هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سویسرا و ده‌رئه‌نجامه‌کانی
هیوا ناسیح *
رۆژی یه‌کشه‌ممه واته ١٨ ی ئه‌م مانگه دوا رۆژی ده‌نگدان بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان (ئه‌نجومه‌نی پیران)ی سویسرا، په‌رله‌مانی ئه‌م وڵاته ٢٠٠ کورسییه، که به پێی زۆر و که‌می رێژه‌ی دانیشتوان به سه‌ر کانتۆنه‌کاندا دابه‌شکراوه، هاوکات ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کانیش که له ٤٦ کورسی پێک دێت هه‌ر چوار ساڵ جارێک سازده‌کرێت.بۆ ئه‌م هه‌لبژاردنه ٢٩ حزب و کیانی سیاسی و ٣٨٠٠ کاندیدات کێبهركێیان ده‌کرد. ژماره‌ی ٥،٢ میلیۆن که‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بوو، به‌ڵام رێژه‌ی به‌شداربووان له ده‌نگداندا ٤٨،٣ له سه‌تا بوو (هه‌ڵبژاردنی رابردوو ٤٨،٥ بوو).به پێی دوا هه‌واڵه‌کان ئه‌نجامه‌کانیان، که دوای چوار سه‌عاتێک له داخستنی سندوقه‌کان راگه‌یه‌ندرا به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بوو:
(ژماره‌کان رێژه‌ی ده‌نگی حزبه‌کانه، ژماره‌ی ناوکهوانهکانیش رێژه‌ی که‌م یان زیادکردنی ده‌نگه‌کانه )به رێژه‌ی سه‌دی)(:
پارتی گه‌لی سویسری (+ ٢،٩) ٢٩.٥
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی سویسری (- ٠،٢) ١٨.٩
پارتی لیبراڵی دیموکراتی (+١،٢) ١٦،٣
پارتی گه‌لی دیموکرات مه‌سیحی (- ٠،٢)١٢،١
پارتی سه‌وزی سویسری (- ١،٥) ٦،٩
پارتی لیبراڵی سه‌وز ی سویسری (- ٠،٨) ٤،٧
پارتی هاووڵاتیانی دیموکراتی سویسری (- ١،٣) ٤،١
وه‌ک ده‌رکه‌وت له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، پارتی گه‌لی سویسری (ڕاستڕه‌و) گه‌وره‌ترین براوه‌یه و و دوای ئه‌و پارتی لیبراڵی دیموکراتی (ڕاستڕه‌و) براوه‌یه، پاشان سۆسیالدیموکرات (چه‌پ و پێشکه‌وتوخواز) و دیموکرات مه‌سیحییه‌کان (میانڕه‌و) به‌رێژه‌یه‌کی که‌م که‌میان کردوه، هه‌ردوو پارته‌کانی سه‌وز (چه‌پ) سه‌وزی لیبرال (میانڕه‌و) وه پارتی هاوڵاتییانی دیموکرات (ڕاستڕه‌وی لیبراڵ) دۆڕانی به‌رچاویان به‌رکه‌وت!
رێژه‌ی کورسییه‌کانی ئه‌و حزبه سه‌ره‌کیانه دوای هه‌ڵبژاردنه‌که به‌م شێوه‌یه گۆرانکارییان به‌سه‌ردا دێت، (ژماره‌ی نێوان که‌وانه‌که بڕی کورسی زیاد یان که‌مبوونه، ژماره‌که‌ی ده‌ره‌وه‌ی که‌وانه‌که ژماره‌ی داهاتووی ته‌واوی کورسییه‌کانه).
پارتی گه‌لی سویسری (+ ١١) ٦٥
پارتی سۆسیال‌دیموکراتی سویسری (-٢) ٤٤
پارتی لیبراڵی دیموکراتی (+٣) ٣٣
پارتی گه‌لی دیموکرات مه‌سیحی (- ١) ٢٨
پارتی سه‌وزی سویسری (-٥) ١٠
پارتی لیبراڵی سه‌وز ی سویسری (- ٦) ٦
پارتی هاووڵاتیانی دیموکراتی سویسری (- ١) ٨
سویسرا نزیکه‌ی ٨ میلیۆن دانیشتوانی هه‌یه وله ٢٦ کانتۆن (هه‌رێم) پێک دێت (شه‌شیان نیوه کانتۆنه) هه‌ر کانتۆنێک ده‌ستور و یاسای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئاڵا و په‌رله‌مانی ناوچه‌یی. له‌م وڵاته سه‌رۆکی وڵات و سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌ر یه‌ک که‌سه، یان راستر بڵێین سه‌رۆکی وڵات بوونی نییه!! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌وتۆته ناوه‌ڕاست و چه‌قی ئه‌وروپاوه به‌ڵام ئه‌ندام نییه له یه‌کێتی و بازاڕی ئه‌وروپا، چه‌ند جارێک له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته راپرسییان کردوه، به‌ڵام هه‌موو جاره‌کان زۆرینه‌ی خه‌ڵک له‌گه‌ڵدا نه‌بوونه ببنه ئه‌ندام له‌وێدا. له‌م وڵاته حزب ده‌بێت خۆی خۆی بژێنێت و حکومه‌ت باربووی هیچ حزبێک ناکات.
په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی کانتۆنه‌کان له مانگی دوانزه‌دا کابینه‌ی نوێی حکومه‌ت هه‌ڵده‌بژێرن، که له حه‌وت وه‌زیر پێک دێت و دواتر یه‌کێک له‌و حه‌وت که‌سه سه‌ره‌ڕای وه‌زاره‌ته‌که‌ی خۆی به سه‌رۆکی وڵات هه‌ڵده‌بژێردرێت، که ماوه‌که‌ی ساڵێکه و ته‌نها یه‌ک جاری تریش ده‌توانێت خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه، واته به هه‌مووی دوو ساڵ.
له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا پارتی گه‌ل، که راستڕه‌وه بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن زۆر ته‌رکیزی خسته سه‌ر دۆسیه‌کانی هاتنی زۆری بیانییه‌کان بۆ کار و ژیان له سویسرا (بۆنمونه خه‌ڵکی وڵاتانی تری ئه‌وروپا) و مه‌ترسی لێشاوی په‌ناخوازان (ناویاننا کێشه یان قه‌یرانی په‌ناخوازان)، هه‌روه‌ها خۆپارێزی و دوورگرتن (تا ڕاده‌یه‌ک داخراو) به‌سه‌ر یه‌کێتی و بازاڕی ئه‌وروپادا.
به‌رامبه‌ر ئه‌مه سه‌وزه‌کان زیاتر تیشکۆیان خسته سه‌ر پاکڕاگرتنی ژینگه، داخستنی کوره‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ به‌ساڵاچووان و موچه‌ی کار ...هتد
سۆسیالدیموکرات زیاتر دۆسیه‌کانی کرانه‌وه به‌رووی ئه‌وروپا و جیهان، مامه‌ڵه‌کردنێکی دادوه‌رییانه له‌گه‌ڵ کێشه‌ی په‌نابه‌ران، که‌مکردنه‌وه‌ی باج، که‌مکردنه‌وه‌ی کرێی خانوو، موچه و هه‌لی کار و...هتد یان جوڵاند. ئه‌مان ته‌نها دوو کورسیان که‌مکرد، زۆربه‌ی جار هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سه‌وزه‌کان ده‌که‌ن، که ئه‌وانیش چه‌پن، به‌ڵام شکستی سه‌وزه‌کان (- ٥ کورسی) ناڕاسته‌وخۆ زیانه بۆ ئه‌مانیش.
ئێستا که راستڕه‌وه‌کان نزیکه‌ی سێیه‌کی په‌رله‌مانی وڵاته‌که‌یان که‌وته ده‌ست، چاوه‌ڕێ ده‌کرێت، نزیکبوونه‌وه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌وروپا هه‌روه‌ها داخستنی کوره‌ی وزه‌ی ئه‌تۆمی خاوبکه‌نه‌وه و سستی بکه‌ن. هه‌روه‌ها یاسا و مامه‌ڵه‌یه‌کی توندتر له‌گه‌ڵ په‌ناخوازن و خه‌ڵکانی بییانی په‌یره‌و بکه‌ن. چونکه ئه‌مانیش دواجار له‌گه‌ڵ حزبه راستره‌وه‌کانی تر ده‌توانن هاوپه‌یمانه‌تی بکه‌ن.
حزبی سۆسیال‌دیموکراتی سویسرا یه‌کێکه له دوو حزبه سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌م وڵاته. له ئێستادا فراکسیۆنێکی ٥٧ کورسییان له سه‌رجه‌می ٢٠٠ کورسی په‌رله‌مان هه‌یه، دووان له حه‌وت وه‌زیره‌که‌ی حکومه‌تی سویسرایان پێکهێناوه (ناوخۆ و داد) له‌م حزبه‌ن. وه‌زیری داد و پۆلیس خاتوو (سیمۆنیتا سوماروگا) هاوکات بۆ ماوه‌ی ساڵێکه سه‌رۆکی کابینه و وڵاتیشه. ئه‌م حزبه چه‌پ و پێشکه‌وتووخوازه دۆستی کورده، و تێگه‌یشتنی زۆری بۆ ره‌وشی په‌ناخوازن و خه‌ڵکانی بیانیی هه‌یه و به مافی خۆیان ده‌زانێت بێن و مافی په‌نابه‌رییان پێ ببه‌خشرێت، که بیسه‌لمێنن له وڵاته‌که‌یان ژیانیان له مه‌ترسیدایه.
گروپی (په‌رله‌مانتارانی سویسرا بۆ دۆستایه‌تی گه‌لی کورد، زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌کانی له په‌رله‌مانتاره‌کانی ئه‌مان پێکهاتوه و یه‌کێک له هاوسه‌رۆکی گروپه‌که‌ش که کارلۆ سوماروگا یه ئه‌ندامی ئه‌م حزبه‌یه، که خۆشبه‌ختانه بۆ ئه‌م خوله‌ش هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه. ئه‌م گروپه کاتی خۆی ساڵی ٢٠٠٧سهرۆکی په‌رله‌مانی کوردستان (عه‌دنان موفتی)یان داوه‌تکرد بۆ سویسرا، پاشتر ساڵی ٢٠٠٨ وه‌فدێکی ئه‌مان سه‌ردانی په‌رله‌مانی کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌ی کرد، که کارلۆ سوماروگاشیان له‌گه‌ڵدا بوو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێک سیمینار و کۆنفرانسیان له باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی سویسرادا سازکردوه، که نوسه‌ری ئه‌م وتاره ئاماده‌ی زۆریان بووه.
پاش جیاکردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانیش ده‌رکه‌وت که کچه کوردی باکور، سیبیل ئه‌رسه‌لان، ته‌مه‌ن ٣٥ ساڵ و پیشه‌ی پارێزه‌ره، بووه یه‌که‌م کچه په‌رله‌مانتاری کورد و بیانی له په‌رله‌مانی سویسرادا. ناوبراو له کانتۆنی بازل و له سه‌ر لیستی پارتی سه‌وز خۆی کاندید کردبوو، ئه‌م کچه کورده ساڵی ١٩٩١ له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا وه‌ک په‌نابه‌ر هاتۆته سویسرا و ساڵی ٢٠٠٤ ره‌گه‌زنامه‌ی سویسری وه‌رگرتوه.
دیاره رکابه‌ری سه‌ره‌کی پارتی گه‌لی ڕاستڕه و پارتی سۆسیالدیموکراته، له به‌رئه‌وه‌ی پارتی گه‌ل زۆر ئه‌ندامییان میلیۆنێر و خاوه‌نکار (بزنسمان)ی گه‌وره‌ن بۆیه زۆربه‌ی کۆمپانیای پڕوپاگه‌نده و بانگه‌شه‌ی رۆژنامه و گۆڤاره‌کان پێش هه‌ڵبژاردنه‌که هی ئه‌مان بوو. زۆر سودیان له کاره خراپ و نایاساییه‌کانی خه‌ڵکانی په‌نابه‌ر و بیانی بینی، وه خراپ که‌ڵکیان لێوه‌رگرت و ده‌نگده‌ری سویسرییان دژ به بیانیی هانده‌دا. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو وایکرد ده‌نگێکی زۆر ببه‌نه‌وه و ته‌نانه‌ت کچه‌که‌ی سه‌رۆکی پێشووی پارته‌که (کریستۆفه‌ر بلۆخهر) که زۆر دژی بیانییه ده‌نگی پێویستی هێنا و گه‌یشته په‌رله‌مان.
به کورتی راسته راستڕه‌وه‌کان له‌م خوله‌دا بردیانه‌وه و سێیه‌کی په‌رله‌مانیان برد، به‌ڵام چه‌په‌کانیش (سۆسیالدیموکرات و پارتی سه‌وز) که‌م نین و سێیه‌کی په‌رله‌مان ده‌بن، که به گشتی دۆستی په‌نابه‌ران و نه‌ته‌وه‌ی کوردن. گه‌لی کورد به گشتی و باشور به تایبه‌تی ده‌توانن سود له په‌یوه‌ندییه‌کانیان ببینین. گرنگیشه کوردانی دانیشتووی سویسرا هاوکاریی ئه‌م پارته بکه‌ن و ببنه ئه‌ندامیش تێیدا.
ناساندنی وڵاتێکی وه‌ک سویسرا که وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌و ئیتنییه، له‌وپه‌ڕی خۆشگوزهرانیو ئاشتیدایهو ئابورییه‌کی به‌هێزی هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی هیچ نهوتو کانزایهکیشی هه‌بێت، نمونه‌ی که‌مه لەجیهاندا، بۆ خه‌ڵکانی وڵاتی ئێمه زۆر گرنگ‌و به‌بایه‌خه، به‌ڵام ئه‌مه پێویستی به‌کتێبێکی سه‌ربه‌خۆیه. به‌نده به‌نیازم له‌ئاینده‌یه‌کی نزیکدا کتێبێکی له‌م جۆره بنوسم، به‌هیوام بتوانم ئه‌م خزمه‌ته بەخوێنهرو کتێبخانه‌ی کوردی بگه‌یه‌نم.
* ئه‌ندامی پارتی سۆسیال‌دیموکراتی سویسرا (ئێس پێ).
22/10/2015
وتارەکانی تری نوسەر