چۆن شەڕی دادگای فیدراڵی بكەین

لەتیف فاتیح

منیش وەك تۆ رەنگە بڵێم دادگای فیدراڵی ناهەقی بەرانبەر كوردستان دەكات ، منیش پێمناخۆشە ئەو دادگایە وا دەربكەوێت كە شەڕی كوردستان دەكات ، شەڕی بێئیرادە كردنی كورد دەكات ، بەڵام ئایە وەڵامی ئێمە هەر بەیاننامەو كڕوزانەوە بێت ، تۆ كە راپرسی دەكەیت و دوای پەشیمان دەبیتەوەو دادگای فیدراڵی هەڵیدەوەشێنێتەوەو تۆش سەركزدەكەی ، تۆ كە لە بری بە لۆژیك و بە پێی قانون شەڕی داواكانی گەلەكەت نەبەیتە نێو دادگای فیدراڵی و لە هەرێمی كوردستان شەڕی ملشكاندنی خۆت بكەیت و جیاوازی قوڵ لە نێوان شارو شوێنەكاندا دروست بكەیت و لە كاتێكا ئەمەریكاو ئەوروپاو نەتەوەیەكگرتوەكان داوای هەڵبژاردنی پاك و داوای یەكخستنی پێشمەرگەت لێبكەن و تۆش سەرگەرمی دروستكردنی میلیشیا بیت ، دەی دادگای فیدراڵی هەموو ناقۆڵاییەكانی تۆ دەقۆزێتەوەو ئەوە دەكات كە نایەوێ‌ لە رێی چەك و شەڕەوە بیكات ، شیعەو سونەش ئەگەر بە ئاشكراش نوزەیەكیان لێوە بێت و بڵێن ئەوە ناهەقیە لە دڵەوە پێیان خۆشەو پشتگیری بڕیارەكانی دادگاكەش دەكەن .
تۆ لە بەغدا كەس نازانێ‌ بە چ ئاوازێ‌ دەخوێنی ، لە بەغدا لە سەر ئاستی زۆربەرز كار لە سەر شكاندی یەكتر دەكەن و بە شانازیشەوە وێنەی خۆتان وەك پاڵەوانی ئەو هەوڵی شكاندنەی یەكترە دەگێڕنەوە ،لە توركیاو ئێران راپۆرت لە یەكتر دەدەن ، ناتوانن كەمترین راستگۆیتان بەرانبەر یەكترو میلەتەكەشتان هەبێت ، خەون بە كەوتن و شكان و وردو خاش بوونی یەكترەوە دەبینن ، دەتانەوێ‌ لە میدیاو لە هۆشگەو هەستی گشتە خەڵكا وا نیشانبدەن كە یەكتان لەوی تر باشترەو ئەوی تر هیچ نیە ، دێن بە ئاشكرا بۆ شكاندنی یەكتر ئەو دەڵێت سلێمانی و ئەو سنورەم بە قۆنتەرات بدەنێ‌ و ئەوی تر دەڵێت لە دهۆك نادادی و ستەم و زمان بڕین هەیە ، ئەم سوكایەتیەتان بە یەكتر بەغداو تاران و ئەنكەرەو هەموو دنیا ئاگای لێیە، ئەوان ئاگادارن ئێوە چی بەیەكتر دەكەن ، لاتان وایە كونسڵیەكان ئەم وێنەیە ناگوازنەوە بۆ جكومەتەكانیان ، لاتان وایە خەڵات و بەرات و خواردنی چەورو جانتا دۆلار رێی گوازتنەوەی راستیەكانیان لێدەگرێت ، لەوەدا زۆر نائاگاو كوێر بینن ، شەڕی دادگای فیدراڵی پێویستی بە ئاكارو پێكەوە بوون و لە گەڵ یەكتردا راستگۆ بوون و لە گەڵ میلەتا عەدالەتخواز بوونە ، ئێ‌ لانی كەم بڕۆن سەیری تەنها سێ‌ ساڵ لە گەشەو پێشكەوتنی سۆمال بكەن ، لە سۆمالەوە فێر بن ، ئەزمونی دوبەی و سویدو دەنیماركمان بۆ مەگوازنەوە ئەزمونی سێ‌ ساڵ پێكەوە بوون و سەركەوتنی سۆمال بگوازنەوە ، بڕۆن لە حەسەن شێخ مەحمودەوە فێر بن چۆن پێكەوەیی دروست بكەن، هەڵبەت ئەزمونی ناخۆش و پڕ شەڕو شۆڵی سۆمالی كە هێشتا بە تەواوی كۆتای نەهاتووە ، بەڵام ئاماژەكان پێشبینی ئایندەی باشتر دەكەن ، وەك چۆن كاتی  خۆی باشوری ئەفریقیاش بەو رێگەیەدا تێپەڕی ، هەروەها روانداش .
شەڕی دادگای فیدراڵی پێویستی بە تەشەبوس و لە دەرگادان و كڕوزانەوە نیە ، پێویستی بە پڕۆژەو پێكەوەیی و پلان هەیە ، ئەو بارو دۆخەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە ڕووی مامەڵەی سیاسیەوە لە گەڵ یەكتر گەڕاوەتەوە بۆ سەرەتای نەوەدەكان ، ئەمە راستیەكەو كەس ناتوانێ‌ نەیبینێ‌ ، یان نكوڵی لێبكات ، كوڕەكان لە بری هەڵەو كەموكوڕی و كێماسی باوكەكان تێپەڕێنن ، بە خراپترین شێوە لاسایی باوكەكان دەكەنەوەو دەیانەوێت لە بری پێشخستنی كۆمەڵگە كار لە سەر بۆڕدانی یەكتر بكەن .


09/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر