ئابوریی زوڵم: تێکەڵبوونی ڕێنتی نەوت و جەنگ بەیەکتریی

مه‌ریوان وریا قانع
بە بۆچوونی من ئەوەندە بەس نییە بڵێین ئابوریی ھەرێم ئابورییەکی سەرمایەدارییە و ئەوەی ئەم ھێزە سوڵتانییە دەژیەنێت ”سیستمی سەرمایەداریی"ە. ئەم شێوازە لە قسەکردن و نووسین ھێندە گشتگیر و نامێژوویی و ئینشاییە، ھیچ شتێکمان لەسەر ھیچ دۆخێکی مێژوویی کۆنکریت پێناڵێت. ماقوڵ نییە سیستمی ئابوریی سوید و دانیمارک و نەرویج و ھۆڵەندا بە سەرمایەداریی ناوبنێین و بەو سیستمە ئابوریەش کە لە ھەرێمدا سەروەرکراوە، ھەمان ناو ببەخشین. یان لە باشترین حاڵەتدا پاشگرێکی خراپ و گشتگیریی لە بابەتی ”خۆرھەڵاتیی" پێوەبنێن و بڵێین سەرمایەداریەکەی ھەرێم ”سەرمایەدارییەکی خۆرھەڵاتیی"ە، بەمەش جیاوازییەک لەنێوان ئابوریی ھیندستان و تونس و تورکیا و مالیزیا و ھەرێمدا نەکەین. ھەموویان لەژێر کۆمەڵێک ڕستە و کڵیشەی ئینشاییدا کۆبکەینەوە.

بە بۆچوونی من ئەو مۆدێلە ئابورییەی سیستمە سوڵتانییەکەی ھەرێمی لەسەر دروستبووە تێکەڵەیەکی تایبەتە لە ئابوریی ڕێنت و جەنگ و تاڵانیی. ڕێنتی فرۆشتنی نەوت تێکەڵ بە ھاریکاریی دەرەکیی و کۆکردنەوەی خاڵە گومرکییەکان و بازرگانی قاچاخ، ئینجا دزین و تاڵانکردنی ئەو سەرچاوانە، ھەموو ئەمانەش لەناو ھەلومەرجێکی ناجێگیریی پڕ لە شەڕ و شۆڕ و جەنگیی کورت و درێژخایەنی فرەجۆر و ناکۆکی دوژمنکارانە و ڕێکەوتنی نھێنیی و ژێربەژێردا. ئەم گشتە گەورەیە بەسەریەکەوە ئابورییەکی دروستکردوە کە دەشێت بە ”ئابووریی زوڵم" ناویببەین. ئابوریی زوڵم چەمکێکی ئینشایی نییە، بەڵکو ناونانێکی کۆنکریتیی ئەو سیستەمە ئابوریەیە لە ھەرێمدا دروستکراوە کە مێژوویەکی تایبەتەی ھەیە کە ئەمە کورتەکەیەتی:

