د فایەق گوڵپی لە دادگای ئەنفالدا

سالار مه‌حمود
یەکێک لە پێشمەرگەو پزیشکە دیارەکانی شۆڕش و ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستان د فایەق گوڵپی بوو. لە بیست و ھەشتەمین دانیشتنی دادگای باڵای تاوانەکان لە دۆسیەی ئەنفال رۆژی ٢٠٠٦/١٢/٦ بەچاکەت و بۆینباخەوە دەرکەوت. زۆر بە وردی باسی رۆڵی خزمەتگوزاریانەی خۆی وەک دکتۆرێک کرد لە چارەسەری بریندارانی شەڕی نێوان پێشمەرگەو سوپای رژێمی بەعس. پاشان چارەسەری بریندارانی چەکی کیمیایی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بەگشتی و لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا بە تایبەتی.

ئەو سەردەمە پێشمەرگەی یەکێتی بووە. د فایەق محەمەد ئەحمەد دەرچووی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی موسڵە. لەبەردەم دادگادا وتی: لە ١٩٨٢/٤/٤ تا کۆتایی ساڵی ١٩٨٨ دکتۆری پێشمەرگە بووم، لەو ناوچانەی ھێزی پێشمەرگەی لێبوو. تا ١٩٨٧/٤/١٧ ئەو بریندارانەی چارەسەرم کردون برینداری ئاسایی بوون، واتە بەچەکی ئاسایی لەوە بەدوا برینداری چەکی کیمیاییم چارەسەر کردوەو ھاتۆتە بەردەستم. لە دادگا چەند حاڵەتێکی برینداری چەکی کیمیایی باس کرد بە درشتی. باسی ئەوەی کرد کەلە ساڵی ١٩٨٥ ەوە ھیچ بارەگایەکی ھێزی پێشمەرگە لەناو گوندەکاندا نەمابوو لە رێگەی سەرکردایەتی ی. ن. ک ەوە بەبروسکە ئاگادار کراینەوە کە رژێم بەنیازە ھێرش بکاتە سەر ناوچەکەو چەکی کیمیایی بەکار بھێنێت. لەگەڵ بروسکەکەدا کۆمەڵێک رێمنایی تێدا بوو بۆ خۆپاراستن لەچەکی کیمیایی و مامەڵەکردن لەگەڵیدا. ئەو زانیاریانە بەتەنیا بەس نەبوون بۆ خۆپاراستن. لەو کاتانەدا ھەستام بە کۆکردنەوەی زانیاریەکانی سەرکردایەتی و زانیاریە پزیشکیەکانی خۆم، لە ١٨ خاڵدا کۆمکردنەوەو ناردم بۆ بەھادین نوری کەلە تەکیە بوو نزیکەی ٥٠٠ نوسخەی بۆ چاپکردم ئەو زانیاریانە سێ بەش بوون. 

بەشی یەکەم: جیاکردنەوەی چەکی کیمیایی بوو لە چەکی ئاسایی.
بەشی دووەم: خۆپاراستن بوو لە چەکی کیمیایی.
بەشی سێیەم: بریتی بوو لە بانگەواز بۆ تووشبوان کە بەزووترین کات خۆیان بگەیەننە نەخۆشخانە.

ئەو زانیاریانەم نارد بۆ گوندە گەورەکانی قەرەداغ و گەرمیان. 

د فایەق باسی لەوەش کرد رۆژی ١٩٨٨/٢/٢٧ چەند فڕۆکەیەک ھاتنە سەر ناوچەی قەرەداغ دەستیان کرد بەبۆمباران دەنگی بۆمبەکان نزم بوو. لەو کاتەدا لەمەلجئەکە دەرچووم دووکەڵەکە  نزیکەی ٧٠٠ مەتر لەماڵەکەم دوور بو. بۆنی میوەی گەنیوی لێ دەھات. دەستم کرد بەھاوارکردن و بانگەواز لەو خەڵکەی لەناو مەلجەئەکە بوون بێنە دەرەوە وتم وەرنە دەرەوەو پەڕۆی تەڕ بپێچن بەدەم و چاوتاناو دور بکەونەوە لە شوێنەکە. لەو کاتەدا خەڵکیشم نارد بۆ بەلەکجاڕ کەلەناو گونددا نەمێننەوە. دوای نیو سەعات خەبەر ھات کە گوندی تەکیەو بەلەکجاڕو بەڵخە بەر چەکی کیمیایی کەوتوون و، بەسەدان کەس بریندار بوون. بەڵام برینەکانیان سوک بوو چاویان سور بوبوەوە.

