بزوتنەوەی گۆڕان

مه‌ریوان وریا قانع

”لێرەدا دەمەوێت بەسەرهاتێک بگێڕمەوە، بەر لە دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان لە کاتی یەکێک لە سەردانەکانماندا بۆ کوردستان، لەگەڵ چەندان ڕۆشنبیری تری شاری سلێمانیدا، ئێمە بەختیار عەلی و شێرزاد حەسەن و من، کاک نەوشیروان مستەفامان بینی ،ئەو دەم ئەو تازە لە یەکێتی هاتبووە دەرەوە و دەیویست شتێک بکات. پرسیاری ئەوەی لە ئێمە کرد کە چی بکات؟ زۆربەی برادەران بێ دەنگ بوون و هیجیان نەوت،بەڵام من لە وەڵامدا وتم لە یەکێتی مەیە دەرەوەو هەوڵ بدە یەکێتی لە ناوەوە چاک بکەیت، من ڕام وابوو زەحمەتە شتێکی تازە دروست ببێت و بتوانێت دەستکاری هاوکێشە سیاسیەکان بکات، کاک نەوشیروان لە وەڵامدا بە منی وت " کاک مەریوان من و یەکێتی تەواو بووین ،من چیتر ئاسنی سارد ناکوتم " ئەوە تاکە بینینێکی من و هەندێک لەو برادەرانەی ترمان بوو لەگەڵ کاک نەوشیرواندا بەر لە دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان.“. ل٣٤٤ . کتێبی ”بیرکردنەوە لە سەردەمە تاریکەکاندا“ سلێمانی ساڵی ٢٠١٩

ئەوەی سەرەوە پەراوێزی چاوپێکەوتنێکە کە لە ساڵی ٢٠١٠دا ڕۆژنامەی ڕوداو لەگەڵ مندا سازیکرد. من دوای بڵاوکردنەوەی ئەو چاوپێکەوتنە لە کتێبی ”بیرکردنەوە لە سەردەمە تاریکەکاندا“ ئەو پەراوێزەم بۆ نووسیی. ئەوەی دەمەوێت لێرەدا بۆ ئەو پەراوێزەی زیاد بکەم ئەوەیە: من لە ھەمان بینیندا بە کاک نەوشیروانم ووت: ”کۆمەڵگای ئێمە زۆر لاوازکراوە، لە ھەموو بوارەکاندا  کراوەتە پاشکۆی حیزبەکان، بۆیە لە ململانێی دەرەکیدا دەرەقەتی دەسەڵاتی ئەم پارتە سیاسیانە نایەت،   گۆڕانکاریی لەناوەوەی حیزبەکاندا ڕەنگە ئاسانتر ڕووبدات.“ ھەروەھا ئەوەشم ووت: ”ئەم فۆرمە حیزبایەتییە لەیەککاتدا حیزبی کردوە بە خاوەنی ھێزی چەکدار، بە خاوەنی ئابوریی، بە خاوەنی دەزگا بیرۆکراسییەکانی دەوڵەت، بە خاوەنی ئەمن و ئاسیش. دەرھێنانی ئەمانەش لەژێر دەستیان کارێکی ئاسان نییە“ . بەڵام دیاربوو کاک نەوشیروان تەواو لە کارکردن و ڕیفۆرمکردنی یەکێتی بێئومێدبووبوو. کە بزوتنەوەی گۆڕانیش دروستبوو من یەکێک بووم لەو کەسانەی  ھاریکاریکردنی بزوتنەوەکەم بەڕاست و بەپێویست دەزانیی و باوەڕم وابوو دەکرێت مۆدێلێکی جیاواز پێشکەشبکات. خوێنەر دەتوانێت بۆ ھەردوو ئەو چاوپێکەوتنە بگەڕێتەوە کە دەربارەی بزوتنەوەی گۆڕان لە کتێبی   ”بیرکردنەوە لە سەردەمە تاریکەکاندا“ بڵاوبوەتەوە.  ناونیشانی چاوپێکەوتنەکان خۆم دامناون.

یەکەم: چۆن لە ئێستا بگەین؟ وەڵام بە نامەی کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس ل ٢٨٩- ٣١٤ . ساڵی ٢٠٠٩
دووھەم: خورافەتی ھێزی ڕزگارکەر و فریشتەیی پەپوولەئاسا. چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕۆژنامەی ڕووداو. ل٣١٥- ٣٥٤. ساڵی ٢٠١٠


20/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر