دواکەوتنی ھەڵبژاردن لە ھەرێم بوە بە نەریت

لوقمان مستەفا ساڵح


6-11-2022، دوایین رۆژی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، بەڵام رۆژی 09-10-2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، پارتی، بەشێکی بزووتنەوەی گۆڕان و پێکهاتەکان تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە واتە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە.

بەڵێ خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی چوار خولەکەی پێشخۆی تەمەنی درێژکردەوە. ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی دواخست، بۆیە پەرلەمان بڕیاریدا ساڵێک تەمەنی خۆی درێژبکاتەوە، کە بەلای زۆرینەی چاودێران و تەنانەت خودی سەرۆکی پەرلەمان و بەشێکی پەرلەمانتارانیشەوە، درێژکردنەوەکە "نایاسایی بوو”

 لە ٣٠ ساڵی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێنج خول تێپەڕیوە، بەڵام هەموو هەڵبژاردنەکانی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان لەسەر بنەمای ڕاستەقینەی دیموکراسی ئەنجام نەدراوە، بەڵکو بەڕێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان بووە و هیچ خولێکی بەبێ درێژکردنەوەی تەمەنی تێنەپەڕاندووە.

بەڵام درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان کاردانەوەی لێکەتەوە،  چەند فراکسیۆنێک و چەند پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کارەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان بایکۆت کرد. 

لەم بابەتەماندا ھەوڵدەدەین نەچینە ناو پێناسەی ھەڵبژاردن و پۆلێن کردنی سیستەمی ھەڵبژاردن، بەڵکو لەھەوڵی ئەوەداین سیخورمەیەک بژەنینە بن ھەنگڵی ئەو کەس و لایەنانەی کە بەشێوەی دۆگمایانە لەگەڵ ھەڵبژاردنن و  کەچی  بەبیانوی جۆر بەجۆر خۆیان بە دوور دەگرن  رای خۆیان فەرز دەکەن ،  وەک دەڵێن لەگەڵ عامێ ناچنە شامێ ، کۆسپ و تەگەرە بۆ ھەڵبژاردن دروست دەکەن ،کە بێگومان دەبێتە ھۆی دواخستنی ھەڵبژاردن،بێ ئەوەی رەچاوی مەترسی و زەرەروزیانەکانی لە پێش چاوبگرن.!

لە ھەموو ئەو کۆمەڵگایانەی کە لەسەر سیستەمێکی درووست دام و دەزگاکانی بە دامەزراوەیی نەکراون، خاوەنی یاساو رێسایەکی پتەوو تەندرووست و نیشتمانی نین،ھەمیشە ھەڵبژاردن بە ئیفلیجی لەدایک دەبێت،بە مانا دروستەکەی نە بەرێوە دەچێت و نە ئەنجامێکی باشیشی لێ چاوەڕوان دەکرێت، ھەمیشە لەم کۆمەڵگایانەدا قۆناغی بەر لە ھەڵبژاردن  قۆناغێکی ناجێگیرو نا ئارامە، لەگەڵ خۆیدا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و بێ متمانەیی دێنێت و دامودەزگاکان جۆرێک لەئاڵۆزی و نارێکی و خراپ بەرێوەبردن بەخۆوە دەبینن، تا ئاستێک لە ھەندێکیاندا مەترسی شەڕو پێکدادان دەکرێت و دوور نیە لە جیاتی دەستاودەستکردنی دەسەڵات وبەرێوەبردنی پرۆسەیەکی دێموکراسی بەکارھێنانی ھێزو سەرکوتکردن و دیکتاتۆریەتی لێ بکەوێتەوە، زۆربەی وڵاتانی رۆژھەڵات لەم جۆرەن و بێشک کۆمەڵگای کوردیش بەشێک دابڕاونیەلەم کلتورە ...سەقەتە.
ئەزموونی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر بنەمای دێمۆکراسی بنیات نراون و بە پێچەوانەوە ھەڵبژاردنەکانیان لە وادەی خۆیاندا بەڕێوەدەچن ھەمیشە پێشەنگن لە ڕێزگرتن لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ و دەستاودەستکردنی دەسەلات،ھەروەھا خۆیان بە جێبەجێکاری گەڵاڵەکردنی فکر و ھزری ھەڵبژاردنەکان دەزانن کە لە لایەن دامەزراوە جیھانییەکانەوە پوختە کراوە، کە خۆی دەبینێتەوە لە ھەڵبژاردنێکی (ئازاد، تەندروست و دادپەروەرانە) کە زامنی کۆمەڵگایەکی شارستانی ھاوسەنگ بە مافی ڕەوای مرۆڤەکان پێوەری  بنەماسەرەکیەکانی دیموکراسیەتە.

