بۆچی عەلی باپیر روی نایەت دژ بەدرێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانیی بێ؟

که‌مال چۆمانی
میدیای کۆمەڵی ئیسلامیی عەلی باپیر وەک میدیای ئێرانیی بە دەوڵەتی ئیسڕائیل دەڵێ 'قەوارەی ئیسڕائیل'. ئەو قەوارەیەی کە سەرۆک وەزیرانێکی هەیە چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کۆنگرێسی ئەمێریکا وتارێکی چل دەقیقەیی دا و تا وتارەکەی تەواو بو، کۆنگرێسمانەکان هەڵدەستانەوە سەر پێ و چەپڵەڕێزانیان دەکرد. ئەو بنیامین نەتەنیاهۆیەی کە بە یەکێک لە کاریگەرترین سەرۆک وەزیرانەکانی ئیسڕائیل دادەنرێ و لە ساتە قەیراناوییەکان دا ئیسڕائیلی تێپەڕاندوە، بە هەزاران دژبەری هەیە و دژ بە مانەوەی نەتەنیاهۆن بە هەڵبژاردنەوەی وەک سەرۆک وەزیران کە لەم مانگە دا هەڵبژاردنی کنیسێت دەکرێ. دوێنێ سی هەزار ئیسڕائیلیی هاتە سەر شەقامەکان و داوای جێگرتنەوەی بنیامین نەتەنیاهۆیان کرد.

 
عەلی باپیر و میدیاکەی، لە ٢٠٠٩ەوە رەخنەی زۆر توندیان لە مەسعود بارزانیی گرتوە و هەمیشە بە سەرۆکێکیان تەماشاکردوە کە تەنها سەرۆکی پارتییە نەک سەرۆکی هەرێم، مەسعود بارزانی و حیزبەکەی بارزانییشیان وەک هۆکار بۆ هەمو نەهامەتییەکانی کوردستان تەماشاکردوە، کەچی دوێنێ لە وتەیەکی چاوەڕواننەکراو دا رایگەیاند کە مەسعود بارزانی "زەڕوڕەت"ێکە و دەبێ وەک سەرۆکی هەرێم بمێنێتەوە.

پرسی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پرسێک نییە تایبەت بێ بە عەلی باپیر و نەوشیروان مستەفا و محەمەد فەرەج و مەسعود بارزانی و حەمەی حاجی مەحمود و جەلال تاڵەبانی، ئەو پرسە پرسێکی دیمۆکراسیی و قانونییە. مەسعود بارزانی سەرۆک بێ یان سەرۆک نەبێ، وەک نەوشیروان مستەفا ژمارەی یەکەمی کوردستان دەبێ. بۆیە با کەس وا تێنەگا رەخنەی ئەوانەی کە دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی مەسعود بارزانی، دژایەتیی پارتیی و بارزانییە، بەڵکو دەبێ وا تێبگەن ئەوە پرسێکی دیمۆکراسییە و نابێ دیمۆکراسیی ژێربکەوێ. بەڵکو دەبێ هەموان لەگەڵ دیمۆکراسیی بن و رێبگرن لەوەی جارێکی تر دیمۆکراسیی لە کوردستان بێمانا بکرێتەوە.

عەلی باپیر ئێستاش وەک دەوڵەت قبوڵی دەوڵەتی ئیسڕائیل ناکا، کەچی ئیسڕائیلییەکان و جولەکەکان هێندە دەوڵەتدار و دیمۆکراتن کە بەهۆی توندڕەویی نەتەنیاهۆوە، خەڵک داوای دانەناوەی دەکات و دەیان سیاسییشیان هەیە و ئامادەن بۆئەوەی ببن بە سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل. کەچی عەلی باپیر، لە کەس رانابینێ ببێتە سەرۆکی هەرێم و وەک یەکەم کەس بانگی پێشێلکردنی بنەماکانی دیمۆکراسیی دا.

بیرمان نەچێ، عەلی باپیر خۆی بڕوای بە دەستاودەستکردنی دەستەڵات نییە، ئەگەر بڕوای پێبوایە، ئەوا دەمێک بو ئەمیرایەتیی کۆمەڵی ئیسلامیی جێدەهێشت چونکە ١٤ ساڵە بێ هیچ مەرجێک ئەمیرایەتیی کۆمەڵ دەکا، تەنانەت کە خۆی لە بەغداد بو وەک ئەندام پارلەمان، هێشتا ئامادە نەبو ئەمیرایەتیی حیزب جێبهێڵێ. ئاخر ئەو ئەگەر خۆی ئەمیرایەتیی جێنەهێڵێ، بە چ روێکەوە دەتوانێ داوا لە بارزانیی بکا کە پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێم درێژنەکاتەوە. 

بۆ من ئەوەی گرنگە، دیمۆکراسیی و چەسپاندنی قانونە لە کوردستان دا. ئەگەر رێککەوتنێک بکرێ لەگەڵ بارزانیی کە سبەینێ هەمو چاکسازییەک لە کوردستان دا بکرێ، تەواوی داواکانی خەڵک و حیزبە سیاسییەکان و میدیاش جێبەجێبکرێ، من هێشتاش دژ بە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتیی بارزانییم و داوادەکەم کەسێکی تر وەک سەرۆک هەڵبژێردرێ و دەستاودەستکردنی دەستەڵات دەستپێبکا. هەر سیاسییەک پرەنسیپڵی کردە قوربانیی دەستکەوتێکی کاتیی و حیزبیی و کەسیی، بە کەڵکی سیاسەتکردن و سەرکردایەتیکردن نایەت.

08/03/2015



وتارەکانی تری نوسەر