پرسیارێک؟
ئاریان تاوگۆزی*
یه‌کێک له تیۆرییه‌کانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان تیۆری ڕیالیستی یه که به بۆچونی من پڕاوپڕ له‌گه‌ڵ بارودۆخ و کێشه‌ی کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ده‌گونجێت و پراکتیزه ده‌کرێت له‌لایه‌ن ووڵاتانی جیهان و به‌تایبه‌تی زلهێزه‌کان و به تایبه‌تی تریش ئه‌مریکا وخۆرئاوا به گشتی. پراکتیزه‌کردنی ئه‌و تیۆرییه له‌سه‌رمان نه‌ک ته‌نها له‌گه‌ڵ ئێستاماندا یه‌کده‌گرێته‌وه به‌ڵکو پڕ به باڵای مێژووی هاوچهرخیشمان دوراوه.
بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی ئه‌و تیۆریه یان قوتابخانه‌یه ئه‌وه‌یه که جیهان خاوه‌نی سیسته‌مێک نیه و (ئهنهرکی) پاشاگه‌ردانی زاڵه به‌سه‌ریدا و ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان بێده‌سته‌ڵاتن و یاسای نێوده‌وڵه‌تی ته‌نها بۆ سزادان و تۆقاندنی لاوازه‌کانه که لاساری ئه‌که‌ن و گوێ له زلهێزه‌کان ناگرن. هه‌روه‌ها ئه‌و ڕێکخراوانه بۆ په‌رده‌پۆش کردنی کاره نایاسایی و دوور له بنه‌ما سهرهتاییهکای مرۆڤایه‌تی وڵاته دهستهڵاتدرهکانه، بۆ زیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی جیهانی یه‌که‌م و جه‌مسه‌ری باکوره و قه‌رزار بارکردن و گێلاندنی جیهانی سێیه‌م و جه‌مسه‌ری باشور. ئه‌و ڕیکخراوانه هه‌ر له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و بانکی نێوده‌وڵه‌تی و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و ئه‌وانی تریش.
له تیۆری ڕیالیستدا ته‌نها پێویسته پشت به هێزی خۆت ببه‌ستیت و له هه‌موو که‌س و وڵاتیك به گومانه‌وه بڕوانیت،ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆت بۆ هه‌میشه له یاد بێت نه‌ک که‌سانی تر. هیچ کاتێک دۆست و دوژمنی هه‌میشه‌یت نابێت به‌ڵکو به‌رژه‌وه‌ندی هه‌میشه‌یت ده‌بێت. یه‌کێکی تر له بنه‌ما گرنگه‌کانی ئه‌م تیۆریه بۆ کورد ئه‌وه‌یه که باوه‌ڕی وایه "هه‌رگیز نابێت بگه‌یته ئه‌و بڕوایه‌ی که دڵنیا بیت ووڵاته‌کانی دراوسێت به نیازی چین" ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که کورد نابێت پشتوێنی لێبکاته‌وه و دڵنیای به‌خۆی بدات که له نیازی عێراق و تورکیا و ئێران و ده‌وڵه‌تی ئیسلامی تێداگات و پۆلێنیان بکات به دۆست و به دوژمن به‌ڵکو ده‌بێت شک و گومانی له کار و ڕه‌فتاری هه‌مویان هه‌بێت.
هه‌موو جیهان له دووره‌وه خه‌ریکی ته‌ماشاکردنی ئێمه‌ن له‌شه‌ڕی گه‌رم داین له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و شه‌ڕی ئابوری له‌گه‌ڵ عێراق و شه‌ڕی متمانه و مێژو و خاک له‌گه‌ڵ تورکیا و ئێران، به‌ڵام هه‌موو هاوکاری وڵاتانی به ناو ئازادیخواز چه‌ند پارچه چه‌کێک و هێرشی چه‌ند فڕۆکهیهکیانه و به‌ده‌نگی به‌رز ده‌ڵێن کورد و پێشمه‌رگه نوێنه‌ری جیهانی ئازاده له‌شه‌ڕی تیرۆردا، خه‌ریکه ئێمه‌ی کوردیش له‌خۆمان بایی ئه‌بین و ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه به‌بێ هیچ مه‌رجێک قه‌بوڵ ده‌که‌ین. ئایا ده‌کرێت له جیاتی ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه نوێنه‌رێکمان له ڕێکخراوه بێ که‌ڵکه‌که‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان بده‌نێ، یان هیچ نا نوێنه‌رێک له یاریه ئۆڵۆمپیه‌کان له قه‌ته‌ر.
پرسیاره‌که‌م لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ڕۆژانه له گفتوگۆداین له‌گه‌ڵ دراوسێکانمان عێراق و تورکیا و ئێران بۆ زیاتر له چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک به‌ڵام شتێکی ئه‌وتۆمان له‌و ڕێگایه‌وه به‌ده‌ست نه‌هێنا ئایا "ناکرێت نه‌خشه‌ی سنوری کورستان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌سه‌ر پشتی پاکه‌تێکی جگه‌ره بکێشین و له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی به نهێنیش بێت دابنیشن بڵێین ڕێز له‌م سنوره‌مان بگرن ئه‌وا واز له نوێنه‌رایه‌تی جیهانی ئازاد ده‌هێنین" ته‌نها پرسیارێکه و به‌س.
---------------------------------------------------------------------------------
* ماسته‌ر له دپلۆماسیه‌ت، یاسایی نێوده‌وڵه‌تی و گۆڕانکاریه جیهانیهکان له به‌ریتانیا
07/10/2014
وتارەکانی تری نوسەر