مەترسیەکانی سەر هەرێم و بێخەمی بەرپرسان

لەتیف فاتیح
ئەگەر لەمەترسیە دەرەکیەکانی تورکیاو ئێران بگەڕێین و هەر لەسەر مەترسیە ناوخۆییەکان قسە بکەین دەبێ یەکەمین پەنجەی تۆمەت بۆ سەرانی پارتی و یەکێتی و دواتر لایەنەکانی دیکە درێژ بکەین،لەڕاستیدا بەرپرسانی سەرەوەی پارتی و یەکێتی  بەتایبەت نەوەی دوەمی حزب و دەسەڵاتکوردستانیان گەڕاندوەتەوە بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆو ململانێی ناشرینی مەلایی و جەلالی،بەر لەوەی لەسەر ئەم خاڵە بوەستین دەبێ بڵێین دوای نەمانی تاڵەبانی باوک و نەوشیروان مستەفا زەمینەی گەورەی دەستوەردان و لە مەنگەنە دانی بەبەرنامەی سنوری دەسەڵاتی یەکێتی دەستی پێکردو وپڕۆژەی بە دۆزەخکردنی سلێمانی کە دەیان ساڵە کاری بۆ دەکرێت چووە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەموو ڕوپارمایی و لەبەر چەمینەوەی بارزانی باوکیش نەدادی یەکێتی و نەدادی لایەنەکانی تری دا، لەڕاستیدا بارزانی باوکیش ئێستا هیچ ڕۆڵێکی ئەوتۆی نەماوەو شمشێر لای کوڕی لەبەر دڵانە.

ئێستا یەکێتی یەک یەکێتی نیەو لە ڕاستیدا سیانە، یەکێتی بافڵ و یەکێتی لاهورو دەوروبەرەکەیی و یەکێتی بەتەمەنەکان کەمەلابەختیار جار جار ئاماژەیپێدەدات، ئیشکردنی پارتی  لەناو ئەم سێ یەکێتیەدا زۆر ئاسانترە لەوەی یەکێتی یەک بێت، کێشە ئەوەیە یەکێتی خۆیشی ناتوانێ خۆی بکاتەوە یەک، لایەنەکانی دیکەش ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نیە تا جێی باس و خواس بێت و بڕواناکەم بتوانن لەهیچ شتێکا ڕووبەڕووی سیاسەتی پارتی ببنەوە، ئەم بارو دۆخە ناوخۆییە وای کردووە دەستوەردانی تورکیاو ئێران و تەنانەت عیراقیش زیاتر بێت،سەیر لەوەدایە پارتی و یەکێتی ئامادەن هەرچی دووژمن بیەوێت بۆی بکەن ،بەڵام بەمەرجێ لەزیانی ئەوی تر بێت.

شەڕی پۆست لەبەغدا تانزمترین ئاست ڕۆیشتووە یەک بەرپرسی پارتی و یەکێتی نادۆزیتەوە بەگژ ئەم ناشرینیەدا بچێتەوە،نەک هەر شەڕی پۆست، شەڕی ملدان و ملشکاندنیش بەڕێوە دەچێت، بۆ نمونە لایەک ئەگەر خۆی خەریکی ملدان و خۆبچوککردنەوەی بەردەم بەغدا بێت بەنیشتمان پەروەری لەقەڵەم دەدات و ئەوی تر هەرهەنگاوێ بەئاراستەی بەغدا بنێت بەخیانەت،لەڕۆژانی ڕابردودا مرۆڤی ژیر زۆر بەئاسانی دەیتوانی ئەم دۆخە ببینێ.

ئەزمونی ڕاکردن و خەڵک جێهێشتن و پشتکردنە خەڵک لای پارتی و یەکێتیش ئەزمونێکی دوورو درێژەو هیچ گوێیان بەوە نیە جاری دیکەش دوو بارەی بکەنەوە، بەڵام لەئێستادا جادەکەیان بۆ تەختەو جارێ کاتی ئەوە نەهاتوە، کەبڕوام وایەبەمجۆرە بڕوات ئەویش دەبینین،سەرنج و ڕەخنەکانی هاوپەیمانان لەسەر بەڕێوە بردنی وڵات وبارودۆخی پێشمەرگەو وەزارەتە وێرانکراوەکەی ئەو بوارە پێمان دەڵێت هیچ شتێک مەحاڵ نیەو ئەم دوو حیزبەشگوێیان لەهەرەس و شکست و خیانەت نیە، ئەی خۆیان نەیانگوت شکست و ڕاکردنیش دەبێت.

04/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر