هیچ یه‌ك له‌و كۆچكارانهی نێوان ڕوسیای سپی‌و پۆڵه‌نداو شوێنه‌كانی تر، چاوه‌ڕێی ئه‌وه نین حكومه‌تی هه‌رێم هیچێكیان بۆ بكات، نه‌ك ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه ئێستا دانیشتوی هه‌رێمن چاوه‌ڕوانی هیچ كارێكی باش له‌م حكومه‌ته ناكه‌ن، حكومه‌تێك به‌مه‌به‌ست سزای شارێكی خۆی بدات، دا‌و ده‌رمانی لێببڕێت، بڵێت ئه‌گه‌ر باج‌و پاره نه‌بێت موچه نییه، جادهوبانهكانی به‌چوار پێنج ساڵ تهواونهكاتو زۆرشتی دیكه‌ش كه به‌به‌ڵگه‌وه هه‌ن، چۆن ده‌كرێت چاوه‌ڕوانی باشه‌ی گشتی لێبكه‌ین، یان لانی كه‌م چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێبكه‌ین باش بڵێت.
هیچ یه‌ك له‌و كۆچبه‌رانه‌ی بهخۆشیو بۆ خۆشی سه‌ریان هه‌ڵنه‌گرتوه، من له2011 لهنوسینێكا وتم ئه‌گه‌ر ئێستا دوو وڵات ده‌رگای وه‌رگرتنمان بۆ بكاته‌وه‌و ئێره‌ش ده‌رگا وازبكهن، به‌لای كه‌مه‌وه به‌ماوه‌ی مانگێك 50%ی خه‌ڵك ده‌ڕۆن، زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش پارتی‌و یه‌كێتی ده‌بن، دڵنیام ئێستا زۆر زیاتر ده‌ڕۆن، پرسه‌كه پرسی ڕێزی مرۆڤ‌و پاراستنی شكۆیه، نه‌ك شتی تر، ئاخر ئێستا كه‌س شكۆی پارێزراو نییه، جگه له‌هه‌موو مه‌ترسیه‌كی دیكه، ئه‌وه گرنگ نییه چه‌ند عهرهبو بیانی لهوڵاتهكهتن، ئه‌وه گرنگه ئێمه گه‌وره‌و بچوك هه‌مان چاره‌نوسی كاوه‌و سۆران‌و وهداتو سهردهشتو شێروانو ئه‌وانی دیكه‌مان نهبێتو هه‌میشه له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌و سوكایه‌تی‌و شكاندنی لهخۆڕایدا نه‌بین.
ئه‌وه‌ی 2011 وتم له2015 ڕاستیه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت كاتێك هه‌زاران هاوڵاتی پشتیان كرده نیشتمان، ئه‌م شه‌پۆله‌ش گه‌ڕانه به‌دوای شكۆدا، له‌داستانی گلگامشدا گه‌ڕان به‌دوای نه‌مری‌و ده‌رمانی نه‌مریدا ڕۆیشتنه به‌ناو دۆزه‌خا، ئه‌و خه‌ڵكه به‌ناو دۆزه‌خا بۆ سه‌رزه‌مینی شكۆ ده‌گه‌ڕێن، ئه‌و خه‌ڵكه سه‌دان ساڵه لهشوناسو خۆخاوهنی بێبه‌شكراون، پتر له30 ساڵیشه هه‌رچی ناشێ پێیاندهكرێت، مه‌رج نییه ئه‌وروپا بۆ ئه‌وان به‌هه‌شت بێت، به‌ڵام بهخهونێكهوه به‌ره‌و ئه‌وێ ده‌ڕۆن، به‌ده‌نگه‌وه چونیان ئاكاره.
لاورانساو هه‌موو ئه‌و نوسه‌رو ڕۆژنامهوانو فیلمسازانه‌ی دێنه كوردستان، ڕاستی جیاوازیی‌و سته‌مه‌كه ده‌بینن، بۆیه ئێستاش ئه‌ركی ئه‌وان له‌ئه‌وروپا قورستره بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه كه خۆیان ده‌ڵێن له‌نێوان گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان‌و ڕۆیشتن به‌ره‌و مردن ڕێگه‌ی دوه‌م هه‌ڵده‌بژێرین، ده‌سه‌ڵاتداران له‌بری گوێگرتن له‌ئازاره‌كانی خه‌ڵك‌و به‌ده‌نگه‌وه چونیان خۆیان توشی شه‌رمه‌زاریه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ن كه ده‌ڵێن ئه‌وه‌ش ده‌ستی په‌كه‌كه‌ی تیایه، ئه‌مه جۆرێكه لهسپیكردنهوهی ڕوی سته‌مكارانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ی كه گۆرانی وتن به‌كوردی قه‌ده‌غه ده‌كه‌ن.
نه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی قوڕو ته‌لبه‌ندو سه‌رماو برسێتیان هه‌ڵبژاردوه ڕقیان له‌نیشتمانه نه ئێمه كه نازانین چاره‌نوسمان چی ده‌بێت، به‌ڵام ده‌زانین به‌شی زۆری ئه‌وانه‌ی له 2015 ڕۆیشتن ئێستا ژیانیان زۆر له‌پێشوو باشتره، ئه‌وه‌ش ده‌زانین زۆربه‌ی به‌رپرسانی ئه‌م وڵاته به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی قسه به‌كۆچبه‌ران ده‌ڵێن خۆیان هه‌ڵگری ناسنامه‌ی ئه‌وروپاو ئه‌مریكان.
ته‌نها داوای من له‌ئێوه ئه‌وه‌یه وێنه‌ی ئێره‌و وێنه‌ی ئه‌و كۆچبه‌رانه وه‌ك خۆی بۆ ئه‌وروپا بگوێزنه‌وه، هیچ زیاده مه‌خه‌نه سه‌ری، وێنه‌كه وه‌كو خۆی نیشانبده‌ن، وه‌كو خۆی به‌ئه‌وروپا بڵێن له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه خه‌ڵك كوردستان به‌جێده‌هێڵن.