دیسان بە تاڵانبردنی سامانی گشتی

نیاز عەبدولآ
دیسان بە تاڵانبردنی سامانی گشتی
(پێدانی بودجەی حزبەكان لە نێوان راوە دینار و رێگرتن لە كۆمەكی دارایی بیانی)

بوونی یاسای پێدانی بودجەی حزبەكان لە هەرێمی كوردستان پێویستییەكی یاسایی گرنگە، دەبوو ساڵانێكی زۆر بەر لە ئێستا پێدانی بودجەی حزبە كوردستانییەكان لە رێگای یاسایەكی تایبەتەوە رێكبخرایە. لە ئێستاشدا پەرلەمانی كوردستان كە لەسەروبەندی گفتوگۆكردن دایە لەسەر پرۆژە یاساكە دەبێت بپرسین: بە چ جۆرە یاسایەك رێكدەخرێت؟ بەتایبەت كە ساڵانێكی زۆرە دوو حزبە خاوەن رێكەوتنە ستراتیجییەكە بودجەی گشتییان بۆ بەرژەوەندی و خزمەتكردنی نفوزی حزبییان بەكارهێناوە.
ئەوەی وەك پرۆژە یاسا لە لایەن لیژنەی كاروباری یاسایی و لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری و وەبەرهێنان و لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەكانەوە، پێشكەشكراوە و بڕیارە ببێتە یاسا پەسندكراوەكە بۆ گفتوگۆی ئەمڕۆی پەرلەمانتاران 24ی تەمموز، پڕە لە كەموكورتی و كەلێنی یاسایی گەورە. بەجۆرێك حەوت بڕگە تەرخانكراوەكەی ماددەی دووەمی یاساكە ئەوەندەی خۆی لە شێوازی تاڵانكردنی بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان دەبینێتەوە، خۆی لە شێوازی رێكخستنی پێدانی بودجەی حزبە كوردستانییەكان نابینێتەوە.
بەتایبەت لە ماددەی دووەمی یاساكەدا لە بڕگەی یەكەم ئەوە دەستنیشانكراوە كە كورسی پەرلەمان كراوەتە بنەما و بۆ هەر كورسییەكیش بڕی 60 ملیۆن دینار تەرخانكراوە. تا ئێرە سەرەڕای ئەو بڕە پارە زۆرەی كە دیاریكراوە لە بودجەی گشتی بۆ هەر حزبێك هێشتا ئاساییە، بەڵام بەیاساییكردنی تاڵان لە بودجەی گشتی لێرەوە دەست پێدەكات، سەرنج بدەنە بڕگەكانی تری ماددەی دووەمی یاساكە، كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
بڕگەی دووەم: ژمارەی كوردسییەكانی دوایین دوو خولی پەرلەمان بۆ هەر حزبێك كۆدەكرێتەوە، هەر حزبێكی كوردستانی لە یەكەم خولی پەرلەمانەوە كوردسییەكانی بۆ كۆی ژمارە كورسییەكانی زیاد دەكرێت بە مەرجێك لە هەر خولێك لە چوار كورسی كەمتر نەبێت.
بڕگەی سێیەم: هەر حزبێك بەشداری هەڵبژاردنی خولی بەردەوامی پەرلەمانی كوردستانی كردبێت و كورسی بەدەست هێنابێت، بەڵام رێژەی 40% یان زیاتری دەنگی پێویستی بۆ كورسی بەدەست هێنابێت بەهای دوو كورسی بۆ هەژمار دەكرێت.
بڕگەی چوارەم: هەر حزبێك بەشداری خولی بەردەوامی پەرلەمانی كردبێت و كورسی بەدەست نەهێنابێت، بەڵام 20% - 39% ی دەنگی پێویستی بەهای كورسی هێنابێت، بەهای یەك كورسی بۆ هەژمار دەكرێت.
بڕگەی پێنجەم: هەر حزبێكی بەشداربوو لە خەباتی رزگاریخوازی كوردستان بە هەمان ناو كە خاوەن یەك كورسی بێت لە خولی بەردەوامی پەرلەمانی كوردستاندا دوای كۆكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی خولی پێشوو، بە بەهای دوو كورسی كۆمەك دەكرێت.
بڕگەی شەشەم: هەر حزبێك پێش راپەڕین بەشداری خەباتی رزگارخوازی كوردستانی كردبێت و لە خولی بەردەوامی پەرلەماندا كورسی هەبێت نابێت لە 300 ملیۆن دینار كەمتر وەربگرێت.
بڕگەی حەوتەم: هەر حزبێك یان قەوارەیەكی سیاسی، كە خاوەن كورسییە كۆتاكانی خولی بەردەوامی پەرلەمانە تەنها یەك كورسی بۆ هەژمار دەكرێت، بەهای ئەو كورسییەش مانگانە 80 ملیۆن دینارە بەدەر لە حوكمی بڕگەی یەكەمی ئەم ماددەیە.
ئەم بەیاساییكردنەی تاڵانی بودجەی گشتی كە خۆی راوە دیناری عێراقیدا بەرجەستە دەكات، لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان لەبەردەم قەیرانێكی دارایی گەورە دایە و بەپێی وتەكانی وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمیش بوجەی هەرێمی كوردستان بەبڕی پێنج ملیار دۆلار كورتی هێناوە. هاوكات حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەپێدانی مووچەی فەرمانبەرانی دوادەكەوێت و ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بژێوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەبەردەم كێشەدایە. تەنانەت بەشێك لە كۆمپانیاكان كرێكارەكانیان بەهۆی وەستانی بازاڕی كاریان ناردۆتە ماڵەوە.
زۆر بە روونی لەم یاسایەدا دیارە پارتی دیموكرات و یەكێتی نیشتیمانی وەك ساڵانی رابردوو حزبە سوودمەندەكان دەبن بە پلەی یەكەم. بەڵام پرسیارە گەورەكە لێرەدا ئەوەیە، ئایا بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی بەشێك دەبن لە هەنگاوەكانی چوونە پێشووەی ئەم یاسایە بەم شێوە ناوەڕۆكە تاڵانچییە؟ ئەوان دەبێت بیسەلمێنن پەیامەكانی چوار ساڵی رابردوویان دروشم بووە یان كردار؟
كەلێنێكی گەورەی یاسایی تر كە لەم پرۆژە یاسایەدا شوێنی نەكراوەتەوە و پێویستە بچەسپێندرێت، رێگریكردنە لە هێنانی كۆمەكی دارایی بیانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی. چونكە خودی ئەم یاسایە بەم شێوەیە دەروازە دەكاتەوە بۆ وەرگرتنی كۆمەكی بیانی لە وڵاتانی تر كە دەكرێت ئەجێندای سیاسی تریان هەبێت، بە تایبەت گرووپەكانی بەرژەوەندی و گرووپە تیرۆریستییەكان.
لەگەڵ ئەوەشدا یەكێك لە خاڵە زۆر گرنگەكانی دەرچوونی ئەم یاسایە لە ماددەی چوارەمدا بەرجەستە دەبێت، ئەویش ئەوەیە: بەپێی سیستەمی ژمێریاری كارپێكراو لە هەرێمدا پاكسازی بودجەی حزبەكان ئەنجام دەدرێت كە دەكەونە ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی.
هاوكات خاڵێكی گرنگی تری ئەم یاسایە گواستنەوەی مامەڵەكردنی حزبەكانە لەگەڵ بودجە بە شێوەیەكی رێكخراو و دیار.
ئەوەی ماوەتەوە بوترێت ئەم پرۆژە یاسایە بە دروستی رووی راستەقینەی هەر هێزێكی سیاسی لە رێگای پەرلەمانی كوردستان دەردەخات و هەنگاوەكانی دروشم بۆ كردار ئاشكرا دەكات.

24/07/2014



وتارەکانی تری نوسەر