سەدام حسێن..ئەو تاوانبارەی لە ترسا لەسێدارە درا

سالار مه‌حمود


لەبەرەبەیانی جەژندا، گەورە "دیکتاتۆری نێودەوڵەتی سەدام" لەسێدارە درا.  دیکتاتۆری نێودەوڵەتی بەو مانایەی چەندین تاوانی نێودەوڵەتی لەسەردەمی حوکمڕانیەکەیدا ئەنجام دا. رووداوی سزادانەکەی لەسیاقی خۆیدا گفتوگۆی زۆر ھەڵدەگرێت. بەڵێ سەدام شایستەی سزادان بوو. بەڵام لەکاتێکی نەگونجاوی یاسایی و عورفیدا جێبەجێ کرا. پیشاندانی دیمەنی ژووری ھەڵواسینەکە، بەھوتافی مەزھەبیەوە لە بەرەبەیانی رۆژی ٢٠٠٦/١٢/٣٠ ناشیاو بوو.  تاوانی دوجێلی ساڵی ١٩٨٢
 ١٤٨ کەسی تێدا گولەباران کران و لەسێدارەدران. لەسەر ئەو تاوانە حوکمەکەی لەسەر جێبەجێکرا. 
تاوانی دوجێل لەئەنجامی ھەوڵی تیرۆری سەدام حسێن بوو.
رۆژی ٢٠٠٧/١/٨ دوای نۆ رۆژ لە سێدارەدانی سەدام دانیشتنی ٣٤ ەمینی دادگا لەسەر دۆسیەی ئەنفال بەڕێوەچوو. کورسیەکەی سەدام چۆڵ بوو، یاوەرەکانی زۆر خەمبارو خامۆش خۆیان پیشان ئەدا. راستیەکەشی ئەوەبوو سەدام لەناو قەفەسی دادگاشدا ھاوەڵەکانی بەسەرۆک و گەورەی خۆیانیان دەزانی.
دادوەر محەمەد عرێبی بەیاننامەیەکی دادگای خوێندەوە،  کە تایبەت بوو بەو تۆمەتانەی ئاراستەی سەدام حسێن کراوە لەسەر دۆسیەی ئەنفال. رایگەیاند ئەو بابەتە کۆتایی ھاتوە، بەو پێیەی تاوانبار سزای رەوای خۆی وەرگرت و، کۆتایی بە ژیانی ھێنرا. ئەم بەیاننامەیە دەرخەری ئەوەبوو کە ئیعدام کردنی سەدام حسێن، پێش کۆتایی ھاتنی دۆسیەی ئەنفال و زۆر پرسی قوڵتر کەم بایەخکردنی سەنگی دۆسیەی ئەنفال و کیمیاباران و مەلەفەکانی تریش بوو. دەبوو بەلای کەمەوە سەدام بمابایە تاوەکو دۆسیەی ئەنفال دۆسیەکانی تریش تەواو ئەبوو. چونکە سەدام لە نیوەی دانیشتنەکانی دادگای ئەنفالیش ئامادە ببوو. ھێشتا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکە مانەوەو ئامادەبوونی پێویست بوو. بەڵام دەستە بژێری شیعەی حوکمڕان،  پەلەیان بوو بە کۆتایی ھێنان بە ژیانی سەدام حسێن. 
لەو دانیشتنەدا کە دانیشتنی ژمارە ٣٤ بوو عەلی حەسەن مەجید وتی: ئیتر من لەمەودوا بێدەنگ دەبم و ھیچ قسەیەک ناکەم. تا ئەو کاتەی حوکمەکەم دەردەچێت. 
بیانووی ئەوە بوو کە دادگاکە دەستی سیاسی تێدایە.
