ئه‌نفال و له‌ ژیان ڕه‌نجاندن

لەتیف فاتیح

ئه‌م بابه‌ته‌ كورته‌ی توێژینه‌وه‌یه‌كه‌ كه‌ بۆ كۆنفراسی جینۆسایدی زانكۆی سلێمانی نووسرا

ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌ له‌ سه‌ر دوو ته‌وه‌ر یان پرس هه‌ڵوه‌سته‌ ده‌كات :

یه‌كه‌م : هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی 

له‌ بنه‌ڕه‌تا ئه‌مه‌ قسه‌ كردنه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ی له‌ نێوان مرۆڤ و زه‌ویدا هه‌یه‌و په‌یوه‌ندیه‌كی دیرۆكی و قوڵه‌و ڕیشه‌و بنچینه‌ی هه‌یه‌،  مرۆڤ به‌ تێپه‌ڕینی ماوه‌له‌ مانه‌وه‌ی له‌ شوێنێك ده‌بێته‌ گرێدراوی ئه‌و شوێنه‌و ناتوانێ‌ لێی دابڕێت ، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه‌ زه‌وی ژیان و به‌روبوم و مانه‌وه‌ بێت ، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ زیانی دوانی هه‌یه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ مرۆڤه‌كه‌ تێكده‌شكێنێت و له‌به‌رهه‌مهێنه‌وه‌ ده‌یكات به‌به‌رخۆرو شكسته‌ ، له‌ لایه‌كی دیشه‌وه‌ زه‌ویه‌كه‌ش وێران و كه‌له‌لا ده‌كات، له‌م ته‌وه‌ره‌دا باسی ئه‌و بارو دۆخه‌م كردوه‌ كه‌ به‌سه‌ر مرۆڤ و ژینگه‌و سروشت دێت .

دوه‌م : له‌ بیر بردنه‌وه‌

ئه‌مه‌ش بابه‌تێكی هه‌ستیارو گرنگه‌و ده‌چێته‌ خانه‌ی جینۆ سایده‌وه‌ ، من ده‌مێكه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ چۆن به‌عس له‌ ڕێگه‌ی دابڕین له‌ شوێنه‌ زاو له‌بیر بردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ شوێنه‌ زاوه‌ چۆن گه‌ره‌كیه‌تی جینۆسایدی داهاتووی مرۆڤه‌كان به‌ تایبه‌ت مرۆڤی كورد بكات، بۆیه‌ له‌م كورته‌ نووسینه‌دا هه‌ر بۆ پاراستنی مافی خاوه‌ن بیرۆكه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ دوو ته‌وه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌م و زۆریان له‌ سه‌ر ناوه‌ستم ، ئاماجی ڕونیش له‌م بابه‌ته‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر جار بۆچوون و پڕۆژه‌و قسه‌و باس و سه‌رنجه‌كانمان بێناوهێنان و پاراستنی ئه‌مانه‌ت ده‌برێت و ده‌كرێته‌ هی خه‌ڵكی تر، به‌ به‌ر چاوی خۆمه‌وه‌ بیرو بۆچونم له‌ لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ براوه‌و باسكراوه‌ منیش به‌ ده‌ردی قانعه‌ هه‌قیقیه‌كه‌ی ته‌نیشت قانعه‌ ساخته‌كه‌ هه‌ر واقبومه‌ته‌وه‌ ، زیاتر له‌ 15 ساڵه‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ بۆ 100 گوند هه‌رگونده‌ی به‌ 100 لاپه‌ڕه‌یه‌ك فه‌رهه‌نگۆكێكی ئه‌نفالناسی دروست بكه‌م ئه‌مه‌م چه‌ند جار باس كردوه‌ خه‌ریكه‌ بێناوهێنان وه‌ك دیواربه‌ندی گونده‌كان حه‌په‌لوش ده‌كرێت، وتم با ئه‌مه‌ش وای به‌ سه‌ر نه‌یه‌ت .

من بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ 15 گوندم هه‌ڵبژاردو كاتی خۆی توێژینه‌وه‌یه‌كی كورتم له‌باره‌یانه‌وه‌ نووسی، بۆیه‌ لێره‌دا ڕه‌نگه‌ هه‌ر ناوبه‌ناو ئاماژه‌ به‌ یه‌ك یان دوویه‌كیان بده‌م به‌ پێی پێویست .

له‌ پرسی تێكدانی په‌یوه‌ندیدا كه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكی گرنگی جینرسایده‌ به‌ مانا نوێیه‌كه‌ی ، یانی به‌ مانای برسی كردن و بێكاركردن و بێكه‌ڵك كردن ،به‌عس كاری له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كرد 

یه‌كه‌م : وه‌ك وتمان په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤ و زه‌وی بزاوت و ژیان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ هه‌رواشی كرد ، بۆ چۆڵكردنی گونده‌كان به‌ كۆكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌ ئۆردوگای سه‌دامی، هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ .

دوه‌م : نه‌هێشتنی پێكه‌وه‌یی نێوان مرۆڤه‌كان وه‌ك هه‌ره‌وه‌زو پێكه‌وه‌ كاركردن و هاوكاری و پێكه‌وه‌ ژیانی گوندیه‌كان، له‌ هه‌ره‌وه‌زدا بژار ، سه‌رسواقی خانوو، دره‌و  هتد ئه‌مانه‌ كاری پێكه‌وه‌یی بوون، ئه‌نفال بنه‌بڕی كردن.

سێیه‌م : تێكدانی سروشت و ژینگه‌ ، دورخستنه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ باخ و ڕه‌زو كێڵگه‌ ئه‌و ناوچانه‌ وێران ده‌كات ، ئاو كه‌مده‌كات ، دارو دره‌خت كزو لاواز ده‌كات ، گژو گیای زیانبه‌خش زۆر ده‌كات .

چواره‌م : نه‌هێشتنی خۆ بژێوی و خۆ ژێنی و خۆ خاوه‌نی و ناچار كردنی مرۆڤ به‌ ملدان و لاره‌ خواری، ئه‌مه‌ش ناچاری مرۆڤ ده‌كات په‌نا بۆ هه‌ندێك كار به‌رێت كه‌ له‌ ته‌ك ناوه‌ڕۆك و كرۆكیدا نایه‌ته‌وه‌ ، ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌بێت هۆی ناجۆری ، تێكشكانی ده‌رونی ، خیانه‌ت و خۆ فرۆشی و هتد .

له‌ پرسی له‌ بیر بردنه‌وه‌دا ده‌كرێت له‌ سه‌ر چه‌ند خاڵێك بوه‌ستین له‌وانه‌ :

یه‌كه‌م : تێكدانی نۆستا لۆژیای مرۆپ ، یانی بچڕاندنی په‌یوه‌ندی مرۆڤ به‌ دوێنێی خۆیه‌وه‌، پارچه‌ پارچه‌ كردن و هه‌لاهه‌لا كردنی مرۆڤ.

دوه‌م : بیربردنه‌وه‌ی ناوی ناوچه‌و سروشت و شوێنه‌زا ، هه‌ڵبه‌ت له‌ هه‌رگوندێك سه‌دان ناوی دۆڵ و یاڵ و په‌ل و گردو چه‌م و شیووكه‌نده‌ڵان و كانی و بان هه‌یه‌ كه‌ ناویان هه‌یه‌ ، جگه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی ناوی گوڵ و گژو گیا، هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ دورخستنه‌وه‌و مه‌رگی به‌ ته‌مه‌نه‌كان چیرۆك و ناونانه‌كانیان بیر ده‌چنه‌وه‌و ئیدی له‌ نێو ده‌چن .

سێیه‌م :له‌ كلتور دابڕین ، دور خستنه‌وه‌ له‌ شوێنێك بۆ شوێنێك هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندی جل و به‌رگ و خواردن و هه‌ست و كه‌وت و یاری و گه‌مه‌ له‌ گه‌ڵ خۆیدا له‌ نێو ده‌بات و مرۆڤ تێكه‌ڵ به‌ دنیایه‌كی جیاواز تر ده‌كات .

ئه‌مه‌ به‌ كورتی ئه‌و بابه‌ته‌ بوو كه‌ من له‌ یه‌كێك له‌ كۆڕه‌كان پێشكه‌شم كرد ، به‌ڵام ته‌واوی بابه‌ته‌كه‌ بابه‌تی كتێبێكه‌و ده‌كرێت زۆر زیاتر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر بكرێت ، به‌ تایبه‌ت له‌ ئاماژه‌ دان به‌ ناوی گوند و شوێنه‌كانی و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی .


05/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر