مەترسیە گەورەكە

سه‌رکۆ یونس
قەیرانی دارایی هەرێم  ماوەی زیاتر لە شەش مانگە سەریهەڵداوە و مانگانە مووچەخۆران و فەرمانبەران لەماوەی دیاری كراوی خۆی مووچەكانیان دوادەكەوێت و كاریگەری هەبووە لەسەر جموجوڵی جالاكییە ئابورییەكان و كەمی خەرجی و سیستی بازاڕی بەخۆوە بینیوە . ئەوەی ئەمەوێ‌ قسەی لەسەر بكەم مەترسی سەرهەڵدان و زیادبوونی دیاردەی بێكارییە لەهەرێمدا ئەمە سەرەڕای بوونی ڕێژەی لە (%7) ی بێكاری ئاشكرا و بوونی ڕێژەیەكی بەرچاو لە بێكاری شاراوە لەفەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و بوونی ڕێژەیەكی گەورەی كرێكاری بیانی لە هەرێمدا قەیرانەكە قووڵتر و مەترسیدارتر ئەكات،  لەلایەكی ترەوە ئەم قەیرانە كاریگەری كردووەتە سەر پرۆژەكان و هەر زوو وەبەرهێنەران بانگەوازیان كرد و داوای هەرچی زووتری چارەسەركردنی قەیرانی دارایی هەرێمیان كرد .
 ئاشكرایە لە ساڵی‌( 2014 ) دا هیچ پرۆژەیەك نەچووەتە بواری‌ جێبەجێكردنەوەو  زۆربەی‌ پرۆژە كۆنەكانیش بەپێ‌ ی ئامارە ناڕەسمییەكان زیاتر لە (%50)یان وەستێنراو ڕاگیراون, ئەوەش وایكردووە زۆربەی‌ كرێكارو خاوەن كارەكان بێكار بمێننەوەو لەچاوەڕوانی چارەسەركردندان ، لەئەمساڵدا مەترسی  لە زیادبونی‌ ڕێژەی‌ بێكاری دایە‌ بۆ ئاستێكی‌ بەرز ،بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ هەرێمەوە لە نیوەی یەكەمی ساڵی دارایی( 2014 ) دا دەیان هەزار هاوڵاتی‌ لەكەرتی‌ تایبەت و شوێنە بازرگانیەكان كارەكانیان لەدەستداوەو ئەوەش بۆتە هۆی‌ بەرزبونەوەی‌ ڕێژەی‌ بێكاری‌ لە هەرێمی‌ كوردستان. ئەوەیشمان لەبیر نەچێت بەرزبونەوەی ڕێژەی بێكاری چەندین دەرئەنجامی خرابی ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەروونی لێ‌ دەكەوێتەوە لە گرنگترییان سەرهەڵدانی دیاردەی دزی كردنە ، بەپێ‌ ی ئامارە ناڕەسمیەكان  تەنها لە شاری سلێمانی لە ماوەی چەند مانگی رابردودا بەدەیان دیاردەی دزی كردن ئەنجامدراوە و هەندێ‌ لە ئەنجامدەران دەستگیر كراون و دراون بە دادگا و دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە وچاوەڕێ‌ ی بڕیاری دادگا دەكەن، دیاردەی دەروونیش هەر بەچاوی سەر لە ڕوخساری هاونیشتیمانیاندا دیارە و لەهەڵكشاندایە!
لەبەرئەوە ئەگەر بەزوترین كات چارەسەرێك بۆ قەیرانەكە نەدۆزرێتەوە پێشبینی‌ دەكرێت ڕێژەكە بۆ ئاستێكی‌ مەترسیدار زیاد بكات و ئەوكات چارەسەركردنی قورس و بەگران ئەوەستێ‌ لەسەر هەموو لایەك ، بۆیە هیوادارم بەفرۆشتنی نەوت ڕێگا چارەكان لەبەردەم ئەم قەیرانەدا بێنە دی و خەمی هەموو لایەك بڕوێنێتەوە .
*ئابوریناس


07/06/2014



وتارەکانی تری نوسەر