دوا کەوتنی کاتی ھەڵبژاردن لە ووڵاتانی پێشکەوتو دیموکراسی بوونی نیە،مەگەر کارەساتێکی سرووشتی و ھێزی لەڕادەبەدەر (قوە قاھرە)ببێتە ڕێگر لەبەردەم نەکردنی ھەڵبژاردنەکاندا،بەڵام مەخابن ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان دواکەوتنی بووەتە نەریت،بەھۆی کێشمەکێشی لایەنە سیاسیەکان لەلایەک و سیاسەتی سازش کردن بە تایبەتی دوای شکستی ١٦ ئۆکتۆبەر بەرانبەر بەغدا لەلایەکیترەوە، بەوەش شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان تەنانەت حکومڕانیەکەشیان نەک تەنھا کەوتۆتە ژیر پرسیارەوە بەڵکو متمانەی لای ھاوڵاتیەکانیشی لەدەستداوە. 
لە ھەموو دونیادا وادەی ھەڵبژاردن  لە سەر بنەمای  ڕێککەوتنی کاتە ، واتە ھەڵبژاردنەکان بە پێی ساڵ و ڕۆژ وتەنانەت کاتەکەش بە پێی یاسا بەڕێوە دەچێت ،پاشان ھاووڵاتیان ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و نوێنەری متمانە پێکراوی خۆیان ھەڵدەبژێرن ودەسەڵاتەکان دەستاودەست پێدەکرێن،تەنھا لە ھەرێمەکەی  ئێمە نەبێت بە درێژایی حوکمڕانیەکەی ھیچ ھەڵبژاردنێک لە کاتی خۆیدا نەکراوە و بووە بەنەریت ئەبێ ھەردوا بکەوێت،ھەروەھا تائێستا دیار نیە کەی کاتی ھەڵبژاردنی پەڕلەمانی ھەرێمە.!.. 
ھەمیشە ھەڵبژاردنەکانی عێراق و پلەوپۆستی بەغدایان  لاگرنگتر بووە ، کێشمە کێشیان لەسەر سەرۆک کۆماری عێراق و  وەزارەتەکانی کە پشکی کوردە ھەڵبژاردنی کوردستانی بیر بردنەوە،وادیارە عێراقچێتیان بەلاوە گرنگترە، بۆیە ھەرێمی کوردستانیان  لە بارودۆخێکی ناجێگیرو ناھەمواردا گەیاندە بنبەست .ھەر بۆیە بە پەلە کروزەو بەشێوەیەکی نایاسایی کەوتنە خۆیان و بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی پەرلەمانیان درێژ کردەوە.ئەوەندەیتر ناووناوبانگی دیمۆکراسیان لە ھەرێم لەکەدارکرد.!!

لەھەر وڵاتێک کە ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان کە دەگاتە بنبەست بەتایبەتی لەسەر پرسە سیاسییەکان و پێکھێنانی کابینەی حکومەت، ئەوا پەنا بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەبەن گەرچی ھەندێک جار چەند مانگێکیش ھەڵبژاردن ئەنجام درابێت.
کەچی بەپێچەوانەی ووڵاتانی ترەوە لە ھەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییەکان بەردەوام ناکۆکن و   ھەرجارەی بەبیانویەک تەگەرە دەخەنە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن،کێشەی ئێستایان یەک بازنەیی و فرەبازنەییە تائێستای لەگەڵدابێت ئەنجامێکی نەبووە.! پەرلەمانیش دەستەمۆی حیزبەکانە و  وەک پێویست نیە، لایەنە سیاسییەکان نەک داوای ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکەن، بگرە ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدائەنجام نادەن و دوایدەخەن.!بێگوومان مەترسیەکانی دواکەوتنی ھەڵبژاردنەکان زیانی ئەبێ بۆ پرۆسەی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لانیکەم ئەبێتە ھۆی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لەمافی دەنگدان و ھەڵبژاردن و خۆپاڵاوتن، زیانە گەورەکەشی ئەوەیە کە لەو کاتەدا بۆشایی درووست دەبێت و پێشێلکاری یاسایی روودەدات و شەرعیەتی یاسا و پەڕلەمان و خودی حوکڕانیەکەش ئەکەوێتە ژێرپرسیارەوە.!.

بەشێک لەچاودێرانی سیاسی باروو دۆخەکە ئاماژە بۆ ئەوەشدەکەن مەترسی دواخستنی  ھەڵبژاردنەکانی  پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوەی دەبێتە ھۆی لەدەستدانی متمانە لەناو خۆی ووڵاتدا لەلایەن ھاوڵاتیەکانیەوە بەھۆی دواکەوتنەکەیەوە ، ھێندەی ئەوەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیان بە ناوو ناو بانگی ھەرێمی کوردستان دەگەینێت.


25/02/2023



وتارەکانی تری نوسەر