هەڵوێستی باشوور بۆ رۆژهەڵات

نیاز عەبدولآ
 ئیدارەی سلێمانی بە پێنەدانی مۆڵەتی خۆپیشاندان لە ٨ی ئایاردا، نیازی پێشینەی خۆی لەبەرامبەر خۆپیشاندانەکانی شاری مهاباد و حکومەتی ئێرانی خستەڕوو، بە جۆرێک پێدانی مۆڵەتێکی تر قەرەبووی یەکەم بڕیاری هەڵەی ناکاتەوە.  

رۆژهەڵاتی کوردستان بەبێ پشتیوانی ناتوانێت بەرگەی فشارە توندڕەوەکانی حکومەتی ئێران بگرێت، لە کاتێکدا ئەو حکومەتە سەرجەم شێوازەکانی سەرکوتکاری لە ناوخۆی وڵات بەکاردەهێنێت و لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کێبڕکێ لەگەڵ سعودیە و ئیسرائیل و پێگەی ئەمریکا لە ناوچەکە دەکات.  ‌

بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا توانا و ئامادەییەکانی خۆی بخەمڵێنێت بۆ پشتیوانیکردن لەو خۆپیشاندانەی ئەگەری هەیە ببێت بە راپەرین و شۆڕش، دوور لەو بەرژەوەندییە حزبییەی هەر یەک لەو حزبانەی بەستۆتەوە بە وڵاتی ئێران و، ئەوەی کە حکومەتی هەرێم چەندە بەرجەستەی بەرژەوەندی تایبەتی چەند حزبێک دەکات. ‌و‌ەڵامی روونی ئەوەی لە لا بێت، لە ئەگەری ئاوارەبوون و هەوڵدان بۆ رزگاربوونی بریندارەکان و هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان، چۆن بڕیار و هەڵوێستێک دەگرێتەبەر بۆ هاوکاریکردنیان؟ هەروەها لە ئەگەری فشارەکانی ئێران بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور، رەفتاری حوکمڕانی هەرێم چی دەبێت؟  ‌
لایەنی کەمی، لە ئێستادا پێویستە حکومەتی هەرێم دەروازەکانی پشتیوانی دەربڕین لە باشوور بۆ رۆژهەڵات سەرکوت نەکات، و دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەگەر بە ئاشکراش نەبێت بە رووی خەباتکارانی رۆژهەڵات دانەخات.
  بەپێی ئەزموونی پێشینە، پەیوەندی بەرژەوەند خوازانەی حزبەکان لەگەڵ ئێران و مسۆگەرکردن و هێشتنەوەی هەندێک کەسایەتی سیاسی کوردی لە پۆستەکانیان و بەشداری سوپای قودسی ئێرانی و قاسم سولێمانی لە شەڕی دژی داعش، بۆ هەندێک لە حزبەکانی باشوور خاڵی لە پێشینە بە ئێران دەدات نەک کوردانی رۆژهەڵات و خاکەکەی و خۆپیشاندانەکەی ٧ی ئایاری شاری مهاباد.

  ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی کردەیی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی هەیە، کە وەک ئێستای وڵاتی ئێران گوللە و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و لە ئەنجامدا کوژراو و بریندار هەبوون، وەک ئەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییە داکۆکیکارەکانی لە مافی مرۆڤ هێنایە دەنگ، بەڵام پێویستە بوێری ئەوە بە خۆی بدات داوا لە حکومەتی ئێران بکات تووندووتیژی لەبەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و بەدواداچوون بۆ داواکاری خۆپیشاندەران بکات، بە پێچەوانەوە سنوورەکان بۆ ئێران واڵا نەکات بۆ رادەستکردنەوەی چالاکوانان و کەسایەتییە سیاسییەکانی رۆژهەڵات.

 ‌سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا دۆخی هەرێم لەو قۆناغە بەهێزە سیادی و حوکمڕانییەدا نییە کە توانای هاوکاری راستەوخۆی مهابادی هەبێت، بەڵام مهاباد بۆ هەرێمی کورستانی رۆژهەڵات وەک شاری کەرکوک لە باشوور بۆ کورد گرنگە لە رووی مێژوویی و جوگرافییەوە، بەڵام پێویستە بە زووترین کات رێگای هاوکاریکرنی مەعنەوی و کردەیی لە ناوەندی سیاسی و کۆمەڵی مەدەنی خۆی وەک بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و مێژوویی لە باشوور بەرجەستە بکات.


09/05/2015



وتارەکانی تری نوسەر