ته‌مارا

لەتیف فاتیح

سه‌ره‌تای مانگی ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٦ ئێمه‌ چه‌ند نوسه‌رێك بۆ بینینی دادگای كردنی سه‌دام و دارو ده‌سته‌كه‌ی چوینه‌ به‌غدا له‌ شوێنی تر به‌ دورو درێژی باسی ئه‌و چوونه‌م كردوه‌و ، هاوڕێیانی دیكه‌ش باسیان كردووه‌، بۆیه‌ لێره‌دا ته‌نها باسی ته‌مارا ده‌كه‌م، ته‌مارا خاتونێكی سورو سپی ئه‌مه‌ریكی بوو ، پۆسته‌ یاساییه‌كه‌ی هاوكاری پارێزه‌ر بوو ،ئه‌ویش وه‌ك ئێمه‌ له‌ ژوره‌كه‌ی سه‌روی سه‌دام و دارو ده‌سته‌كه‌یه‌وه‌ دانیشتبوو ، له‌ جامخانه‌یه‌كی گه‌وره‌و پته‌وه‌وه‌ سه‌یری دادگاییه‌كه‌ی ده‌كرد ، له‌و ژوره‌درێژكۆله‌یه‌دا كه‌ ئێمه‌ی لێبووین ئامێری گۆڕینی زمان بۆ هه‌رسێ‌ مانی كوردی ، عه‌ره‌بی ، ئینگلیزی هه‌بوو ، وه‌رگێڕه‌كان له‌ شوێنی تره‌وه‌ تا بۆیان بكرایه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ورد وه‌رگێڕانی قسه‌ی گه‌واهیده‌ره‌كان ، پارێزه‌ره‌كانی هه‌ردوولا ، تاوانباره‌كان و دادوه‌رو داواكاری گشیان ده‌كرد ، له‌ ڕووی وه‌رگێڕانه‌وه‌ كه‌مێك هه‌ڵه‌ روویده‌دا ، به‌ڵام وه‌رگێڕه‌كان به‌ توانا بوون .

ته‌مارا زۆر به‌ وردی گوێی له‌و خاتونه‌ به‌ ڕومه‌ته‌ی كورد گرتبو كه‌ چیرۆكی پڕ له‌ سته‌می خۆی و هاوڕێكانی ده‌گێڕایه‌وه‌ ، ئه‌و واته‌ كه‌مارا له‌ گه‌ڵ بیستنی هه‌ر قسه‌یه‌كدا ، له‌ گه‌ڵ گوێگرتن له‌ هه‌ر ئازارێك به‌ كوڵ ده‌گریا ، گریانی ئه‌و گریانی كڕوزانه‌وه‌ و لاڵانه‌وه‌و پاڕانه‌وه‌ نه‌بوو ، گریانی تێگه‌یشتن بوو له‌ ئازاری مرۆڤ ، مرۆڤێك تاوانی ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ‌ بژێت ، ئێمه‌ هه‌موومان سه‌رنجمان له‌ سه‌ر گریانه‌كه‌ی ئه‌و بوو ، راستی ئێمه‌ خۆمان له‌ دۆخێكی زۆر باشدا نه‌بووین ، هه‌موومان یه‌كه‌م جار بوو ئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌رانی به‌عسه‌وه‌ نزیك بین ، به‌ تایبه‌ت نمونه‌ی سه‌دام و عه‌لی ئامۆزای ، گریانی ته‌مارا له‌ گه‌ڵ گریانی ئێمه‌دا دوو گریانی جیاواز بوون ، ئێمه‌ گریانه‌كه‌مان بۆنی قوربانی بوونی لێده‌هات ، له‌ گه‌ڵ گێڕانه‌وه‌ی ئازاره‌كه‌دا ئێمه‌ گه‌ڕابووینه‌وه‌ نێو ته‌متومانی ئه‌و رۆژه‌ ره‌ش و تاریكانه‌، به‌ڵام ته‌مارا گریانه‌كه‌ی بابه‌تێكی ته‌واو مرۆیی بوو ، چونكه‌ نه‌یده‌توانی باوه‌ڕ به‌وه‌ بێنێ‌ باشه‌ ده‌كرێت سوپاو گه‌له‌ جاشی وڵاتێك ئاوا به‌ هاوڵاتیه‌كانی خۆیان بكه‌ن ، له‌ سه‌ر كورد بوون و هیچی تر .

له‌و مێژوه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ ته‌مارام نه‌بینیوه‌ته‌وه‌ ، نازانم یاخود نه‌ماوه‌ ، بڕواناكه‌م هاوڕێكانیشم بینیبێتیانه‌وه‌ ، به‌ڵام هێشتا فرمێسكه‌كانی له‌ به‌رچاومه‌ ، مرۆڤ هه‌ندێك روداوی هه‌رگیز بیر ناچێته‌وه‌ نازانم له‌ كوێی مێشكا به‌ وردی هه‌ڵیده‌گرێت ، به‌ڵام بیر ناچێته‌وه‌و هه‌ر كات بیه‌وێت باسی بكات به‌ وردی دێته‌وه‌ به‌ر نیگای ، راپه‌ڕینی ١٩٨٨، په‌لاماری ته‌له‌به‌كانی رۆژو قوتابخانه‌كانی تر ، ترس و تۆقینی به‌عس له‌ مناڵ ، پێ‌ به‌ پێ‌ رۆیشتنی كۆڕه‌وه‌كه‌ ئه‌وانه‌و زۆرشتی دیكه‌م هه‌رگیز له‌ به‌رچاو لاناچن ، ته‌مارا ئێستا ئه‌وه‌نده‌ نزیكه‌ له‌ نیگامه‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندێكی شێوه‌ كار بوایه‌م ئێستا به‌ جوانی وێنه‌كه‌یم ده‌كێشایه‌وه‌ .

من سه‌دان چیرۆكی ئه‌نفالزه‌ده‌كانم لایه‌ ، بۆ ماوه‌ی دورو درێژ له‌ سه‌عاتی نێو گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ راماوم وه‌ك ئه‌وه‌ی قسه‌ی له‌ گه‌ڵ بكه‌م ، چیرۆكی ئه‌و خاتونه‌ به‌ كوڵگریاندومی كه‌ته‌نها یه‌ك شه‌و له‌ گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا بووه‌و ئیدی بۆ هه‌تا هه‌تا له‌ یه‌كتر دابڕاون ، ئه‌م چیرۆكه‌ی ته‌ماراش ده‌چێته‌ سه‌ر ئه‌و چیرۆكانه‌ی كه‌ زۆر جار مرۆڤ توانای نووسینه‌وه‌شیانی نیه‌ ، داخوا كه‌مارا چۆن ئه‌و دوو رۆژه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه‌ خۆزگه‌ سۆراغیم ده‌زانی .




14/04/2023



وتارەکانی تری نوسەر