له ماوه‌ی رابردودا له گه‌ڵ چیرۆكنووس شێرزاد حه‌سه‌ن به ته‌له فون قسه‌ك كرد ، شێرزاد حه‌سه‌ن ئه‌و پیاوه‌ی له ته‌نیایی و گوڵی ڕه‌ش و حه‌سارو سه‌گه‌كانی باوكمدا پێی وتین ده‌كرێت به جۆرێكی تریش سه‌یری مرۆڤ و ده‌ورو به‌رمان بكه‌ین ، من وه‌ك چۆن شیعر له بهردهكرێت ، چیرۆكه‌كانی ره‌نگاڵه‌و ئه‌و دیو ده‌رگا ئاسنینهكهو زهلكاوو من و قالهو سه‌گه‌كه‌ی بافلۆفم له به‌ر بوو ، بیرمه دوای ده‌رچوونی گوڵی ره‌ش بوو یان پێشتر هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی شێرزاد حه‌سه‌ن بناسم چوومه كۆیه ، ئه‌وله ماڵێ نه‌بوو ، به‌ڵام له‌و جارهدابوو فازڵ شهوڕۆم ناسی ، له ته‌له‌فونه‌كه‌دا شێرزاد په‌ست و بێزار بوو ، ده‌نگی بۆنی غه‌ریبی لێده‌هات ،ئه‌و پێی وتم له‌و باره‌وه هیچ مه‌ڵێ ، به‌ڵام له دڵشكانهكهیدا دیار بوو له نالی و حاجی قادری كۆیی دڵشكاوتره ، " گوێی لێده‌گرن زه‌ریفه ناگرن به‌ڵا له خۆتان " .
له مێژه خه‌ریكی نوسینێكم له سه‌ر مه‌ولانا ، ناوم ناوه " مه‌لی ته‌ریو " مه‌لی تارێنراو ، نازانم ته‌مه‌ن مه‌ودا ده‌دا ته‌واوی بكه‌م یان ، ئه‌ویش ده‌به‌ینه گڵه‌وه وه‌ك چۆن ره‌نگه زۆر خه‌ون و هیوای دیكه‌ش به‌رینه گڵه‌وه ، له‌شیعری زۆرێك له شاعیرانی كوردا هه‌ست به‌و دڵشكاویه ده‌كه‌م ، گۆران داوا له تریفه‌ی سپی ده‌ركی دهلاقهش ده‌كات بۆئه‌وه‌ی پیس نه‌بێت ده‌بێت خۆی له كوردی عیراق لابدات ، بێكه‌سی شاعیر له شیعرا له كورد بوونی خۆیشی په‌شیمان ده‌بێته‌وه ، ئه‌و له چه‌ند ده‌قێكی شیعریدا ئه‌و داد و بێداده ده‌كات، كه باوه‌ڕم وایه لێره‌دا پێویست به هێنانه‌وه‌یان نیه، ئه‌و توشی لافاوی عیلم ده‌بێت به‌ڵام زوو خۆی رزگار ده‌كات ، ئێ له ناو قه‌ومی به‌سیتا قه‌دری ئینسانی سنعه‌ت كار ، نهدهبینرێ نه‌دیاره ، بۆ كوێر بینی تاریك بین نووسینی مار مار نیه كێشانی مار ماره .
ئاخر هه‌ر ئه‌و دڵشكانهیه شێركۆ بێكه‌س له نیشتمان توڕه‌ده‌كات و به بێزاریه‌وه ده‌ڵێت ئیتر من شیعر بۆ تۆ ناڵێم ، وه‌ك چۆن له تی‌ف هه‌ڵمه‌تیش داخدار ده‌كات ، باوه‌ڕم وایه به‌شی زۆری ئه‌و دڵشكێنیه تێنه‌گه‌یشتنه له نوسه‌رو شاعیر‌و هونه‌رمه‌ندو بیركه‌ره‌وه‌كان ، ئێ ئه‌وان له‌كوێ و كوردی ده‌ره‌وه‌ی مێژوو له كوێ ، هه‌ندێك له‌و دڵشكێنیه خود ده‌ستی كورده به مانای تۆمه‌ت دانه‌پاڵ و قسه بۆ هه‌ڵبه‌ستن ، نالی نه‌هه‌قی نیه بڵێ " كه‌ی په‌تك ده‌عوا له گه‌ڵ هه‌ودا ده‌كا" له‌م رۆژانه بێهۆ په‌لاماری قوبادی جه‌لی زاده درا، ئه‌م شێوه په‌لاماره ئاوه‌كه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته رشتویه‌تی كه نایه‌وێت جوانی بوونی هه‌بێت ، ئه‌م دژه جوانیه ، له شاخه‌وه دابه‌زی بۆ شار ، له شاریشه‌وه بۆ نێو میدیا‌و ماڵه‌كان ، ئه‌مه چ میله‌تێكه خیانه‌تی پێخۆشتره له دڵسۆزی ، ناشرینی پێ جوانتره له جوانی ، حه‌ز ده‌كات كه‌س پاك نه‌بێت ، ئه‌م خۆ بوغزێنی و له خۆ خوێنیه چیه ، كه هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیكه وانیه كورد نه‌بێت ، له نێو چ گه‌مژه‌ییه‌كی تاریكداین ، ئاخۆ كه‌سێك نیه سنورێك بۆ ئه‌م دۆخه دا‌نێت .
من قوبادی جه‌لی زادهم لهقهڵهمێكی ردێن سپی و ته‌م تومانهوه ناسی ، وه‌ك چۆن له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و شێركۆ بێكه‌س و په‌شێو شیعریان لای قوباد خۆشه‌ویست كردوه ، منیش قه‌ڵه‌مێكی ردێن سپی، شیعری لاشیرینتر كردم ، گه‌رچی پێش چاپی ئه‌و دیوانه‌ش من خۆم شیعرم ده‌نووسی و له شیعری خۆم رازی بووم .
یه‌ك راستی هه‌یه پێویسته هه‌میشه بگوترێ زۆر ده‌گمه‌ن شاعیر‌و نوسه‌رو هونه‌رمه‌ند رێكده‌كه‌وێت ئازاری خه‌ڵك بده‌ن ، له مێژودا زۆر كه‌م له‌و باره‌یه‌وه ده‌دۆزرێته‌وه ، به‌ڵام له توێژ‌و ده‌سته بژێری دیكه‌دا ئه‌مه پێچه‌وانه‌یه ، قوباد له كۆتای ههشتاكانداو له گه‌رمه‌ی ئه‌نفالدا به ناوی چێڵ ودره‌خت و مریشكه‌وه هاوار بۆ ئاسمان و خودا ده‌بات و نزا ده‌كات ، چۆن ده‌شێت ئازاری مرۆڤ بدات ، ئامانج له‌م دڵشكێنی و دڵشكاندنه چیه و بۆ ؟.