لەسێدارەدانی لەبەرەبەیانی جەژندا سۆزی شۆڤێنیە عەرەبەکان و  خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبی بەلای تاوانباردا راکێشا. بەتایبەتی بەو میکانیزمەی کە لەتەلەفزیۆنەوە پیشاندراو دروشمی مەزھەبی لەکاتی جێبەجێکردنی سزاکەیدا دەوترایەوە. خودی سەدام وەک لە شاشەوە بینرا نەیھێشت پەڕۆ بکرێتە سەرو دەموچاویەوەو چووە بەردەم پەتی سێدارە. سەدام جەلادو خوێنڕێژێکی دەگمەن بوو، ئەو سزایە لە رووی ویژدانی و  یاساییەوە شایستەی بوو، چونکە عیراقی لەماوەی ٣٥ ساڵدا کردبوە شەڕگەی گەورە. بەسەدان ھەزار مرۆڤی بەبێ حوکمی دادگا گولەباران کرد، ھەزارانی زیندەبەچاڵ و بێگۆڕو بێناونیشان کرد، ھەزارانی لەسێدارەدا، بیم و تۆقاندنی لەھەموو بستێکی وڵاتەکەدا چاندبوو. بەڵام لەبەردەم ئەمریکاییەکاندا زەلیل و لاواز دەرکەوت. 
سەدام تا دوا ساتەکانی ژیانی بڕوای نەبوو سزای لەسێدارەدانەکەی جێ بەجێ دەکرێت. بۆیە چەندین جار لەناو دادگاوە باسی بێ منەتی خۆی لە جێبەجێکردنی سزاکەی کرد. کاتێ چووە بەردەم پەتی سێدارەش زمانی لە گۆکردن نەکەوت ئەمەش بەپێی ھەندێ خوێندنەوەی دەرونی کەمترین ترسی لەو جۆرە مردنە بوو.
سەدام تاوانی زۆر گەورەی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجامدا، بەڵام لەسەر دۆسیەیەکی بچوکتر لەتاوانە ھەرە دەگمەنەکان لە سێدارە درا.
لەناوبردنی سەدام بە سیاسی کرا، چونکە ھەموو بڕیارێکی لەسێدارەدان پێش جێبەجێکردنی پێویستە ماوەی تەمیزیەکەی کە ٣٠ رۆژە تەواو بکات. حکومەتی شیعە نەیھێشت ١٠ رۆژ بەسەر ئەو ماوە یاساییەدا بڕوات حوکمەکەیان جێبەجێکرد.
بەشێک لە سیاسیەکانی عیراق بڕوای تەواویان بە گۆڕانکاریەکانی پرۆسەی ئازادی عیراق نەبوو، متمانەیان بە ئەمریکاییەکانیش نەبوو. بەعسیەکانیش رۆژانە کردەوەی تیرۆریستی و خۆکوژیان لە ناو بەغداو دەوروبەری ئەنجام ئەدا. جار جارە مەحکەمەکەشیان ھاوەن باران ئەکرد.
شیعەکان بەتایبەتی ترسی ھەڵگەڕانەوەی مێزی بارودۆخەکەیان ھەبوو، بۆیە پەلەیان بوو لە فەوتاندنی سەدام.
ئێستاش رام وایە دەبوو سەدام حسێن لە دادگایەکی نێودەوڵەتی مەحکەمە بکرایە، بۆ ئەوەی دۆسیەی تاوانەکان بەنێودەوڵەتی ببونایە. گەرچی سزای دادگای دەولی لەسێدارەدانی تێدا نەبوو. بەڵام گرەنتی چارەنوسی بۆ کوردو ئایندەی کوردستان لەئاستی نێودەوڵەتی مسۆگەر دەکرد. 
ئێستاو بۆ داھاتووش تاوەکو دادگاییەکی نێودەوڵەتی بۆ یەکێک لە دۆسیەکانی جینۆسایدی کورد نەکرێتەوە. گەلەکەمان ھەمیشە لەبەردەم مەترسی جینۆسایددایە ئەگەر سەدام لەناو چووبێ، ئەوا سەدامیزیم و عەقڵ جەلادەکان ھەر ماون! پرسیار ئەوەیە بۆچی سەدام لەمەحکەمەی نێودەوڵەتی لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکرا؟ بۆ ھەوڵی جدی لەو پێناوەدا ھەست پێ نەکرا. پرسیارێکە ھەوڵدەدەم لە کتێبی "دۆسیەی ئەنفال لەدادگای باڵای تاوانەکانی عیراق"دا کە لە ئایندەدا بڵاودەبێتەوە

30/12/2022



وتارەکانی تری نوسەر