کاتێک ھەرێم لە دوای ڕاپەڕینەوە ئازادبوو، ئەو بنکە ئابورییەی کە دروستبوو، بە پلەی یەکەم، رێنتی خاڵە گومرکییەکان بوو کە بەھۆی گەمارۆدانی ئابوریی نێودەوڵەتیی لەسەر ڕژێمەکەی سەدام حوسەین گرنگییەکی گەورەیان پەیداکردبوو. ئینجا ئاودیوکردن و فرۆشتنی بەشێکی گەورەی ئەو ئامێر و کەرەستە و ئامرازانەی لە کوردستاندا ھەبوون و دەستگرتن بەسەر پارەکانیاندا. دوای ئەوەوە دەستگرتن بەسەر ئەو بڕە لە کارگە و کارخانە کەمانەی لە ھەرێمدا ھەبوون و بەکارھێنانیان لەلایەن دوو پارتە باڵادەستەکەوە و دواتریش فرۆشتنەوەیان بە کەسە دەسڕۆشتوەکانی ناو ئەو پارتانە، یاخود بە کەسانی زۆر نزیک لەوانەوە. ئەم ڕێنتخۆریی و کەڵەکەبوونە تایبەتی سەرمایە، وایکرد لەسەر دابەشکردنی داھاتی گومرکەکان، بەتایبەتی گومرکی ئیبراھیم خەلیل، جەنگێکی چەند ساڵە لەنێوان پارتیی و یەکێتیدا دروستببێت. لە گەرمەی ئەم جەنگەشدا فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی یاساغ و زۆرجار لەڕێگای دەستتێکەڵکردن لەگەڵ بەعسدا، ھاتەکایەوە. ئەم دۆخە تا بەرپابوونی جەنگی خستنی سەدام حوسەین و دروستبوونی دۆخێکی نوێ کە تیایدا سەرجەمی ئەو بونیادە ئابورییە تاڵانکارەی دروستکرابوو چەندانجار گەورەتر و بەھێزتر دەبێت، بەردەوام بوو، بەبێ ئەوەی لۆژیکی دابەشکردنی داھات و کەڵەکەکردنی سەرمایە گۆڕانی بەسەردا بێت. دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینیش و ھاتنەکایەی جەنگ دژ بە تێرۆر و جەنگ دژ بە ئەمریکا و جەنگی نێوان لایەنە جیاوازەکان لە عێراقدا، کە ڕەھەندێکی ئیقلیمیی و نێودەوڵەتی گەورەی وەرگرت، ئیتر بازرگانی نەوت گەورەتر و چالاکتربوو. لەگەڵ ئەم گەورەبوونەشدا بڕی ئەو تاریکیی و نھێنییانەی کە لەسەرەتاوە لە دەوری ئابوریی ھەرێم لە ئارادابوو، بە دەیان و سەدان جار گەورەتر بوو. ھاوکات بڕی خراپبەکارھێنان و دزین و تاڵانکرد و گەندەڵیکردن بە ڕێنتی نەوت و خاڵە گومرکییەکانەوە، چەندەھا جار گەورەتر و ترسناکتر بوو. لەگەڵ ھاتن و بەرپابوونی جەنگی داعشیشدا ئابوریی نەوت بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ ئابورییەکی مافییایی و مەسەلەی دزین و دەستگرتن بەسەر ئابوری نەوتدا، دەچێتە ئاستێکی ئەفسانەییەوە. لە ھەموو ئەو دۆخانەدا جەنگ بەشێکی دانەبڕاوی چۆنیەتی ئیشکردنی ئەم ئابورییە بووە، لەڕاستیدا جەنگ لەزۆر ساتەوەختدا وەک لۆژیکی ناوەکیی ئیشکردنی ئەم سیستمە ئابورییە ئامادەبووە و کاریکردوە. کەڵەکەبوونی سەرمایە و ئەوەی بەدەستھاتوە بە زۆر و فشار و بپەنابردن بۆ توندوتیژیی و کوشتن و بڕین و گەندەڵکارییەوە، بەدەستھێنراوە. 

