یەکێتی لە دوڕیان دا

که‌مال چۆمانی
قۆناغی ئێستای یەکێتیی، یەکێکە لە هەستیارترین قۆناغە مێژوییەکانی ئەو حیزبە لە دو دەیەی رابردو دا، تەنانەت بە بەراورد بە دابڕانی نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانیشی و راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دۆخێکی هەستیارترە، بۆیە هەبونی ئەو جیاوازیی و ناکۆکییانە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، کارێکی چاوەڕواننەکراو نەبو، من پێشبینیی ململانێی زیاتریش دەکەم لە کاتی دەستنیشناکردنی کەسێک بۆ سکرتێری گشتیی یەکێتیی.
ئەم قۆناغە، قۆناغی گواستنەوەی یەکێتییە لە جەلال تاڵەبانیی سکرتێر و باوک و راگر و چەتری کۆکردنەوەی ناکۆکییەکان و کاریزمای حیزبەوە، بۆ قۆناغێک کە تێیدا دو بەرە ململانێ لەسەر بردنەوەی یەکێتیی دەکەن؛ بنەماڵەی تاڵەبانیی دەیانەوێ ببنە میراتگری راستەقینە و گروپێکیش لە مەکتەبی سیاسیی دەیانەوێ بانگەشە دیمۆکراسییەکانی حیزب لە چل ساڵی رابردو دا بۆ سۆشیاڵ دیمۆکراسیی و دژایەتییان بۆ بەبنەماڵەیی بون لە قۆناغی بانگەشەبونەوە بگوازنەوە بۆ قۆناغی بەدەزگایی بون، لانیکەم وای نیشاندەدەن.
ئەوەی یەکێتی توشی قەیران دەکا و ئەگەری هەڵسانەوەی لاوازدەکا ئەو ململانیێیە هەنوکەییانە نییە کە ئێستا لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار و دواتریش لەسەر سکرتێریی حیزب بونیان هەیە و دەبێ، بەڵکو ئەگەری تێنەپەڕاندنی ئەو دۆخەیە، یان تێپەڕاندنی ئەو دۆخە بە تەسلیمکردنی یەکێتیی بە بنەماڵەی تاڵەبانیی یان گروپێکی مەکتەبی سیاسیی و پەراوێزخستنی گروپێکی تر. یەکێتی بەر لەوەی کۆنگرە ببەستێ، دەبێ لەسەر ئەوە رێکبکەون نە بنەماڵەی تاڵەبانی فەرامۆشبکرێ، کە ئەمە مەحاڵە، نە یەکێتییشیان تەسلیم بکرێ، بەڵام بەهۆی پێدراوە کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابورییەکانی ئێرە،پێویستە رازی بکرێن. کارێکی باش نییە رێبدرێ یەکێتیی بەتەواوی ببێتە کۆپییەکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان. خۆ ئەگەر بنەماڵەی تاڵەبانییش مەبەستیان بێ هەندێ سەرکردەی یەکێتیی فەرامۆشبکەن، دیسان کارێکی باش و ئاسان نییە. 
یەکێتی ئێستا لە هەلومەرجێکی زۆر هەستیار دایە کە دابەشبۆتە سەر چەندان باڵ، هەر باڵێک خاوەن نەخشەی خۆیەتی بۆ یەکێتی کە خۆی تێدا گەمەکەر و هەڵسوڕێنەری بێ. ئەوەی زیاتر دیارە، باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بەرهەم ساڵحە، کۆسرەت رەسول بەهۆی کەمیی لیاقەتی سیاسیی خۆی لە ئێستا دا و نەبونی کەسێکی بەهێز و کاریگەر کە بتوانێ نوێنەرایەتیی باڵی ئەو بکا، لەنێوان باڵەکەی بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبڕاهیم دا باڵانسی خۆی راگرتوە، بەڵام وەک پێشو کاریگەر نییە.
یەکێتی لە دوڕیانێک دایە، رێیەکیان بەرەو هەڵدێر و رێیەکەی تری بەرەو بەشدارییەکی کاریگەرتر لە سیاسەتی کوردستان و ناوچەکە دا. یەکێتی ئێستا خاوەنی بانگەشەی پفدراو بە چەمکی ریفۆرم و سۆشیاڵ دیمۆکراسی  و داکۆکیکار لە کوردەکانی رۆژئاڤا و داکۆکیکار لە هەژاران و دژ بە گەندەڵییە. رێتەریکی یەکێتی بۆ شاردنەوەی ئەو قەیرانانەیە کە تێیکەوتوە. دۆخی پڕ ململانێی یەکێتی ئەوە دەخوازێ روبەڕوی قەیرانەکان ببنەوە نەک هەوڵی پەردەپۆشکردنیان بدرێ.
Twitter @KamalChomani

23/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر