پارا و پرۆتۆ، کامیان؟ بۆ دیپلۆماسیه‌تی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان!
ئاریان تاوگۆزی*
دیپلۆماسیه‌ت به گشتی بریتیه له پیشه، چالاکی و شاره‌زایی به‌ڕیوه‌بردنی په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان که به گشتی له‌لایه‌ن نوێنه‌ری ئه‌و وڵاتان لهدرهرهوه ئه‌نجام ده‌درێت. ئه‌ڵبه‌ته کاروچالاکی دیپلۆماسی چه‌ندین به‌ش و په‌لی لێده‌بیته‌وه و به‌پێی قۆناغه مێژوییه‌کان پێناسه و بنه‌ماکانی دیپلۆماسیه‌تیش گۆرانکاری به‌سه‌ردا هاتوه. له پێناسه گشتیه‌که‌دا دوو خاڵی زۆرگرنگ ده‌که‌ونه به‌رچاو که ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به‌م باسه‌وه هه‌یه یه‌که‌م، په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی نێوان وڵاتان و دووه‌م نوێنه‌ری وڵاتان له‌ده‌ره‌وه.
کوردستان وه‌ک هه‌رێمێک له‌نێو چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقیدا ئه‌و پێناسه‌یه نایگرێته‌وه و کوردستان وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خاوه‌ن سه‌روه‌ری نیه. ده‌ستوری عیراقی مافی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و باڵیۆزخانه و کونسولیه دیپلۆماسیه‌کانی له ده‌ست حکومه‌تی ناوه‌ندیدا هێشتوه‌ته‌وه به پێی ماده‌ی 110 (1)، ئه‌ڵبه‌ته هه‌ندێک ماده‌ی ده‌ستوری عێراق پێویستی به شیکردنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه و چاوه‌ڕێی یاسایه له په‌رله‌مانه‌وه. ده‌ستور وه‌ک په‌یکه‌رێکی ئێسکیه و پیویستی به ماسولکه‌یه که خۆی له یاسا و له هه‌ندێک کاتیش‌دا بڕیاری دادگا هه‌یه بۆ تێگه‌شتن و به هه‌ڵه لهیهکنهدانهوه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه جیاوازه‌کان.
ماده‌ی 121 (4) مافی کردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی هه‌رێمه‌کان و پارێزگاکان ده‌دات له نێو باڵیۆزخانه‌کانی عیراق له‌ده‌ره‌وه که له بواری ڕۆشنبیری و کولتوری و کۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌شه‌پێداندا کاربکه‌ن. هه‌رێمی کوردستان ده‌توانێت و ده‌یتوانی باشتر سوود له‌م ماده ده‌ستورییه وه‌ربگرێت و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی کوردستان بهکاریبهێنایه به‌لام وه‌زاره‌تی عێراق و وه‌زیره کورده‌که‌ی بۆ زیاتر له 10ساڵ نه‌یتوانی ئه‌و هه‌له بقۆزێته‌وه و له بواری یاسایی دا نوسینگه‌کانی دره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم به یاسای بکرێت و بارێکی یاسایی و دیپلۆماسیان بۆ به‌ده‌ست بێنێت.
دیپلۆماسیه‌ت وه‌ک ئاماژه‌ی پێدراوه له‌سه‌ره‌وه زیاتر چه‌مکه کلاسیکهکهیهتی، به‌ڵام ئێستا دیپلۆماسیه‌ت و کاری دیپلۆماسی زۆر فراوانتر و به‌ربڵاوتره. هه‌رێم و شار هه‌ندێک جار به سیتی دیپلۆماسیش ناسراوه و کۆمپانیا و بگره که‌سایه‌تیه‌کانیش کاری دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان و به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی دۆزه‌که‌یان به هه‌مان شێوه ئه‌و که‌سانه‌ش که به کاری دیپلۆماسی هه‌ڵده‌سن گۆڕانکاری زۆری به‌سه‌ردا هاتوه و له دیپلۆماتکاره وه که پیشه‌یان بوو گۆڕاوه بۆ بازرگان، سیاسه‌تمه‌دار، وه‌رزشوان، هونه‌رمه‌ند، ئه‌ندامانی ڕه‌وه‌ندی ده‌ره‌وه، پیاوانی ئاینی، په‌رله‌مانتار و خوێندکاران و چه‌ندین توێژی تری کۆمه‌ڵگا به شێوازی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ کاری دیپلۆماسی ده‌که‌ن و هه‌ندێک ئاگادارن و زۆرینه‌ش بێ‌ئاگان که چالاکیه‌کانیان ده‌چێته خانه‌ی کاری دیپلۆماسیه‌وه. کاری دیپلۆماتکاره‌کان له‌م دۆخه‌دا به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و توانا و شاره‌زایی و په‌یوه‌ندیانه‌یه که له‌لایه‌ن چین وتوێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا دروست ده‌بێت که به ستراتیژ بکرێت و وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیانه بکرێت.
وه‌ک چۆن کاری دیپلۆماتکار گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتوه به هه‌مان شیوه دیپلۆماسیه‌تیش، هه‌رێم و و ناوچه و شاره‌کان هه‌ریه‌که‌یان به پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی که له ده‌ستور و یاسای وڵاته‌کانیان پێیان دراوه کاری دیپلۆماسیه‌ت و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌دن به ڕێژه‌یه‌کی که‌متر له وڵاتان و به شێوازێکی جیاوازتر له‌وان. هه‌رێمه‌کان به پێی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بواری دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان دیاری ده‌که‌ن و هه‌رێمێک بۆ هه‌رێمێکی تر جیاوازن. بۆ نمونه؛ هه‌ندێک هه‌رێم هه‌یه که ته‌نها له بواری ئابوری دا په‌یوه‌ندیه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی په‌ره‌پێده‌دات، هه‌ندێکی تر له بواری کولتوری، زانستی، یان زمانه‌وانی که دوایه‌مینیان زیاتر له هه‌رێمی کیوبیک ی که‌نه‌دی دا دیاره له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و وڵاتانی فرانکۆفۆنی (فه‌ره‌نسی زمان).
نه‌ته‌وه ژێر ده‌سته‌کان یان بێ ده‌وڵه‌ته‌کان گرنگیه‌کی زۆر به کاری دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ وڵاتان و هه‌رێم و پارتی سیاسی، ڕێکخراو و که‌سایه‌تیه‌کان بۆ پشتگیری له خه‌باتیان له گۆڕه‌پانی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یداکردنی دۆست و هاوخه‌م بۆ دۆزه‌که‌یان. کورد، فه‌له‌ستینی، تامیل، دانیشتوانی بیابانی ڕۆژئاوا و ئهمازیقهکان و که‌ته‌لۆنیه‌کان و به‌لوچ و تبیت و که‌شمیر له دیارترینیان.
دوو بواری زۆر گرنگی دیپلۆماسیه‌ت هه‌یه که په‌یوه‌ندیان به په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی یه‌که‌کانی وه‌ک هه‌رێم و ناوچه و شار و نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌کانه‌وه هه‌یه، ئه‌وانیش په‌یوه‌ستن به ستراتیژ و پلان و جیهان بینی ئه‌و یه‌کانه‌وه که، بۆچی کاری دیپلۆماسی و په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کانیان ده‌به‌ستن؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره دیپلۆماسیه‌تی ئه‌و یه‌کانه چی حکومه‌ته هه‌رێمیه‌کان له سیسته‌می فیدراڵیدا، شار یان ناوچه بێت ده‌کات به دوو چه‌مکه‌وه که جیاوازیه‌کی فراوانیان هه‌یه و هه‌ریه‌که‌یان له ئامانج و پرۆسه‌دا جیاوازن به پارادیپلۆماسی و پرۆتۆدیپلۆماسی ناسراون.