خاڵێکی گرنگی تر ئەوەیە لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا جێگۆڕکێیەکی کۆمەڵایەتیی بەرچاو دەبینین. بڕێک لە پێشمەرگە و پیاوە چەکدارەکانی سەردەمی شاخ و سەردەمی بەعس، دەبن بە سەرمایەدارە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەین. بەمەش ئەو شێواز و مۆدێلەی خاوەنپارە و سەرمایەدار کە پێشتر لە دونیای ئێمەدا لەئارادابوو گۆڕانێکی گەورەی بەسەردادێت. زۆرێک لە نوخبە سەرمایەدارە کۆنەکەی کۆردستان پێگە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکی خۆیان لەدەستئەدەن و لەپاڵیاندا نوخبەیەکی نوێ دروستدەبێت کە لەناو سیاسەتەوە دێنە ناو ئابوریی و پێگە سیاسییەکانیان بۆ پێگەی ئابوریی تەرجەمەدەکەن. وەک وتیشمان ئەم نوخبە  خاوەن سەرمایە تازەیە ڕێنتی نەوت و ڕێنتی خاڵە گومرکییەکان و بازرگانی قاچاغ دروستیاندەکات. لەم ڕەوتەدا ڕەنگە ھیچ شتێک ھێندەی کوشتنی عەلی بۆسکانی، پارەدار و سەرمایەداری قۆناغی بەر لە ڕاپەڕین، ھێما بۆ ئەم جێگۆڕکێ کۆمەڵایەتییە نەکات. کوشتنی عەلی بۆسکانی و دروستبوونی کەسانی وەک ئاشتی ھەورامیی ھێما بۆ ئەو ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەێییە گەورەیە دەکەن، کە ئابوری زوڵم لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستیدەکات. لەزۆر ڕوەوە ئابوریی زوڵم ئابوریی ناو جانتە داخراوەکەی ئاشتی ھەورامییە، ئابورییەکە لەناو ئەو جانتایەوە ئیدارەئەدرێت نەک لەسەر ئەرزی واقیع و لەڕێگەی کردەی بەرھەمھێنان و ئاڵوگۆڕێکی بازرگانیی یاسایی و ئاشکراوە. ئەمە وادەکات گرنگ نەبێت ئاشتی ھەورامی لە ھەولێر دانیشێت یان لە شوێنی تر، لە تەنیشتی سەرە گەورەکانی ناو حکومەت و حوکمڕانییەوە بێت، یاخود بەخۆی و جانتاکەیەوە لە لەندەن یان ئەستنەبوڵ یان لە نەمسا نیشتەجبێت. ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی کە ئەم پیاوە نوێنەرایەتیی دەکات، سەرمایەداریی دزیی و جەردەیی و گەندەڵییەکی کەم وێنەیە، کە لەناو جانتایەکی بچووک و بەھۆی لەپتۆپێکەوە تێکەڵ بە دونیایەکی گلۆبالی بووە.  ئابوری زوڵمە بە مانای ئابوری کەڵەکردنی سەرمایەیە لەڕێگای تاڵانییەوە. 

لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا ئەم ئابورییە نوخبەیەکی سیاسیی دروستکرد کە سیستمەکەیان بەرەو بە سوڵتانیکردنێکی سیاسیی تەواو برد، پێگە ئابورییە بەھێزەکانی وڵاتەکەیان بە پێگە سیاسییەکانەوە گرێداو و پێگە سیاسییە گرنگەکانیشیان لەدەستی چەند کەسایەتیی و خێزانێکی کەمدا کۆکردەوە. ئەم نوخبە سوڵتانییە دەستی خستە ناو نەخشەی کۆمەڵایەتیی دونیای ئێمە و چەندەھا گروپی ”موفەزەل" و ”باوەڕپێکراو" و ”خاوەن وەلای ڕەھا"ی دروستکرد. ئەم ئابورییە کە ڕێنت و جەنگ دروستیکردوە، ئابورییەک نییە دەوڵەت یان حیزب بەڕێوەیببات، یان تەعبیر لە جیھانبینیی یان عەقڵیەتێکی دەوڵەتیی و تەنانەت حیزبیش، بکات، بەڵکو ئابورییەکە نوخبەیەکی سوڵتانیی بچووک بەڕێوەیدەبات کە گرێدراوە بە چەندان تۆڕی ئابوریی قاچاغ و ھێزی ئیقلیمیی و بەشە یاساغ و گەندەڵەکەی ئابوریی جیھانییەوە. بە لۆژیکێکی مۆنۆپۆڵخواز و لە غیابی ھەر لێپرسینەوەیەکی یاسایی و سیاسیشدا کاردەکات. لەناو ئەم تاریکاییە گەورەدایەدا ئەم نوخبە سوڵتانییە چەندان دەزگای سەرکوتکرنی دروستکردوە، چەندان دەزگای میدیایی مێشکشۆر و پڕۆپاگەندیستی دروستکردوە، کۆمەڵگاشی بە کردەوە بێئیش و بێکار و بێئایندە کردوە. ئەم ئابورییە ئابوریی تاڵانیی و جەنگە کە لەدۆخی ئاشتیی و ئارامیی کۆمەڵایەتیدا ناتوانێت بە ھەمان لۆژیکەوە بەردەوام بێت، مەگەر تەنھا لەڕێگای توندوتیژیی و ھەڕەشەکردن بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە، نەبێت. ئەم ئابورییە بۆ مانەوەی پێویستیی بە نائارامیی و جەنگ و پشێویی بەردەوام ھەیە، ھەروەھا پێویستی بە کۆمەڵگایەکی بێدەنگ و ترساو و نائومێد ھەیە. پێویستی بە زەبروزەنگە لە ھەموو فۆرمەکانیدا. 

02/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر