کوردبوون و حیزە بخۆیی

لەتیف فاتیح

حاجی قادری کۆیی کەباسی ناتەبایی کوردان دەکات وشەی حیزەبخۆی بەکار دێنێت، بڕوای تەواوم بەوە هەیە کەحیزەبخۆیی و نۆکەری خەڵک و پاشماوە خۆری هۆیەکی سەرەکی ماڵوێرانی ئەم بونەوەرە هەمیشە پەراوێز خراوەیە کەناوی کوردە، پۆلیسێکی عەرەب، تورک، فارس دەتوانێ گەورەترین سەرکردەی کورد ڕابگرێ و سزای بدات، بەڵام لەناو خۆدا دەڵێی باوەکوشتەی یەکترین، ڕۆژێ نەبووە تەباو کۆک بین، لەدەرگای دوژمن دەکەوین، دەبینە جاشیان، لەبەریان دەمرین، کەچی لەنێو خۆدا دڕو یەککوژو خوێنمژی یەکترین، نازانین بۆ واین، ئایە کێشەکە نەگەیشتنە بەکەماڵی هۆشیاری یان کێشەکە زاڵی ئاوەزی خێڵ و بنەماڵەو شتگەلێکە کەدوژمن ڕۆڵی گەورەی تێدا هەیە.

دژی ئەوەین لەناوخۆدا کەسێکمان بەرەو سەربچێت، پێمانخۆشە هەمیشە بەبچوکی یەکتر ببینین،ئەمە دەردە کوردێکی مەترسیدارو دەغەزاراویە،هیچ کەس لەدنیادا لەئێمە ناچێت،بەدەم یەکەوە گرژ و مۆن و بەدەم نەیارەوە رووشیرین و لارەمل،کەسێکمان لەبواری سیاسی ، ڕۆشنبیری، سەربازی ، زانستی، هەر بوارێکی تردا تیا هەڵکەوێ لەبری پشتگیری و هاوکاری دەبینە مڵۆزمی دۆزینەوەی کێماسی تێیداو هەرچیمان لەدەست بێ بۆ شکاندنی دەیکەین، نمونە گۆرانی شاعیر کەئێستالەنێو یادی ئەوداین، لەبری شانازی پێوەکردن هەوڵی ناشرینکردنی دەدرا، کەس هێندەی خۆمان ڕەخنەو جنێوو قسەی بەکەسانی وەک سەلاحەدینی ئەیوبی، شێخ مەحمود، قازی محەمەد و ئەوانی تر نەوتوە، تاحەسەن زیرەک لەژیاندابوو هەزار دەردی سەریان توشکرد، تەنانەت لکەزارو بنەزارو جیاوازی وتن و شوێن و ناوچەش وەک جۆرێک لەسوکایەتی دەبینین لەبری دەوڵەمەندی، بەهەق هەرامەو وانێک و هینی گیانی یەکترین.

من تێناگەم بۆ بەسەرکەوتنی یەک قەڵسین، بۆ کەیەکێکمان لەشوێنێک دەرکەوێ ئەوانی تر پەلاماری دەدەن،،نهێنی ئەو دەردە هەر ئەوەیە ئێمە لەدەرەوەی مێژوداین یان شتی دیکە، دەرەوەی مێژو بەمانا نیاندرتاڵیە سەرەتاییەکەی، بەو مانایەی کەتەنانەت لەسەر فەرشی سوریش بین هێشتان لەمێژودانین، هەڕاجی نەوت و میدیای زەبەلاح و کۆشکی بلورین نامانباتە مێژوەوە، ئاوەز دەمانبا، تولەرانس و یەکویستی دەمانبا، ئێمە نیمانە.

پرسیاری هەرەسەرەکی ئەوەیە بۆ دژی یەکین، بۆ دەکەوینە شەڕی یەکترەوە بێ بوونی هۆیەکی دیار ،وەک ئەوەی لەڕابردودا هەمیشە وامانکردوە، ئێ کە ڕێگری دەکەین کەنابێ کەسێکمان دەربکەوێت، دەبێ هۆیەکمان هەبێت، نیمانە. 
نۆردهۆرن . ئەڵمانیا

19/11/2022



وتارەکانی تری نوسەر