێم بەو دەقەوە تێپەڕێنرا کە وەفدی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە شیعیەکان لەسەری رێککەوتبوون، تەنانەت ئەو ئیزافەشیان قبوڵکرد کە رێگە لەسیستمی مەقاسە دەگرێت و ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەند نەبوو، بەغداش هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نەنێرێت، تەنانەت بەرگریان لەناوەرۆکی ئەو رێککەوتنەش نەکرد کە (١٩) ی مانگ لەگەڵ لایەنە شیعیەکان کردبوویان.

ئێمە وەک هاوپەیمانی هیوا جگە لەوەی توانیمان چەند بڕگەیەکی گرنگ بخەینە ناو یاساکەوە؛ وەک ئەولەویەتدان بە مووچەی فەرمانبەران و رادەستکردنی لیستی مووچەخۆرانی مەدەنی و سەربازیی هەرێم بە بەغدا و حیسابکردنی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عیراق کە هاوڕێکانمان لەلیژنەی دارایی رۆڵی کرنگیان لەوەدا بینی، لەدانیشتنەکەی دوێنێ شەویشدا توانیمان سەرکەوتووانە کار بۆ پەسندکردنی مادەی تایبەت بە گواستنەوەی مووچەی فەرمانگە فیدرالییەکانی هەرێم بۆ سەر بەغدا بکەین، دواتریش کە فراکسیۆنی پارتی ئیمزایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆکردەوە، توانیمان کار و لۆبی پێویستی بۆ بکەین و جارێکی دیکە دەنگ بە مادەکە درایەوە و شکستمان بە هەوڵەکەی پارتی هێنا.

ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم لەدوێنێ شەوەوە خۆشحاڵی خۆیان بە پەسندکردنی یاساکە دەردەبڕن و وەک دەستکەوتێک باسیدەکەن، لەکاتێکدا تاکە دەستکەوت ئەوە دەبێت کە حکومەتی هەرێم پابەندی جێبەجێکردنی یاساکە بێت و لەرێگەیەوە بتوانێت کێشەی مووچەی خەڵکی هەرێم چارەسەربکات کە هەموو مانگێک بێ لێبڕین و لەکاتی خۆیدا دابەشی بکات، بەدەر لەوە دیسان دەستکەوت دەبێت بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و مەینەتییەکانی خەڵک درێژەیان دەبێت.

بۆیە یاساکە، بە هەموو کەموکوڕیەکانیەوە، دڵخوازی حکومەنی هەرێم بووە و رێککەوتنی پێشوەختی لەسەرکردووە و ئێستاش خۆشحاڵی بۆ رادەگەیەنن، بەڵام عیبرەت لەجێبەحێکردنی یاساکە و کۆتاییهێنان بە لێبڕینی مووچەدایە، تەنها ئەمە ئەستۆتان لەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و مێژووییە خاڵی دەکات و ئەوکانە خەڵک دەتوانن شایەدی ئەوەتان بۆ بدەن کە سەردلن و رێککەوتنەکانتان بۆ بەرژەوەندی خەڵک بووە، ئەگینا جارێکی دیکە دەیسەلمێننەوە کە هەرگیز باکتان بە چاککردنی ژیانی خەڵک و مووچەخۆران نەبووە و هەموو هەوڵ و هەنگاوەکانتان تەنها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆتانە و بەس.

01/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر