پێشنیازێکی بچوک بۆ یەکێتیی بۆ ئەوەی تێگەییشتن لە پرسەکان ئاسانتر بێ

که‌مال چۆمانی

"سەرچاوەیەكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە بڕیاری‌ كەمكردنەوەی‌ مووچەی‌ فەرمانبەران ناڕازین."

یەکێتی لەوانەیە لەوانەیە بەشێکی بچوک لە ئەندامانی بگەوجێنێت، بەڵام نە دەتوانێ کۆی ئەندامانی بگەوجێنێ، نە دەشتوانێت کاریگەرییەکی بچوکیش لەسەر خەڵک دروستبکا بەو هاشوهوشە.

یەکێک لە بانگەشەکانی قوباد تاڵەبانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن ئەوە بوە کە "نەک هەر پاشەکەوتی موچە ناهێڵین، بەڵکو قەرزی پاشەکەوتەکەش دەگێڕینەوە."

ئێستا قوباد تاڵەبانی لە هیچیان سەرکەوتو نەبوە، ئەمجارە نەک پاشکەوت ناکەنەوە، بەڵکو موچە دەبڕن. 

ئەگەر یەکێتیی ناڕازییە لە بڕیاری کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەران، فەرمو با جێگری سەرۆک وەزیران قوباد تاڵەبانی بەیاننامەیەک بڵاوبکاتەوە. دوای بەیاننامەکەش، با یەکێتیی هەڵوێستێک نیشانبدات کە شایانی ئەو هاشوهوشە بێت کە تەنها خۆیانی پێ دەگەوجێنن.

پێشنیازە بچوکەکەم بۆ یەکێتیی ئەوەیە؛ جاری داهاتو ئەگەر بەیاننامەیەک یان لێدوانێک یان سیاسەتێکتان ئاشکراکرد، تکایە پێمان بڵێن کام یەکێتیی. یەکێتیی حکومەت یان هی ئۆپۆزسیۆن، هی پارلەمان یان هی سەرۆکایەتیی هەرێم، هی ماڵی تاڵەبانیی یان هی ماڵی شێخ جەنگی، هی کۆسرەت رەسول یان هی بەرهەم ساڵح، هی جافەکان یان هی کەرکوکییەکان، هی هەولێر یان هی دهۆک، هی چۆمان یان هی رانیە، هی مام جەلالی دوای ٢٠٠٣ یان هی مام جەلالی ١٩٨٠کان، زنجیرەکە درێژە...

22/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر