"داوا لە رۆڵەكانی گەلی كوردستان دەكەین خاكی خۆیان جێنەهێڵن." ئه‌م داواکارییه 8 وشه‌ییه به‌شێکه له‌و 150 وشه‌یه‌ی سه‌رۆکایه‌ی هه‌رێم، له 3ی ئه‌یلولی 2015دا ئاراسته‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستانی کردووه.
8 وشه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم ته‌نیا لێدوانی فه‌رمییه له ماوه‌ی ساڵ و نیوێکدا سه‌باره‌ت به کۆچی هه‌زاران هاووڵاتی هه‌رێمی کوردستان، که زۆرینه‌یان گه‌نجن، له په‌راوێزی راگه‌یه‌ندراوێکی لاوازدا وترابێت.
ناوەنده‌کانی بڕیار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، له ماوه‌ی ساڵ و نیوی رابردوودا، بەشێوەی رووکەشیش نیگەرانی و ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر کۆچی بە لێشاوی گەنجان و خێزانەکان دەرنەبڕیوە، که به‌شێکیان له پێکهاته‌ی ئاینی و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کانن.
ئه‌مه له کاتێکدا، کۆچی هەزاران مرۆڤی گەنج واتای لە‌دەستدانی سەروەت و وزەیەکی گەورەی مرۆیی هەرێمی کوردستان. واتای چۆڵکردنی وڵاتە لە نەوەی پێگەیشتووی داهاتوو، لە سەرجەم بوارەکان.
کۆچکردنی نه‌ته‌وه و ئاینه جیاوازه‌کانیش واتای کاڵبوونه‌وه‌ی بنه‌مای به‌یه‌که‌وه ژیانی ئاین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌کان له کوردستان. واتای له ده‌ستدانی ئه‌و فره‌ییه‌ی کورد بۆ چه‌ندین ساڵ پێی خۆشحاڵ بوو.
ژمارەیەکی زۆر لە گەنج و منداڵ، بەهۆی ئەو رێگا سەختەی گرتوویانەتەبەر بەشێوەی زۆر تراژیدی گیان لە دەست دەدەن، بەڵام جگە لەو وێنانەی لە‌میدیا جیهانییەکانەوە دەیانبینین، کێ لە ناوەندە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم بەدواداچوونێکی بۆ ئەم دۆسیە گرنگە ئەنجامداوە؟ کێیان داوای لەو پەناهەندانە کردووە رێگای مەرگ نەگرنەبەر؟ کێ بەدواداچوونی یاسایی و ئەمنی بۆ بوونی قاچاغچی و گرووپە مافیاییه‌کان کردووە، کە رۆژانە سەدان مرۆڤی ئێمە له وڵات به‌ڕێ ده‌که‌ن؟ کێیان بەرگرییان لە منداڵ و گەنجەکانمان کرد، بۆئەوەی نەکەونە دەست گرووپەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ؟ بەپێی دەرکەوتە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکان، خراپ بەڕێوەبردنی وڵات و بێزاری و بێ ئومێدی هۆکاری پاڵنەربوونە بۆ جێهێشتنی کوردستان.
وا دەردەکەوێت کە، کۆچکردنی بەشێک لە هاووڵاتییە نەیارەکانی چەقبەستوویی سیاسی و خراپبوونی دۆخی ئابووری و گەندەڵی و بێ مافی، لە بەرژەوەندی سەرکردە و خاوەن بڕیارەکانی نێو حکومەتی هەرێم بێت.
بە درێژایی ساڵانی رابردوو خواست بۆ نەمانی نەیارە مەدەنییەکانی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە کوردستان زۆر زیاتر بووە لە خواست بۆ نەمانی نەیارە سیاسییەکان، بەم جۆرە مامەڵە بێباکەی ئێستای حکومەتیش بەشێک لەو راستییە دەردەکەوێت.
شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بیانوویەکی بەهێز نییە بۆ پشتکردنە هەزاران گەنجی وڵاتەکەمان، چونکە لە بنەمادا شەڕی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەبێت لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و وڵات بێت. بەڵام بازرگانی و خۆ دەوڵەمەندکردن و هەژارکردنی هاووڵاتیان، وەک دەستکەوتەکانی شەڕ بۆ بڕیار بەدەستە سیاسییەکان بەردەوامی هه‌یە.
په‌یامه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم گومانه‌کانی ئاره‌زوومه‌ندی ناوه‌نده‌کانی بڕیار بۆ کۆچی به لیشاوی هاووڵاتیانی ناڕازی له شێوه‌ی حوکمڕانی هه‌رێم زیاد ده‌کات. به تایبه‌ت له‌و شوێنه‌ی ده‌ڵێت "هەموو جیهان بەرپرسە لەوەی گەلی كوردستان بپارێزن و رێگە لە دووبارەبوونەوەی كارەسات لە ژیانی ئینسانی كورد بگرن.
كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە ئاوارەیی و تراژیدیا و نەهامەتییەكانی گەلی كورد بێت و لەسەر خاكی خۆیان بە ئاشتی و سەربەرزی بژیین." وه‌ک ئه‌وه‌ی حکومه‌ت خۆی به‌رپرسیار نه‌بێت له رێگریکردن له هۆکاره‌کانی کۆچکردن و ئاواره‌یی مرۆڤی کورد له ئێستادا. بۆیه جەنگ و تیرۆر بەر لەوەی بڕیار و هەنگاوی سیاسی بن، بونیادنانی سەرمایەی دارایی و بازرگانیین، خۆبەچەقکردنی بڕیار و دەسەڵاتەکانە.
ئەمەش لەسەر ئەستۆی هاڕینی گۆشت و خوێنی مرۆڤەکانه، لەسەر بنەمای برسێتی و دەستدرێژی سێکسی بۆسەر قوربانیانی شەڕ و ئاوارەکردنیانه. کۆی بێباکییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کۆچی هاووڵاتییه‌کانی به بیانووی بوونی شه‌ڕ، بریتییه له گڵۆپی سه‌وزی ره‌زامه‌ندی جێهێشتنی کوردستان.