پارادیپلۆماسی Paradiplomacy که له وشه‌ی پارا –Para که یه‌که‌م بڕگه‌ی ووشه‌ی Parallel واته ته‌ریب و وشه‌ی دیپلۆماسیه‌وه هاتوه بریتیه له دیپلۆماسیه‌تی هه‌رێمه‌کان که هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ دیپلۆماسیه‌تی حکومه‌تی ناوه‌ند به‌ڕێوه‌ده‌چێت له ستراتیژ و به‌رنامه‌ی کاریاندا. به‌گشتی هه‌رێمه فیدرالیه‌کان و حکومه‌تی ناوه‌ند کۆک و هاوکارن و په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کانیان ته‌واوکه‌ری یه‌کترن و هه‌موو چالاکیه‌کان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولایه ئه‌ڵبه‌ته هه‌ندێک جار ده‌کرێت دژ به‌یه‌ک بوه‌ستن یان نهگونجانێت له بۆچوندا ڕوبدات. په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له پارادیپلۆماسیهت دا خۆی له چه‌ند خاڵێکدا ده‌بینێته‌وه له‌وانه؛ ناردنی نوێنه‌ر له سه‌ردانی فه‌رمی دا بۆ ده‌ره‌وه، ئیمزاکردنی ڕێکه‌وتننامه و یاداشتنامه‌ی له‌یه‌ک تێگه‌شتن و په‌یماننامه، به‌شداریکردن له کۆبونه‌وه و کۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تیه‌کان وه هه‌روه‌ها کردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی له ده‌ره‌وه.
پرۆتۆدیپلۆماسی جیاوازیه‌که‌ی له‌گه‌ڵ پارادیپلۆماسیدا ئه‌وه‌یه که‌م ئه‌م جۆره دیپلۆماسیه‌ت و په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیانه که هه‌رێمه فیدراڵیه‌کان و به‌تایبه‌ت تر نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌کان په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن ئه‌وه‌یه که ستراتیژیانه کار له‌سه‌ر جیابونه‌وه له حکومه‌تی ناوه‌ندی و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت و وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان ده‌که‌ن. پرۆتۆدیپلۆماسی له‌به‌رئه‌وه‌ی کار له‌سه‌ر جیابونه‌وه ده‌کات ئه‌وا خۆی له خۆی دا ناکۆکی و له هه‌ندێک کاتیش‌دا توندوتیژی له نێوان ئه‌و هه‌رێمانه‌ی ئه‌م شێوازه‌ی دیپلۆماسیه‌ت و په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیانه په‌یڕه‌و ده‌که‌ن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی ناوهندیهکانیاندا دروستده‌کات. حکومه‌ته ناوه‌ندیه‌کانیش دیپلۆماسیه‌ت بۆ دژه پرۆتۆدیپلۆماسی هه‌رێمه‌کان به‌کارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی جیابونه‌وه‌ی هه‌رێمه‌کان ڕونهدهن.
دیپلۆماسیه‌تی کوردی که ده‌کرێت بۆ چه‌ند شێواز و قۆناغ و چه‌مکه‌وه دابه‌ش بێت، که ده‌ڵێین دیپلۆماسیه‌تی کوردی مه‌به‌ستمان، پارته سیاسیه‌کانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان و ئه‌و وڵاتانه‌ی پارتی سیاسی کوردی لێیه، که‌سایه‌تیه‌کان، ڕێکخراوه ناحکومی و که‌سایه‌تی و ڕێکخراوه‌کانی ڕه‌وه‌ندی کوردی له تاراوگه و ئه‌و که‌س و لایه‌ن و ده‌زگا و ڕێکخراوانه‌ی که کار له‌سه‌ر ناساندنی دۆزی کورد ده‌که‌ن له ده‌ره‌وه و گرنگ نیه دیپلۆماتکارن یان نا وه هه‌روه‌ها گرنگیش نیه که بۆ چی پارت یان ئایدۆلۆژیا یان پارچه‌ی کوردستان کارده‌که‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی له ئه‌نجامدا هه‌وڵه‌کان هه‌مووی بۆ په‌یداکردنی دۆست و پشتگیریه بۆ دۆزی کورد ئه‌مه‌ش ده‌ڕژێته گۆمی کاره دیپلۆماسیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمیش.
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌ک هه‌رێمێک له ده‌وڵه‌تێکی فیدراڵ‌دا مافی هه‌یه په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی له‌گه‌ڵ وڵاتان و هه‌رێم و ڕێکخراوه جیهانیهکان ببه‌ستێت به‌ڵام به ڕێژه‌یه‌کی دیاریکراو که له ده‌ستوری عێراق دا ده‌ستنیشان کراوه. به‌دڵنیایه‌وه ئه‌و مافه‌ی له ده‌ستوری عیراقدا به حکومه‌تی هه‌رێم به‌خشراوه له بواری په‌یوه‌ندی ده‌ره‌کی ده‌توانێت ته‌نها له چوارچێوه‌ی پارادیپلۆماسی دا خۆی ببینێته‌وه. پرۆتۆدیپلۆماسی ناتوانێت له چوارچێوه‌ی ده‌ستوری وڵاتاندا جێگه‌ی بکرێته‌وه له‌به‌رئه‌وه‌ی که کار بۆ سه‌ربه‌خۆی جیابونه‌وه ده‌کات و حکومه‌تی هه‌رێمیش چاوه‌ڕێی ئه‌وه له ده‌ستوری عێراق و ده‌وڵه‌تی عیراق ناکات.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی باس و لێکۆڵینه و هه‌ڵوێسته‌یه که کێ خاوه‌نی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه، له ساڵی 1991 و پاش ڕاپه‌ڕین پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان دوو پارته سیاسیه حوکمڕانه‌که‌ی کوردستان بوون به سیسته‌می فیفتی به فیفتی ده‌ستیان کرد به فه‌رمانڕه‌وای به‌شێک له خاکی کورستان و ده‌کرێت بوترێت که له‌و کاته وه تا ئێستا سیاسه‌تێکی نیشتیمانی بۆ په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه بونی نیه و ئه‌و دوو پارته هه‌ریه‌که‌یان ستراتیژ و سیاسه‌تی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوو له کاروباری ده‌ره‌وه دا و له زۆربه‌ی کاته‌کاندا دژ به یه‌کبون و هه‌ریه‌که‌یان خۆیان به میحوه‌ر یان به‌ره‌یه‌کی ناوچه‌که‌وه به‌ستوه‌ته‌وه به ئێستاشه‌وه، یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له به‌ره‌ی ئێران و شیعه‌کاندایه و پارتی دیموکراتی کوردستانیش له میحوه‌ری تورکیا، سعودیه و سونه‌کانی ناوچه‌که‌دایه. ته‌نگه‌ژه‌ی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مێژووه‌که‌ی بۆ سه‌ده‌ها ساڵ ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئێران هه‌میشه جه‌مسه‌رێکی بوه و تورکیاش جه‌مسه‌رێکی تری به‌ڵام مێژووی تورکیا کورتتره. مێژووی هاوچه‌رخیش ده‌ڵێت زیاتر له سه‌ده‌یه‌که ته‌نگه‌ژه له نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌دایه که ده‌کرێت به به‌ره‌ی سونه - شیعه‌ش بناسرێت وه تا ئێستا به‌ره‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو به‌دی ناکرێت.
ئه‌و دابه‌شبونه وایکردوه که په‌یوه‌ندیه دیپلۆماسیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم کزۆڵتر له په‌یوه‌ندیه حیزبیه‌کان ده‌ربکه‌وێت و پارتی له‌به‌ر دوو هۆکار توانیویه‌تی به‌رپرسی یه‌که‌م بێت له کزۆڵکردنی په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم به به‌راورد به په‌یوه‌ندیه حیزبیه‌کانی. هۆکاری یه‌که‌م پارتی به به‌راورد به یه‌کێتی جومگه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌کانی بواری دیپلۆماسی له کوردستان به‌ده‌سته و له عێراقیش بۆ ماوه‌ی زیاتر له ده ساڵ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له لای ئه‌و پارته بوو. هۆکاری دووه‌م، پایته‌ختی وڵاتان جێگای کاری دیپلۆماسیه و هه‌چ لایه‌نێک بیه‌وێت له بواری دیپلۆماسی دا چالاک بێت پێویسته له پایته‌خت ئاماده‌ی هه‌بێت. یه‌کێتی پاش 31ی ئاب ساڵی 1996 هه‌ولێری چۆڵکردوهو و تا ئێستاش ئه‌و حیزبه و حیزبه‌کانی تر شه‌رمنانه له هه‌ولێر ئاماده‌ی و ده‌رکه‌وتنیان هه‌یه.
وه‌ک ئاماژه‌مان پێدا له‌سه‌ره‌وه حکومه‌تی هه‌رێم به پێی ده‌ستوری عێراقی مافی داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی تایبه‌ت به‌خۆی نیه، به‌ڵام له‌عێراق دا ده‌ستور شتێکه و کردار و سیاسه‌تکردنیش شتێکی تری زۆر جیاواز. به پێی ده‌ستور حکومه‌تی هه‌رێم پێویسته که پارادیپلۆماسی په‌یڕه‌و بکات و ئه‌و سیاسه‌ت و ستراتیژه‌ی له به‌غدا بۆ په‌یوه‌ندی ده‌ره‌وه داده‌ڕێژرێت به ته‌ریبی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌رێم په‌یڕه‌وی بکات، ته‌ریب نه‌ک یه‌کتر بڕ. له‌ماوه‌ی ڕابوردودا به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می حوکومڕانی مالیکی سیاسه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم که به ڕێژه‌یه‌کی زۆر سیاسه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو به به‌رده‌وام له یه‌کتربڕین دا بوو له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌تایبه‌تی له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ تورکیا، سعودیه، قه‌ته‌ر و پاشان کێشه‌ی سوریا و هه‌روه‌ها کاروباری نه‌وت و وزه که پشكیکی گه‌وره‌ی به‌ر په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کان و دیپلۆماسیه‌ت ده‌که‌وێت.
بانگه‌شه و هه‌وڵدان بۆ سه‌ربه‌خۆی و به‌ده‌ستهێنانی مافی چاره‌وی خۆنوسین ده‌چێته قاڵبی پرۆتۆ دیپلۆماسیه‌ته‌وه. له ماوه‌ی ڕابوردو دا ساڵی چه‌ند جارێک به پلان و بێ پلان له‌لایه‌ن سه‌رکرده‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و به‌تایبه‌تی پارتی یه‌وه باسی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی ده‌وروژێنرێت وه هه‌ندێک جار ئه‌و هه‌وڵ، بانگه‌شه، هه‌ڕه‌شانه که سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان تێپه‌ڕ ده‌که‌ن و که‌سانێک له‌ده‌ره‌وه هه‌وڵ بۆ په‌یداکردنی پشتگیری ده‌دات دیپلۆماسیه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم له پارادیپلۆماسیهتهوه بۆ پرۆتۆ دیپلۆماسیه‌ت ده‌گوازێته‌وه.
پرسیاره گرنگه که ئه‌وه‌یه که ئایا تا ئێستا سیاسه‌تێکی نیشتیمانیمان بۆ په‌یوه‌ندییه دهرهکیهکانمان هه‌بوو، ئایا تا ئێستا پارته سیاسیه به‌شداره‌کانی حکومه‌ته‌کانی هه‌ریمی کوردستان له ساڵی 1991 وه به‌شداربون له داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمدا، ئایا ئێمه سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌تمان هه‌بوه یان حیزب، ئایا داڕێژه‌رانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی کوردستانیان لهبهرچاوبوه یان حیزبه‌کانیان. ئایا که باس له حکومه‌تی هاوپه‌یمانی یان یه‌کێتی نیشتیمانی ده‌کرێت جگه له پارتی و به‌ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌متر یه‌کێتی هیچ لایه‌نێکی تر به‌شداره له داڕشتنی سیاسه‌تی ده‌ره‌ه‌وی هه‌رێم. ئایا ڕێکه‌وتنی لایه‌نه سیاسیه‌کان له‌سه‌ر دوایه‌مین کابینه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم گه‌ره‌نتی به‌شداری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌کگرتوی ئیسلامی تێدایه که کاریگه‌ریان له‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌بێت.
به گشتی په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌کیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم له ڕوی کرچ و کاڵی و بێ به‌رنامه‌ی و به حیزبی و به که‌سایه‌تی کردنه‌وه له کاروباره‌کانی تری ناوخۆی هه‌رێم باشتر نیه و پێویستی به هه‌ڵسه‌نگاندن و پیاچونه‌وه و ڕیفۆرمی بنچینه‌ی هه‌یه. پارا یان پرۆتۆ پێویسته گه‌لی کوردستان و پارته سیاسیه‌کان و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و کوردانی تاراوگه و به تایبه‌تی تر بۆ ئه‌م کابینه‌یه‌ی حکومه‌ت هه‌ر پێنج حیزبی به‌شدار بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه بده‌ن و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌نه‌وه.
______________________________________________
*ماسته‌ر له دیپلۆماسیه‌ت، یاسایی نێوده‌وڵه‌تی و گۆڕانکاریه جیهانیهکان له به‌ریتانیا.
*به‌رپرسی ڕێکخراوی خۆری سوور له به‌ریتانیا.
06/01/2015
وتارەکانی تری نوسەر