تا ١٩٨٨/٢/٢٧ ئەو چەکانەی بەکار ھاتبوو گازی خەردەل بوو. گازی خەردەل کاریگەری لەسەر چاوو پێست و کۆئەندامی ھەرس لە رێگەی ھەناسەدانەوە دەکات و دەچێتە ناو جەستەی مرۆڤەوە. دوو جۆر کاریگەری ھەیە کاریگەری راستەوخۆ لەسەر پێست و چاوو ھەرس و ھەناسەدان. کاریگەریەکی تر لە رێگەی ھەناسەدانەوە دەچنە ناو جەستەوەو دەگاتە خانەکانی خوێن و کاریگەری لەسەر DNA دەکات و تووشی شێرپەنجەی دەکات.  بەرگری مرۆڤ بۆ نەخۆشی زۆر کەم ئەکاتەوە.  شەوی ١٩٨٨/٣/٢٣ لە ماڵی خۆم بووم لە گوندی ئیمام ھەمزە، گوێم لە رادیۆ دەگرت دەنگێکی نائاسایی ھاتە بەر گوێم. وامزانی خەڵکە لەدەرەوە بەرمیل خل دەکەنەوە. لەماڵ ھاتمە دەرەوە سەیر ئەکەم دەنگەکە لە گوندی سێوسێنانەوە دێت. سەعات ٦:٢٠ دەقیقە بوو کاتەکە لەنێوان تاریک و رووندا بوو کاتەکە.

سەیری گوندەکەم دەکرد ھەندێ دوکەڵ و ئاگرم دەبینی. دوای نیو سەعات دکتۆر ناسیح ھات بۆ لام وتی بابچین بۆ نەخۆشخانە گوندی سێوسێنان بەچەکی کیمیایی لێی دراوە. چووین کەسێک ھاواری دەکرد فریام بکەون کیمیایی لێی داوم ناوی کەمال بوو. داوامان لێی کرد نزیک بێتەوەو، بێت بۆ لامان. وتی ناتوانم چاوم نابینێ. چوین ھێنامان و سەیرمان کرد ئاسەواری چەکی کیمیایی پێوە دیارە. کە گازی ئەعصاب بوو. چاوەکانی وەکو نوکی دەرزی لێھاتبوو. جلەکانیمان داکەندو دەرزی ئەترۆپینمان لێی دا بۆ چارەسەرکردنی. لەھەمان کاتدا بەرنامەیەکمان دانا کە چۆن چارەسەری بریندارەکانی سێوسێنان بکەین. یەکەم شت داوامان لە ھێزی پێشمەرگەو خەڵکی گوندەکانی تر کرد، ھەرچی سەیارەو تراکتۆری ھەیە بچن بۆ ھێنانی بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە. دواتر سێ لەکارمەندەکانی نەخۆشخانە عوسمان و جوتیار و برایمم نارد بۆ چەمی دێوانە کە ئەکەوێتە نێوان گوندی بەلەکجاڕو سێوسێنان. بۆ ئەوەی ھەر بریندارێکیان ھێنا سەرەتا بیشۆن و ئینجا رەوانەی نەخۆشخانەی بکەن. نزیکەی ٧٠ بریندارمان بۆ ھات. کەھەمووی گازی ئەعصاب لێی دابوون. ھەموویان چارەسەر کران و ھیچ کامیان لای ئێمە نەمردن. یەکێک لەوانەی چارەسەر کرا ناوی عوبێد بوو ژنەکەی و چوار مناڵی بەچەکی کیمیایی لە گوندەکە مردبوون.

یەکێکی تر لە بریندارەکان ناوی حەسەن ئەحمەد  بوو ژن و مناڵەکانی ئەویش ھەمووی گیانیان لەدەستدابوو. چەند کەسێکی تریش بەناوەکانی حەمەلاو محەمەد رەسول و، کەمال محەمەد بەکیمیایی گیانیان لەدەستدابوو. ھەواڵمان بۆ ھات کە ٧٢ کەس لە سێوسێنان بەچەکی کیمیایی مردون. سێوسێنان نزیکەی ١٥٠ ماڵی لێبوو. خەریکی کشتوکاڵ بوون و سیاسەتیان نەدەکرد. یەک کەسیان لەناو ھێزی پێشمەرگە بوو کە ناوی محەمەد مەھدی ھادی بوو. ھەموو رۆژێک کەسوکاری داوایان لێ دەکرد واز لە پێشمەرگایەتی بھێنێت نەوەکو بکوژرێت. بەڵام ئەو کاتەی گوندی سێوسێنان بۆمباران کرا کاتیۆشایەیەک کە کیمیایی ھەڵگرتبوو بەر ماڵی محەمەد مەھدی کەوتبوو.

ھەموو ئەندامانی خێزانەکەی شەھید بوون، بێجگە لە محەمەد مەھدی نەبێت. دواتر کێشەی ناشتنی تەرمەکان ھەبوو. کە ئایا بیانشۆن ئینجا بیانێژن یا نا. ترس ھەبوو دوبارە کیمیاباران بکرێن. پرسیاریان لەمن کرد، ئەو کاتە لە رێگەی رادیۆوە بیستبووم کە ھەڵەبجە کیمیاباران کراوەو تەرمەکان بەبێ شۆردن نێژراون. پێم وتن بەبێ شۆردن بیانێژن. ھاوشێوەی ئەوانەی ھەڵەبجە. ھەر ئەو شەوە سەعات ١١:٥ دەقە حکومەتی عیراقی گوندی دووکانیانی ناوچەی قەرەداغی کیمیاباران کرد، لەو گوندەشدا سێ کەس مردن و ١٥ کەسیش بریندار بوون بە کیمیایی. لە رۆژی ١٩٨٨/٣/٢٦ ەوە ھەموو رۆژێک ناوچەی قەردەداغ لە دەربەندیخانەوە بەکاتیۆشا بۆمباران دەکرا. لەوانە، گوندەکانی مچەکوێرو مەسۆیی و دێوانەو بەڵخەو تەکیەو بەلەکجاڕو جافەران و چەمی سمۆر. لەبەر ئەوەی دوای کیمیابارانی سێوسێنان خەڵکی ئەو گوندانە رایان کرد بۆ ناوچەی گەرمیان کەسیان شەھید نەبوو، چونکە چۆڵکرابوون. لە گوندی ئێمە ئیمام ھەمزە پێشمەرگەیەک شەھید بوو لەسەر جھازی لاسلکی بوو، زۆر خۆی لە کیمیایی نە دەپاراست. لەنەخۆشخانەوە چووم بۆ ئەو شوێنەی وشیاری لێ شەھید بوو، وشیار سێ بەرخیشی ھەبوو ھەر سێکیان مردار ببونەوە. پاشان چوومە ماڵی خۆمان ھەموو مریشکەکانم مردار ببونەوە. رۆژی ١٩٨٨/٣/٢٦ ئەنفالی دوو لەقەرەداغ دەستی پێکرد دوای چەند رۆژێک شەڕ پێشمەرگە بەرەو گەرمیان پاشەکشێیان کرد. کە چووینە گەرمیان لەوێ ماینەوە تا ١٩٨٨/٤/١٤ لە ئەنجامی ئەنفالی سێی گەرمیانیش لەوێ پاشەکشەمان کرد. بۆ ناوچەی ناوشوان و عەسکەر. لەھەڵمەتی ئەنفالی سێدا ھیچ برینداری کیمیاییم نەبینی. لەناو دادگاو لە وڵامی سابر دوریدا د فایەق گوڵپی وتی: لەو بەسەرھاتانەدا من و ژنەکەم و کچەکەشم بەکیمیایی برینداربووین. واتە بەرکەوتەی کیمیایی بوین. سوڵتان ھاشم لێی پرسی ئێوە داوو دەرمانتان لە کوێوە بۆ دەھات؟ د فایەق وڵامی دایەوە کە لەو کاتەدا ئێمە ١٤ دکتۆرو نزیکەی ١٠٠ کارمەندی پزیشکی بووین، ھەروەھا خولی پزیشکیمان بۆ پێشمەرگەش کردبوو. لە رێگەی رێکخستنەکانی ناو شارەوە بە نھێنی دەرمانمان پێ دەگەیشت. 

پارێزەری تاوانباران پرسیاریان کرد ئایا نەخۆشخانەکانیان بچوک بون یان گەورە. 

لە وڵامدا وتی نەخۆشخانەی بچوک و گەورەشمان ھەبووە. بۆنمونە نەخۆشخانەی بەرگەڵوو گەورە بوو. عەمەلیاتی تیا دەکرا. 

" ساڵی ١٩٨٣ لەشەڕی حاجی مامەند باوکم رابەر سیاسی کەرت بوو. لەگەرمیانەوە چووبونە ناوچەی شارباژێر لەگەڵ کاک سەلامی کوێخا عەزیزو کاک سدیقی سۆفی مەجید، لەو شەڕە باوکم بەسەختی بریندار ئەبێت و دواتر ئەبرێتە خەستەخانەی بەرگەڵوو مانگێک لەوێ لە ژێر چارەسەردا دەبێت و  ١٤ پرشی ئارپیجی بەرکەوتبوو. دواتر ھەر بەبرینداری ھێنرایەوە بۆ گەرمیان مامۆستا عەلی عەبدوڵا کادری مەڵبەند عەسرانێک باوکمی ھێنایەوە گوندەکەی خۆمان لە وڕێڵەی گەرمیان، لەوێش تا ماوەیەک د بورھان و د شەھاب تەداویان ئەکرد.".

"شەھید مەحمود گەرمیانی جێگری فەرماندەی تیپی ٥٣ ی شێروانە کە ساڵی ١٩٨٦ کەوتە کەمینی جاشەکانەوە لای ژاڵە بەسەختی بریندار بوو، ئەو شەوە بەبرینداری لەسەر قسەی خۆی ھێنایان بۆ ماڵی ئێمە. لە گوندی وڕێڵە، باوکم و کاک سەڵاح کوێخاو ھەموومان بەسەر سەریەوە بووین ریخۆڵەکانی لە سکی ھاتبووە دەرەوەو دکتۆر شەھاب عیلاج و دورینەوەی بۆ سکی دەکرد. ھەرگیز ئەو شەوەو ئەو دیمەنەی دوا ھەناسەو گیانلەدەستدانی شەھید مەحمود گەرمیانیم لەبەر چاو ون نابێت و بیر ناچێتەوە.".

لەناو دادگادا دکتۆر فایەق زۆر بەردی و دیقەتەوە رووداوەکانی گێڕایەوەو زۆرتر تیشکی خستەسەر جۆری کیمیاییەکان و رێژەی کاریگەریان و ژمارەو رێژەی قوربانیەکان. ھەروەھا مردار بونەوەی مەڕوماڵات و پەلەوەریش.

لە دانیشتنەکانی ژمارە بیست و نۆدا دکتۆر زریان و د شوان ئەوانیش وەک پزیشکی شۆڕش شایەتیان لە دادگاییەکە دا. باسی ئەوەش دەکەم، بەگشتی رۆڵی دکتۆرەکانی شاخ لەناو شۆڕشدا زۆر گرنگ و گەورە بووە. بەتایبەتیش رۆڵی د فایەق داستانێکی تایبەتی پڕ لە ھەڵوێستی مرۆڤانەو بەرپرسانە بووە.

شایەتیدان و وتەکانی دکتۆر فایەق بەتایبەتی و دکتۆرەکانی شاخ بەگشتی لەدادگای باڵای تاوانەکان دۆسیەی ئەنفالی بەھێزتر کرد.

12/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر